دیداری- نەوزاد ساڵح
پێکهێنانی ئەنجومەنی گوندەکان لە 7/4/1982، ئەو رۆژە پرشنگدارەیە کە وەک نۆبەرەی دەسەڵاتی گەل سەیردەکرێت، سەبارەت بەو بابەتە کوردستانی نوێ ئەم دیمانەیەی لەگەڵ شێخ عوسمان سەرگەڵویی یەکێک لە خاوەنەکانی بیرۆکەی پێکهێنانی ئەنجومەنی گوندەکانی کوردستان ئەنجامدا، کە ئەوکات لەلایەن خوالێخۆش بوو مام جەلالەوە پەسەند کرا و بوو بە بنەمایەکی دروست بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی گوندەکان.
گەل دەسەڵاتی هەبێت و خاوەنی بڕیار بێت
* سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بە رێبەرەیاتی (ی.ن.ک) لە شاخ و لە گوندە ئازادکراوەکاندا، لە هەلومەرجێکی دژواردا بوو، چۆن دیموکراتی پیادە دەکرا؟
- شۆڕشەکان لە نێو داخوازییەکانی گەلەوە سەریان هەڵداوە، کوردیش وەک گەلێکی چەوساوە بیری لە زۆر شت کردوەتەوە، تینوی ئازادی و دیموکراتی و دەسەڵاتی دادپەروەرانە بووە، هەر لەم روانگەیەوە بیرمان لەوە کردەوە کە پێویستە کاری وابکرێت کە پرۆسەی دیموکراتی هاوتای پرۆسەی خەباتی چەکداریی پێشمەرگایەتی بێت، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە گەل دەسەڵاتی هەبێت و خاوەنی بڕیار بێت.
یەکەم گوند کە ئەنجومەنی تێدا پێکهێنرا
* بیرۆکەو پێشنیازتان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گوندەکان چۆن بوو؟
- لە 1/2/1982کۆمەڵیک کەس بووین لە رێکخستنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوای ئەوەی شوێن پێمان هەڵگیرا، ئیتر لە شارەوە چوینە شاخ و نەمانتوانی لە شار بمێنینەوە، پاشان چووین بۆ سەرکردایەتی (ی ن ک) لە ناو زەنگ و لەوێ بە دیداری خوالێخۆش بوو مام جەلال شاد بووین و بە جەنابیانمان وت، کە پرۆژەیەکمان بۆ گوندە ئازاد کراوەکان هەیە، بۆ چارەسەری گرفت و کێشەی کۆمەڵایەتی و کێشەی حزبە سیاسییەکان، کە ئەویش دروستکردنی ئەنجومەنە بۆ گوندەکان و بۆ ئەوەی ئەنجومەن بکەینە زنجیرەی پەیوەندی لە نێوان شۆڕش و جەماوەردا، دوای وتووێژ لەگەڵ مام جەلال دا، بەڕێزیان رەزامەندی لەسەر بیرۆکەکە دەربڕی و پشتگیری لە پڕۆژەکە کرد، دواتر دەستمان پێکرد و یەکەم گوند کە ئەنجومەنمان تێدا پێکهێنا گوندی سەرگەڵو بوو، لە 7/4/1982یەکەم کۆبونەوەی جەماوەریمان تیادا ئەنجامدا و روونکردنەوەمان بە دانیشتوانی گوند دا لەسەر بایەخی ئەنجومەنی گوندەکان.
یەکەم گوند ئەنجومەنمان تێدا پێکهێنا، گوندی سەرگەڵو بوو، کە لە 7/4/1982 یەکەم کۆبونەوەی جەماوەریمان کردو روونکردنەوەمان بە دانیشتوانی گوند لەسەر بایەخی ئەنجومەنی گوندەکان دا
ئەرکێکی خۆبەخشانە
* ئەرکی ئەنجومەنی هەڵبژێردراوی گوند چی بوو؟
- ئەرکێکی خۆبەخشانە بوو، بۆ چارەسەری گرفتەکانی نەخۆشخانە و پەروەردە و رێگاوبان و....هتد، ئامانجمان بەرجەستەکردنی دەسەڵاتی گەل بوو، کە دوای راپەڕینیش هەر ئەم دەسەڵاتە بوو بە بنچینەی دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
دابەشکردنی ئەرکەکان
* ئەو بەشانە چی بوون و چۆن ئەرکەکانتان بەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی گوندەکاندا دابەش دەکرد؟
- دوای ئەوەی لە 10/4/1982 یەکەم کۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵامان ئەنجامداو کارەکانمان دابەش کرد، ئەم بەشانەمان پەسەند کرد
ا - بەشی کۆمەڵایەتی.
