״یەكهەڵوێستیی هێزە سیاسییە كوردستانییەكان״

09:29 - 2022-08-07
کوردستان
422 جار خوێندراوەتەوە

لە دۆخی ئێستای هەرێم و عیراق و ناوچەكەدا، تەئكید لە پێویستی و گرنگیی یەكهەڵوێستی و یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكان و پاراستنی مافە یاسایی و دەستوورییەكانی گەلی كوردستان لە بەغدا، دەكرێتەوە.
لەو چوارچێوەیەدا رۆژی پێنجشەممە 4ی ئابی 2022، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە پیرمام كۆبوونەوە.
لە راگەیەنراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە: لە كۆبوونەوەكەدا هەریەك لە د.فوئاد حسێن و قوباد تاڵەبانی ئامادەبوون، گفتوگۆ و بیروڕا ئاڵوگۆڕكران بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای عیراق و پێشهاتەكانی.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەدا هاتووە «لە پێناوی یەكخستنەوەی نێو ماڵی كوردی بڕیاردرا: كاربكرێت بۆ یەكهەڵوێستیی هێزە سیاسییە كوردستانییەكان لە بەرامبەر ئەو ئاڵەنگارییانەی كە رووبەڕووی عیراق و هەرێمی كوردستان بوونەتەوە و كۆبوونەوەكان بۆ ئەم مەبەستە بەردەوامیان پێبدرێت».
شایانی باسە، ماوەی چەند رۆژێكە، پڕۆسەی سیاسی و دۆخی عیراق بەگشتی، چەند پێشهاتێكی نوێی بەخۆوە بینیوە و سەرەكیترینیشیان جەمسەرگیریی نێوان هێزە سیاسییەكانە، بۆیە لەم دۆخەدا سەركردە و هێزە سیاسییە دەربەستەكان بەگشتی، تەئكید لە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن و هێوركردنەوەی دۆخەكە، دەكەنەوە. هەر لەم چوارچێوەیەدا یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستی و راوێژی بەردەوامی نێوان لایەنە كوردستانییەكان لە هەموو كات بەپێویستتر دەزانرێت و هەروەكو راگەیەنراوی كۆبوونەوەكەش تەئكیدی لەسەر كردۆتەوە  «كۆبوونەوەكان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام دەبن».

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان