راپۆرتی، تهها عهبدوڵلا
ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران، تەئكید لە هەڵوێستی حزبەكەیان دەكەنەوە لەوەی كە «یەكێتی هیچ بڕیارێك لە دەرەوەی ئیرادە و بەرژەوەندیی گەلەكەمان نادات و هیچ ئیرادەیەكی سەپێنراویش قبووڵ ناكات».
یەكێتیی هەمیشە لەگەڵ داخوازییەكانی خەڵكی كوردستاندا بووە
كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە لەگەڵ داخوازییەكانی خەڵكی كوردستاندا بووە و هەوڵیداوە پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی عیراقدا هەبێت، تا بتوانرێ ماف و شایستەكانی خەڵكی كوردستان زامن بكرێت، هاوكات پێگەی كورد بەهێزبێت وەك چۆن لە سەردەمی سەرۆك مام جەلال-دا بەهێزبوو، وتیشی: لەو پێناوەشدا، لەمیانی كۆبوونەوەی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران، جارێكی تر تەئكید لەسەر هەڵوێستەكانی یەكێتی كرایەوە، كە״یەكێتی هیچ بڕیارێك لە دەرەوەی ئیرادە و بەرژەوەندیی گەلەكەمان نادات و هیچ ئیرادەیەكی سەپێنراویش قبووڵ ناكات».
روونیشیكردەوە: لەپێناوی جێبەجێكردنی پلان و بەرنامەكانی خۆی لە بەغدا و بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سەرجەم لایەنەكاندا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك هێزێكی گەورە و كاریگەر لە عیراق و هەرێمی كوردستان، بڕیاریداوە بۆ لەمەولا قورسایی خۆی تەنیا لە هەرێمی كوردستان نەهێڵێتەوە، بەڵكو لە بەغداو شوێنەكانی دیكەش زیاتر و بەردەوام بوونی هەبێت، بەتایبەتی ناوچە دابڕێنراوەكان، وەك چۆن لە رابردوودا بەو جۆرە كاریكردووە.
بڕیارەكانی یەكێتی لە بەرژەوەندیی هەرێم و پڕۆسەی سیاسیی عیراقە
لای خۆیەوە، ئیمان ئامێدی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ كوردستانی نوێ، وتی: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك حزبێك كە مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە لە خەبات و تێكۆشاندا و بە حزبی شەهیدان و حزبی مام جەلال ناسراوە، كەس ناتوانێت ئیرادەی خۆی بەسەردا بسەپێنێت، چونكە بڕیارەكانی یەكێتی لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و پڕۆسەی سیاسیی عیراقە، بڕیارێك نادات لە دەرەوەی ئیرادە و بەرژەوەندیی میللەتەكەمان بێت.
ئامانجی یەكێتی، یەكڕیزیی كوردە لە بەغدا
هەر لەوبارەیەوە، دكتۆر گەیلان قادر وەك ئەندامێكی دیكەی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوەی بە كوردستانی نوێ راگەیاند: دوای ئەوەی وەفدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتیی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە بەغدا دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە عیراقییەكاندا كرد و هەڤاڵ بافڵ ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی بۆ ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران خستەڕوو، وتیشی: لەو كۆبوونەوەیەدا، هەڤاڵ بافڵ زۆر بەڕوونی باسی ئەوەی كرد كە ئامانجی یەكێتی، یەكڕیزیی كوردە لە بەغدا، لە بەرامبەریشدا هیچ ئیرادەیەكی سەپێنراو قبووڵ ناكات.
راشیگەیاند: هەر لە كۆبوونەوەكەدا، باس لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق كرا، كە یەكێتی و وەفدەكەی لە بەغدا لەكاتی كۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا، تەئكیدیان لەوەكردۆتەوە، كە دەبێت حكومەتێكی هەمەلایەنەی بەرپرسیار بێت، تا حكومەتێكی بەهێز و خزمەتگوزار پێكبهێنرێ و نوێنەرایەتی سەرجەم پێكهاتە و چینوتوێژەكانی عیراق بكات.