بەبۆنەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەوە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
ئەمڕۆ ئەو رۆژە مێژووییەیە کە دەمێکە خەڵکی هەڵەبجە چاوەڕوانین. بە پەسەندکردنی ئەم یاسایە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەنگاوێکی دادپەروەرانە و هۆشیاری نا لەرێی بەرەسمی ناساندنی هەڵەبجە وەک نۆزدەمین پارێزگای عیراق. ئەم بڕیارەش تەنیا ڕێوشوێنێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو دانپێدانانێکی رەسمییە بە قوربانییەکانی خەڵکی هەڵەبجە و بەدیهێنانی ئەو دادپەروەرییەیە کە دەمێکە چاوەڕوانین.
هێشتا ئاسەواری ئەو هێرشەی ساڵی 1988 بەچەکی کیمیایی کرایە سەر هەڵەبجە ماوەتەوە، ئەمڕۆش سەرەتای وەرزێکی نوێیە، وەرزێک لەدانپێدانان و پابەندبون و داکۆکیکردن لەمافەکان و بەڵێنی دوارۆژێکی باشتر.
لەگەڵ هاتنی بەهاردا خەڵکی هەڵەبجە ئەم بڕیارە وەک سمبولی نوێبونەوە و هیوا دەبینن.
دەستخۆشی لەو پارلەمانتارە بەڕێزانە ئەکەم کە ناکۆکیە سیاسییەکانیان وەلاوە نا و لە شوێنە دروستەکەی مێژوو بوون، بەم بڕیارەیان رێزیان لەیادی قوربانیان و رزگاربوان نا و ئەمڕۆش بۆ دواجار دادپەروەری بەدیهات.
هەرچەند دانپێدانان تەنیا بەس نیە و دەبێ هەنگاوی پراکتیکی بەدوادابێت لە وەبەرهێنان لەژێرخانی ئابوری هەڵەبجە و پشتیوانی ڕۆڵەکانی و چاوەڕوانییەکانیان، لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە کاتێکی زۆری بەسەردا تێپەڕیوە و هێشتا خەڵکەکەی لەچاوەڕوانیدان.
ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵیە ئەوە بۆ هەڵەبجە مسۆگەر بکات کە قەرەبووی شایستە بەدەستبهێنێت تا دانیشتوانەکەی لەو ئاوەدانی و خۆشگوزەرانییەدا بژین کە ساڵانێکە لێی بێ بەشن.
بە خەڵکی هەڵەبجەش ئەڵێم: قوربانیدانتان لەبیر نەکرا و لەبیر ناکرێت. ئەمڕۆ هەموو عیراق لە کوردستانەوە بۆ باشور پشتیوانتانە و ڕێز لەرابردوو و قوربانیدانتان دەگرێت.