ب - بەشی دروستکردنی هێزی بەرگری و فریاکەوتن .
ج - بەشی دارایی، کە بەرپرس بوو لە کۆکردنەوەی هاوکارییەکانی خەڵک بۆ ئەنجومەن بۆ راپەڕاندنی کارە گشتییەکان.
د- بەشی خزمەتگوزاری، بەرپرس بوو لە چاککردنی رێگاوبان، پاککردنەوەی کانی و سەرچاوەکانی ئاو.
ه – بەشی پەروەردە و تەندروستی، یەکێتی مامۆستایانی شاخ هاوکارمان بوون لە پرۆسەی پەروەردە، پزیشک و پەرستاریش هەبوون.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی باڵا
پ - ئەرکی ئەنجومەنی باڵا چی بوو؟
لە کۆی ئەندامانی ئەنجومەنی (30) گوند، لە دۆڵی جافایەتی، کۆنفرانسێکمان بەست و لەو کۆنفرانسەدا (3) کەس بە کۆی دەنگ هەڵبژێردران وەک ئەنجومەنی باڵا، کە سەرپەرشتی ئەندامانی ئەنجومەنی گوندەکانمان دەکرد کە ئەم کەسانە بووین.
1- عوسمان حەسەن قادر، ناسراو بە شێخ عوسمان سەرگەڵویی، دامەزرێنەری ئەنجومەنی گوندەکان.
2- خاڵە شێخ سدیقی چۆخماخ، کادری کۆمەڵایەتی ناوچەکە بوو.
3-جەلالی مەلا رەزا.
بەرنامەکانی ئەنجومەن
*بەرنامەکانی ئەنجومەن چی بوون؟
- خۆی لە پێناسەی ئەنجومەن، مەرجەکانی ئەندام بوون و پەیڕەو و ماوەی ئەنجومەندا دەبینیەوە.
یەکەم - پێناسەی ئەنجومەن
ا - ئەنجومەن پێکهاتووە، لەنوێنەرانی هەڵبژێردراوی دانیشتوانی دێ، دەسەڵاتی جێ بەجێکردن و دەسەڵاتی گەل جێبەجێ دەکات، لە روانگەی یاسا و شەرع و نەریت و تێڕوانینی زانستیانەو گەڕانەوە بۆ راپرسی و رای زۆرینەو باشترین و گونجاوترین بۆچوون کە لەو سەرچاوانەی سەرەوە هەڵێنجراون.
ب - ئەندامی هەڵبژێردراو خۆبەخشە.
دووەم - مەرجەکانی ئەندام بوون لەئەنجومەندا
1- پێویستە دانیشتووی ئەو شوێن و گوندە بێت کە لێی هەڵبژێردراوە، بە پێناسە، یاخود ناسراوبێت.
2- دەبێت لایەنگری هیچ حزب و لایەن و عەشیرەتێک نەبێت، لە چوارچێوەی بەرنامە و بڕیارەکانی ئەنجومەندا کار بکات.
3- پێویستە خاوەنی کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر بێت و هەموو ئامانج و کار و گوتار و رەفتاری لە بەرژەوەندیی جەماوەر بێت.
4- جیاوازی رەگەزی نییە بۆ هەڵبژاردنی وەک ئەندامی ئەنجومەن، بە مەرجێک لەلایەن دانیشتوانەوە هەڵبژێردرێت، ماموستای ئاینی گوند راستەوخۆ ئەندامی ئەنجومەنە، بەپێی هەڵبژاردن بۆ راپەڕاندنی کاروباری شەرعی دێ، ئەگەر خۆی ئامادەیی تیابێت.
