مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
جینۆساید، یاخود کۆمەڵکوژی یەکێکە لەو بابەتە دژوارانەی کە زۆرترین مشتومڕی لەسەرە لە ئەدەبی منداڵاندا و زۆریش ئاڵۆز و هەستیارە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت پشتگوێ بخرێت و لە ئەدەبی منداڵاندا چارەسەر نەکرێت و باس نەکرێت، چونکە چیرۆک لە ئەدەبی منداڵاندا رۆڵێکی کاریگەری هەیە لە ئاڕاستەکردنی منداڵان و مێرد منداڵان و گەیاندنی بەها مرۆییە ئەرێنییەکان پێیان. هەرچەندە نووسینی چیرۆک دەربارەی رووداوەکانی جینۆساید چەندین ئاڵەنگاری جۆربەجۆر لەخۆ دەگرن کە وا لەنووسەرانی بوارەکە دەخوازێت زۆر هەستیارتربن و بە هۆشیارییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ بابەتەکەدا بکەن.
گەلی کورد خاوەن چەندین بەسەرهات و چیرۆکی تراژیدی و کارەساتبار و کۆمەڵکوژین، کە بەداخەوە بەشێکی فراوان لە مێژوومان پیکدەهێنن، چۆن ئەم چیرۆکانە بخرێنە ئەدەبی منداڵانەوە و نەشبن بە هۆی کاریگەریی نەرێنی، وەک چۆن لە ئەدەبی منداڵانی دنیادا بوونیان هەیە و چەندین بابەتی جینۆساید و کارەسات و جەنگ لە ئەدەبی منداڵان لە چیرۆک و فلیمیشدا جێیان کراوەتەوە؟ ئەوان چییان کردووە و چۆن ئەو ئاڵەنگارییە ئاکارییانەیان چارە کردووە؟ ئایا ئێمە چۆن چارەسەری ئەو ئاڵەنگارییانە بکەین؟
بێگومان یەکێک لە ئاڵەنگارییە هەرە دیارەکان هەڵبژاردنی زمانی گونجاوە، چونکە بەکارهێنانی زمانێک کە لەگەڵ تەمەنی منداڵەکاندا بگونجێت، لە هەموو شتێک گرنگترە. دەستەواژەی توندوتیژیی و زبر ئامانجی نەرێنی لە هزری خوێنەری ئەدەبی منداڵدا بەرهەم دەهێنێت. بەکارهێنانی زمانی نەشیاو دەبێتە هۆی شۆک یان تێنەگەیشتن. ئەمەش ئاشکرایە کە کاریگەریی لەسەر گەیاندنی پەیامی چیرۆکەکە دەبێت. هەروەها بەرپرسیارێتی مێژوویی لە خستنە رووی روداوەکان، ئاڵەنگارییەکی ترە. پێویستە زانیارییەکان بە وردی بخرێنەڕوو، نووسەر ئاگاداری ئەوە بێت کە راستییە مێژووییەکان نەشێوێنرێن یان گێڕانەوەی نادروست نەخرێنە روو، چونکە دەکرێت ئەمە ببێتە هۆی پێدانی زانیاری چەواشەکارانە بە منداڵان و دواتر نەتوانرێت بە ئاسانی ئەو زانیاریانە راست بکرێنەوە، لەبەر ئەوەی مەودای کاریگەریی چیرۆک زۆر زیاتر و قوڵترە لە گێڕانەوەیەکی ئاسایی نێو کتێبی مێژوو.
نووسەر لە نووسینی چیرۆکێ جینۆسایدکردندا دەکەوێتە نێوان دوو ئاڵەنگارییەوە، ئایا زمانی نووسین سادە بکاتەوە یان روداوەکە؟ بێگومان لەهەردوو باردا ناتوانرێت هێندە سادەبێت کە لە مانا و شێوازی ئەدەبیی، چیرۆکەکە بەتاڵ بکاتەوە، بەڵکو تاڕادەی پێویست و تێگەیشتنی خوێنەری منداڵ و دەستنیشانکردنی تەمەنەکەی کە بەشێوەیەکی گشتی دوای تەمەنی دوانزە ساڵان، دەبێت کار لەسەر شێوازی نووسین و ناوەڕۆکی نووسین بکرێت. لەلایەکی تریشەوە لەبەرچاو گرتنی لایەنی دەروونیی و بیرکردنەوەی منداڵان و پاراستنی هەستی منداڵان خاڵێکی گرنگ و پێشینەییە. وردەکاریی رووداوەکان رەنگە ببێتە هۆی هەستکردن بە ترس یان دڵەڕاوکێ و دڵتەنگی، بۆیە چیرۆکەکان پێویستە هیوا و ئومێد و ئەرێنێتی پیشانبدەن، نەک سەرنجدان لەسەر ئازار و ئەشکەنجەکان. ئەمەش پێویستی بەوەیە نووسەران هاوسەنگییەک لە نێوان خستنەڕووی راستییە مێژووییەکان و هەستەکانی مرۆڤدا دروست بکەن، چونکە چیرۆکەکان دەبێ سەرنجیان لەسەر بەها ئەرێنییەکانی وەک هیوا بێت، نەک گیرۆدەی وردەکارییە ترسناکەکان کە رەنگە تێگەیشتنیان قورس بێت بۆ منداڵان.