راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد
وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بۆ کوردستانی نوێ : هەركاتێك حكومەت بڕیاریدا تاكسی تازە بهێنرێت، ئێمە جێبەجێی دەکەین
سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای گواستنەوە بۆکوردستانی نوی : لەگەڵ گۆڕینی ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی دەرەوەی شارەکانداین، لەبەرئەوەی قەبارەیان بچووكە
بەهۆی زۆریی ماوەی مانەوەی سەرنشین لەناو ئۆتۆمبێلی هێڵەكانی نێوان شارەكاندا، پێویستە باشترین و فراوانترین ئۆتۆمبێل لە رووی قەبارەی بەشی ناوەوەی بۆ ئەو هێڵانە دابین بكرێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بە پێچەوانەوە چەندین ساڵە بێ كوالێتی ترین و بچووكترین ئۆتۆمبێل بۆ ئەو مەبەستە تەرخانكراوە، ئەمەش دەبێتە هۆی هەراسان بوونی ئەو سەرنشینانەی لەنێوان شارەكاندا هاتوچۆ دەکەن.
عیسمەت عەبدوڵڵا ژنێكی بە تەمەنی دانیشتووی شاری هەولێرە ساڵانە چەند جارێك بۆ سەردانی ماڵی كوڕەكەی بە تاكسی دەچێت بۆ شاری سلێمانی و وتی: هاتوچۆ کردن بەو تاكسییانە زۆر ناڕەحەتم دەکات، رێگەکە دوورە و دانیشتن تیایدا تووشی پشت ئێشە و قاچ ئێشەم دەکات، بۆیە بە ناچاریی دەبێت هەموو سەردانێکم بۆ سلێمانی كورسی پێشەوەی تاكسییەكە بە كرێ بگرم بە نرخێكی گرانتر، داواكارم لە لایەنی پەیوەندیدار وەك وڵاتانی جیهان هۆکاری دیکەی گواستنەوە بهێننە هەرێمی كوردستان یان بیانگۆڕن بە ئۆتۆمبێلی گەورەتر.
داواکاریی شۆفێران
بەپێی ئامارێکی لقی هەولێری سەندیكای گواستنەوەی كوردستان، ئەو ئۆتۆمبێلانەی ئێستا لە هێڵی دەرەوەی قەزا و ناحیەکاندا كاردەكەن ژمارەیان نزیكەی 1000 ئۆتۆمبێلە.
رۆستەم هاشم یەكێكە لە شۆفێرانی تاكسی هێڵی گواستنەوەی هەولێر – سلێمانی بۆ کوردستانی نوێ وتی: ئێمەی شۆفێری هێڵەكان زۆرینەمان پێمان باشە ئۆتۆمبێلی گەورەتر و فراوانتر لە كارەكانماندا بەكاربهێنین، بۆ سەرنشینەكانیش باشترە و بۆ رێگەی دەرەوەش گونجاوترە، لەبەرئەوەی ئەوەی ئێستا ئێمە بەكاریدەهێنین بۆ رێگەی دەرەوە گونجاو نییە، زۆرینە لێی
ناڕازین و كوالێتیشی خراپە، بۆ نموونە كێش و قورسایی كەمە و ئیستۆپی باش نییە و پلێتیان تەنكە، تەنیا لایەنە باشەكەی ئەوەیە نرخی کەلوپەلەکانی هەرزانە و بەنزینی كەمتر سەرف دەكات.
وتیشی: گۆڕینی ئەو تاکسییانە لە دەسەڵاتی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندندایە، ئێمەی شۆفێر ئەگەر حكومەتیش ئۆتۆمبێلمان بۆمان نەهێنێت تەنیا ژمارەمان پێبدات، دەتوانین خۆمان جۆری گەورەتر لە پێشانگاكان بكڕین، یاخود باشترە حكومەت بۆمان دابین بكات و بەشێكی پارەكەی بە شێوەی قیست بدەینەوە، كە لێخورینیان خۆشترە و دڵنیایی و سەلامەتیشی زیاترە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە دەبێت سێ سەرنشین لە دواوە سەرخەین كە جێگەكە بۆیان زۆر بچووكە و بەریەك دەكەون، لەبەرئەوە زۆرجار سەرنشینەكان لە نێوان خۆیاندا تووشی كێشە و دەمەقاڵێ بوون لەسەر جێگە، لەبەرئەوە ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلەی ئێمە بۆ هێڵی دەرەوەی شارەكان بەكاریان دەهێنین بە كەڵكی ئەو رێگە دوورە نایەت، ئەگەر ئێستا ئێمەی شۆفێران داواش بكەین، ئۆتۆمبێلەكەمانمان بۆ ناگۆڕن.
کۆنیی مۆدێل
ئەو تاکسییانەی بۆ گواستنەوە لە هێڵەکانی دەرەوەی شار بەکاردەهێنرێن مۆدێلیان تا 2014 یە.
زەكەریا عوزێر سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای گواستنەوەی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئێمە وەك لقی هەولێری سەندیكای گواستنەوە لەگەڵ گۆڕینی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەداین كە قەبارەیان بچووكە و سەرنشینەكان تا دەگەنە شارەكان لە ناویدا تووشی ناڕەحەتییەكی زۆر دەبن، لەبەرئەوەی بەشی دواوە بۆ سێ سەرنشین ناگونجێت بە تایبەت كە ماوەی گەشتەكانیش چەند سەعاتێك دەخایەنێت، ناشكرێت دوو سەرنشین سەربخەن، لەبەرئەوەی ئەوكات شۆفێرەكان تووشی زیانی دارایی دەبن، ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بۆ هاتوچۆی ناو شارەكان دروستكراون نەوەك بۆ هاتوچۆی نێوان شارەكان، بۆیە باشترە بگۆڕدرێن بۆ قەبارەی گەورەتر، بۆ نموونە لە ئیمارات زۆربەی ئۆتۆمبێلەكانی تاكسی قەبارە گەورەن، ئێمە وەك سەندیكا رای خۆمان وتووە واباشە لە داهاتوو هێڵەكانی دەرەوەی شار ئۆتۆمبێلی قەبارە گەورەتر و مۆدێل بەرزتری بۆ بهێنرێت كە نرخەكەشی گونجاوە.
وتیشی: وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن زۆر پرۆژەی بۆ گۆڕینی ئۆتۆمبێلی هێڵەكان پێشكەش كردووە، بەڵام كارەكانی هێشتا جێبەجێ نەكراوە، لەوانە داوایان كردووە ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2024 و 2025 بهێنرێن بۆ هێڵەكان و پێویستە وەزارەتی گواستنەوە داوا لە وەزارەتی ناوخۆ بكات بۆ ئەو مەبەستە.
سەرۆکی لقی هەولێری سەندیكای گواستنەوەی كوردستان ئاماژەی بەوەکرد، زۆرینەی تاکسی گواستنەوەی نێوان شارەکان بێجگە لە بچووكییەكەی مۆدێلی ئۆتۆمبێلەكەش كۆن بووە و ماوەی 10 ساڵە هیچ مۆدێلێكی تازە نەخراوەتە ناو ئەو هێڵانەوە، رۆژانە شۆفێران پەیوەندیمان پێوە دەكەن و داوای ئۆتۆمبێلەکان بە مۆدێل بەرز دەكەن، لە كۆندا ئۆتۆمبێلی جۆری سوپەر بوو كە قەبارەیان گەورە بوو، بەڵام دواتر بەهۆی كۆنییەوە مۆدێلیان گۆڕا بۆ ئەوانەی ئێستا.
پلانی وەزارەت
مۆڵەتی هێنانی تاکسی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ دەبێت، بەڵام رێنمایی رێكخستنی هاتوچۆکردنیان لەلایەن وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنەوە دەکرێت.
دیلان رەشاد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بۆ تاكسییەكانی هێڵی دەرەوەی شارەكان ئێمە وەك وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بۆ گۆڕینیان و پێداویستییەكانیان بەپێی مۆدێل دەکەین، ئەویش بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێم دەهێنرێنە هەرێمی كوردستان.
وتیشی: هەركاتێك حكومەت لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆ یان بازرگانی بڕیاریدا تاكسی تازە بهێنرێن، ئێمە ئامادەی جێبەجێ كردنین و پێشتریش بۆ ئەمە لەسەر هێڵ بووین و پرۆژەش هەبووە قسەی لەسەر كراوە و لە بەرنامەی وەزارەتیشدا بووە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەیوەندیدار تاكسی تازە بهێنرێت، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێك بۆ گۆڕینیان لە ئارادا نییە.