5- تەمەنی ئەندامی ئەنجومەن لە 25 تا 60 ساڵ دەبێت.
سێیەم - پەیڕەوی ئەنجومەن
-1 ئەندامی ئەنجوومەن دەبێت خۆبەخشانە کار بکات.
-2 نابێت لایەنگری لە بەرژەوەندیی خۆی و کەسوکار و عەشیرەت و پارتەکەی بکات، دژ بە بەرژەوەندیی گشتی.
-3 تەنها لە پێناوی ئەو بەرنامە و ئەرکانەدا کار بکات، کە بە گشتی و رای زۆرینە پەسەند کراون.
-4 هەر ئەندامێک زۆرینەی ئەنجوومەن پەسەندیان نەکرد، دوای کۆبوونەوە بە خەڵکی گوند، رای زۆرینە وەردەگیرێت، بۆ لابردنی یان لە ئەنجومەن دوور دەخرێتەوە، تا بە هەڵبژاردن کەسێکی تر دەکرێت بە ئەندام .
-5 ئەندامی ئەنجومەن ئەگەر لە پێنج کۆبوونەوەی ئەنجوومەن ئامادە نەبوو، یان خەڵک داوای لابردنی کرد، یاخود ئەرکی خۆی ئەنجام نەدابێت، دوای سێ جار ئاگادارکردنەوە، لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەن و ئەندامانی ئەنجومەنەوە دوور دەخرێتەوە .
چوارەم - بەرنامەی ئەنجومەن
1- بەڕێوەبردن و چەسپاندنی دادوەریی کۆمەڵایەتی.
2 -یەکسان کردنی مافی نێر و مێ.
3- قەدەغەکردنی ژن بە ژن، گەورە بە بچووک، بە شوودانی زۆرەملێ، وەرگرتنی شیربایی.
4- ئەنجومەن ئەرکی دامەزراوەی رۆشنبیریی، تەندروستی، چاکسازی، بەڕێوەبردن، چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەگرێتە ئەستۆ.
5- ئەنجومەن هێزی بەرگریی بۆ پاراستنی گوندەکان لە دوژمن و پاڵپشتیکردنی هێزی پێشمەرگە دروست دەکات.
6- ئەنجومەن پەرلەمانێکی گوندەکە دەبێت و کار دەکات بۆ ئەرکە گشتی و خزمەتگوزارییەکان، کاری هەرەوەزیش لەئەستۆ دەگرێت.
7- ئەنجومەن کۆبوونەوەی گشتی مانگانە بە خەڵکی دەکات، بۆ گۆڕینەوەی بیرو راو چارەسەرکردنی کێشەکانیان و گوێگرتن لە راو بۆچوونەکانیان.
8- ئەنجومەن هێزی هەرەوەزی بۆ هاوکاری هەژاران و کارە خزمەتگوزارییەکان و رووداوی کتوپڕ رێک دەخات، بە تایبەت چاککردنەوەی ماڵ و خانوە رووخاوەکان، کە بەهۆی تۆپباران و هێرشی فڕۆکەی دوژمنەوە، زیانیان بەردەکەوت و هەموو فریاگوزارییەک لە ئەستۆ دەگرێت.
9- کار و پێداویستیی پێشمەرگە دابین دەکات، بە کۆمەک لەلایەن جەماوەر و دامەزراندنی پێشمەرگەکان و رێکخستنی پەیوەندییەکانی پێشمەرگە لەهەموو روویەکەوە.
پێنجەم - ماوەی ئەنجومەن
ئەنجومەنی هەڵبژێردراو، لەیەکەم کۆبوونەوەی تا ماوەی دوو ساڵ بەردەوام دەبێت و دوای تەواوبوونی ماوەکە هەڵبژاردن دەکرێتەوە، مان و بەردەوامی ئەنجومەن لەهەر کات و ساتێکدا بەندە بە راو بۆچوونی خەڵکی گوندەوە.