د. ئەبوبەكر خۆشناو فیداكارێکی سەرڕاست

11:47 - 2022-08-06
دووتوێ
637 جار خوێندراوەتەوە
سەرۆک مام جەلال و د . ئەبوبەکر خۆشناو

دوای تێپەڕبوونی یازدە ساڵ بەسەر كۆچی دوایی شاعیر و نووسەر و پێشمەرگە  د. ئەبوبەكر خۆشناو، ساڵانە بە چەندین شێوازی جیاواز یادی ئەو كەڵەپیاوە دەكرێتەوە و لەلایەن هاوڕێ و هاوسەنگەرانی باس لە قارەمانێتی و خۆڕاگریی دەكرێت، كە چۆن لە رۆژە سەختەكان و لە  نائومێدییەكانی دوای شۆڕشی ئەیلولدا جارێكی تر گەنجان و خوێندكارانی جۆشدەدایەوە كە هیچ كات كورد دەستبەرداری  خەبات و تێكۆشان بۆ ئازادی و رزگاری نابێت. هەموان بە داخن كە د.ئەبوبەكر خۆشناو لە تەمەنێكی زوو جێی هێشتین و ژیان بواری نەدا زیاتر خزمەتی میللەتەكەی بكات.

بەرگریی بە چەکی شیعر
لەوبارەیەوە د. ئەرسەلان بایز ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی ی.ن.ک لەیادی كۆچی دوایی ئەو سەركردەیەدا دەڵێ: ئەبوبەكر خۆشناو شاعیرێك بە چەكی شیعر بەرگریی دەكرد و هۆشیاریی لە نێوان كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا بڵاودەكردەوە و دامودەزگاكانی حكومەتی  ئەوكاتەی عیراقی رەت دەكردەوە، دواتر بێباكانە لە مردن جارێكی تر لە رێگای چەكەكەیەوە پەیوەندیی بە شۆڕشەوە كرد و سینگی خۆی دایە بەر گولـلە‌ و لە چەندین شەڕو داستانیشدا بەشداریكردووە.
لە روانگەی خەبات و تێكۆشانی خوالێخۆشبوو خۆشناو بە گەنجەكانی ئێستای میللەتەكەم دەڵێم ئەگەر ماندووبوون‌ و خەبات‌ و فیدركاری خەڵكانی وەك  ئەبوبەكر خۆشناو و هەزاران كەسی وەك ئەو نەبوایە، ئەم  ئەزموونەی ئێستای كوردستان هەروا لەخۆیەوە دوست نەدەبوو. یەكێك لە سەروەرییەكانی گەنجەكانی  سەردەمی ئێمەمانمان‌ و  یەكێك لە سەروەرییەكانی سەركردایەتی شۆڕش‌ و پێشمەرگە بە هەموو حزبەكانەوە، ئەو سەروەرییەیان بۆ دەگەڕێتەوە  كە تاكە سەركردەن توانیوایانە دەستكەوتەكانیان  لەبەرچاوبێت.
لێرەوە سەری رێزونەوازش دادەنوێنم  بۆ گیانی پاكی د. ئەبوبەكر خۆشناو و   خەڵكانی وەك ئەو، كە  سەربازی ونبوون و فیدكاربون، ئەوانە بەردی بناغەی ئەم ئەزمونەی كوردستانیان داڕشتووە .



شۆڕەسوارێکی کوردایەتی
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی  مەكتەبی سیاسی ی.ن.ک-یش وتی: ئەبوبەكر خۆشناو یەكێك بوو لە شۆڕەسوارەكانی  كوردایەتی، لە مەیدانی سیاسەت و لە مەیدانی ئەدەب‌ و لە بزووتنەوەكانی لاوان‌ و خوێندكاراندا،  تەنانەت لە رێكخستنیشدا، ئەو یەكێك بوو لە  كادرە هەڵكەوتووەكانی خۆشناوەتی، چونکە بە هەوڵ و تێكۆشانی خۆی لە بوارەکانی رۆشنیبری و سیاسی و پێشمەرگایەتی  خۆی پێگەیاند و شوێنی خۆی بە گوێری قۆناغە جیاوازەكان كردەوە.
ئەو رۆڵی كاریگەری هەبوو لەسەر ژمارەیەك لەو كادرانەی ئێستا كە لەریزەكانی رێكخستندا بوون، بەداخەوە زوو دڵە گەوەرەكەی لە لێدان كەوت کە هێشتا زۆر كار مابوو بیکات و زۆری بەبەرەوە مابوو و زۆریشی لە هەگبەدابوو، لەوەش دڵنابوو كە هەڤاڵەكانی‌ و نەوەكانی لەسەر هەمان رێباز بەردەوام دەبن.
هەروەک عیماد  ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی لە وەسفی د. خۆشناودا دەڵێت: سەرەتای دۆستایەتم لەگەڵ د.ئەبوبەكر خۆشناو لە كاتی پێشمەرگایەتیدا بوو لە ساڵی 1985، دواتر لە قۆناغە جیاوازەكانی خەبات‌ و كاری حزبی‌ و رێكخراوەییدا بەیەك دەگەیشتین‌ و زۆر نزیكبووین لە یەكترییەوە و زۆر جاریش هاوهەڵوێست بووین.
ئەو بەوەفا و  خاوەن هەڵوێست‌ و بیروباوڕی خۆی بوو،  پیاوێكی خاكی بوو، حەزو خۆشەویستیەكی تایبەتی هەبوو بۆ خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت و توێژی منداڵان، بەردەوام شانازیی بە خۆیەوە دەكرد كە چۆن  لە بنەماڵیەكی هەژار  پەروەردە بووە. هەر ئەمەش وایكردبوو  پەیوەندییەكی رۆحی لەگەڵ دایكیدا هەبێت، كە چۆن توانیوێتی بەو هەژارییە پەروەردەی بكات. لەدەستدانی   پیاوێكی وەك ئەبوبەكر  خۆشناو خەسارەتێكی گەورەبوو لە میللەتەكەمان‌ و لە یەكێتی ‌و خەڵكی هەژار و نەدار،  هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی.

پیاوێکی سەرڕاست 
 هەر لەوبارەیەشەوە ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی ی.ن.ک باسی رۆڵی خوالێخۆشبوو دەكات لە خەباتی رۆشنبیریی ‌و  پێشمەرگایەتیدا و دەڵێت:  هەڵویستەكان و بەرهەمەكانی د. ئەبوبەكر خۆشناو ئەوە دەگەیەنێت كە ئەو لە ژیانی خۆیدا بۆ بەرژەوەندیی گشتی‌ و میللەتەكەی كاریكردووە، لەدوای خۆشی ئەو میراتەی بەجێی هێشووە،  كە تەنیا  كتێب‌ و نوسین بووە لەلایەن بنەماڵەكەیەوە پێشكەش بە خوێنەران كراوە.
خوالێخۆشبوو زۆر زوو هاتە ناو كۆڕی خەبات ‌و تێكۆشان، لەكاتێكدا  لەو سەردەمەدا كارێكی ئاسان نەبووە، بەڵكو زەحمەت‌ و مەترسیداربووە، بەڵام ئەو  هەرزوو  دوای  نسكۆی شۆڕشی ئەیلول، لە رێكخستنە نهێنییەکاندا دەستی بە خەبات كردووە، خەباتەكەی تەنیا بە نهێنی نەبوو، بەڵكو لە رێگەی كۆڕ و كۆبوونەوەكان و شیعرەوە پەیامی خۆی گەیاندووە و لەو رێگایەوە گوزارشتی لە بارودۆخی خراپی كوردستان‌ و خەباتی و تێكۆشانی گەلەكەی دەکرد.
هەر لەسەرەتاوە تا كۆچی دوایی كرد پیاوێكی سەرڕاست بوو،  لەسەر هەمان رێباز بەردوامبوو، هیچ كات بیروباوڕی خۆی نەدەشاردەوە.

