دیدار ئەبوبەكر خۆشناو*
پێشەكی زۆر سوپاس بۆ كوردستانی نوێ كە یاد و یادوەری د.ئەبوبەكر خۆشناوی باوكمان بەرز دەنرخێنێت، جێگای رێز و پێزانینە، ئێمە وەك بنەماڵەی خوالێخۆشبوو زۆر شانازی بە باوكمانەوە دەكەین، كار و كردەوەكانی وایكردووە لە هەموو كۆڕ و كۆبونەوەكاندا زۆر بە چاكە و باشەوە وەسفی بكەن، ئەمەش ئەوپەڕی سەروەت و سامانە كە باوكمان بۆ ئێمەی بەجێهیشتووە.
باوكمان لەسەرخۆ و هێمن بوو، زۆربەی كاتەكانی خەریكی نووسین و خوێندنەوە و وەرگێڕان بوو، تەنانەت كاتی خێزانەكەشی بۆ جێبەجێكردنی ئەرك و خزمەتكردن بە ئەدەب و رۆشنبیری تەرخان كردبوو، بە جۆرێك كەمترین بواری بۆ قسەكردن و گفتوگۆ لەگەڵ ماڵ و منداڵەكەیدا هەبوو. ئەمەش دەرخەری ئەو راستیەیە كە د. ئەبوبەكر خۆشناو زۆر پەیوەست بوو بە جێبەجێكردنی ئەو ئەركەی پێی سپێردرابوو.
هەر ئەو ئاستە رۆشنبیرییە بەرزەی وایكردبوو کە هەمیشە ئامۆژگاریمان بكات و دەیوت: «بەردەوام بخوێنن و بڕوانامەی بەرز بەدەست بهێنن»، ئەو تەواوكردنی خوێندنی خستبووە پێش هەموو كارێكەوە، پێیوابوو مەرجی سەركەوتنی گەنجان لە ژیاندا تەواوكردنی خوێندنەكەیانە.
هەروەها باوكمان بەردەوام دووپاتی دەكردەوە كە پلەو پۆست هیچ گرنگ نییە بەلامەوە، بەڵكو ئەو كار و خەباتەی دەیکەیت و ئەو خزمەتەی پێشكەشی نەتەوە و نیشتمانەكەتی دەكەیت، هەر ئەوەت بۆ دەمێنێتەوە و دەبێتە ناوبانگ.
لە كۆتاییدا سڵاو لە گیانی پاكی د. ئەبوبەكر خۆشناو و هەموو ئەوانەی بە قەڵەم و چەكەكانیان خەباتیان بۆ ئازادیی و رزگاری گەلی كوردستان كردووە، ئەوان بوونە رێنیشاندەری گەنجان و لاوان، تا لەسەر رێبازی كوردایەتی بەردەوامبن و خەڵكی كوردستان لە نائومێدیی رزگاربكەن.
*کوڕی سەرکردەی کۆچکردوو