هەم بەقەڵەم و هەم بە تفەنگ
حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری هەرێمیش لە میانی رێوڕەسمی پیشکەشکردنی  کتێبخانە تایبەتەکەی خۆشناو بە کتێبخانەی گشتیی هەولێر لە وتەیەكیدا رایگەیاند: لەناو گەلی كورددا زۆرن ئەو شۆڕەسوارانەی كە لە بواری  رۆشنبیرییدا خزمەتیان بە گەل و نەتەوەیەكەیان كردووە، لەناو ئەوانەشدا زۆرن كە هەم بە قەڵەم و هەمیش بە تفەنگەكەیان بەشداربوون لە خەبات و بەرگریی لە كوردستان کە د. ئەبوبەكر خۆشناو یەكێكە لەو كەسایەتیانەی وەك پێویست یادی نەكراوەتەوە، رۆڵی بەرچاوی هەبووە و جێگای خۆیەتی باس لەخەبات و تێكۆشانی بكرێت،  ئەو بەهۆی ئەوەی لە رێكخستنی كۆمەڵەدا دەبێت  ناتوانێت لە سەردەمی خۆیدا درێژە بە خوێندن بدات و دێتە شاخ، وەك  پێشمەرگە و هاوکات لە بواری رووناکبیریشدا رۆڵی بەرچاو دەبێت، د. خۆشناو  لە بواری نووسین و وەرگێڕاندا جێدەستی دیارە، وەرگێڕان و بەرهەمەكانی بە زمانێكی پاراو بوو، هاوكات لەگەڵ ئەو قۆناغەی دەگونجا كە میللتەكەمان پێویستی پێی هەبوو.
بەڵام بەداخەوە نەخۆشی بواری پێنەدا و كۆچی دوایی كرد. 

پەیامی سەرهەڵدانەوە
كاوە محەمەد ئەمین پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان وەك هاوڕێیەكی دێرینی خوالێخۆشبووش دەڵێت: مێژووی ناسینی من و د.ئەبوبەكر خۆشناو بۆ ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە،  لەو سەردەمەدا ئەو وەك شاعیرێكی شۆڕشگێڕ و کوردپەروەر دەكەوت.
ئەوكاتە تازە  شوێنەوارەکانی نسكۆی شۆڕشی ئەیلول بەسەر گەلەكەماندا دەردەكەوت،  خۆشناو و ژمارەیەك شاعیری دیکە لە رێگای شیعرو بەرهەمە  ئەدەبیەكانیانەوە توانیان بەشێوازێكی تر پەیامی سەرهەڵدانەوەی شۆڕش و  دەستكردنەوە بە خەبات  و تێكۆشان بە گەنجان و میللەتەكەمان  بگەیەنن. 
دواتر بوو بە پێشمەرگە و هاتە شاخ،  هەر لەبەرئەوەی پیاوێكی نووسەر و رۆشنبیر بوو، لە بەشی راگەیاندن كاری خۆی دەكرد‌و خزمەتی شوڕش و پێشمەرگایەتی دەكرد. هەر لەو سەردەمەدا چەندین كتیبب و نامیللكەی بە چاپ گەیاند كە رۆڵی كاریگەریان هەبوو لە برەودان بە شۆڕش‌ و خەباتی پێشمەرگایەتی.

بەرزکردنەوەی ورەی خوێندکاران
شەمال عەبدوڵڵا نووسەر و رۆشنبیر-یش لەوبارەیەوە دەڵێت: هاوڕێیەتی من و خۆشناو بۆ ساڵی ناوەڕاستی حەفتاکان دەگەڕێتەوە، ئەوكاتە بەتایبەتی دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلول،  كۆمەڵێك گەنج بە گڕوتینێكی زۆرەوە هیوایان دەخواست هەرچی زووە دەست بە شۆڕش و خەبات بكرێتەوە و گەلی كورد لەو بارودۆخە ناهەموارە دەربازی ببێت. 
لە ساڵی1976 لە ئامادەیی كوردستانبووین شیعری (كۆڵۆمبس كیشوەرێكی تر دەدۆزێتەوە)ی خوێندەوە، ئەو شیعرە لەوكاتەدا بووە هۆی بەرزكردنەوەی هەست و وەری خوێندكاران، بۆیە دەتوانم بڵێم ئەبوبەكر خۆشناو لە شاری هەولێر لە جووڵاندنی هەستی شۆڕشگێریی ‌و گەڕانەوەی ئومێد بۆ ئازادیی و رزگاری كوردستان بێ هاوتابوو.

#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان