ئەمریکا سوریا بەجێ ناهێڵێت
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەناو خاکی سوریا و بەجێهێشتنی لە میدیاکاندا، رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز ئاشکرایکرد کە تەنها ئەوەیە هێزەکان لە دوو هەزار سەربازەوە دەکرێنە 1600 سەرباز و بەتەواوی سوریا بەجێناهێڵن،
لەکۆتاییشدا تەنها 500 سەرباز لەوێ دەمێننەوە بۆ چاودێریکردنی دۆخی ئەو وڵاتە و رێگریی لە هەژموونی وڵاتانی دیکە.
رۆژنامەکە هەروەها نووسیوویەتی: «رێککەوتنی هێزەکانی دیموکراتیی ئازاد لەگەڵ شەرع لەلایەک و دەستپێکردنی دانوستانی هەسەدە لەگەڵ حکومەتی تورکیادا پاڵنەرێکی دیکەیە بۆ کەمکردنەوەی ئەو هێزانە».
مەرجەکانی ئەمریکا بۆ ئەحمەد شەرع
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جوڕناڵیش پێیوایە ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ حکومەتی شەرعدا لەسەر هێڵە و چەند مەرجێکی بۆ داناوە کە دەبێت جێبەجێیان بکات، لەوانە: «هاوکاریی کردنی رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی چەکی کیمیایی سوریا و گرتنەبەری رێوشوێنی توند بەرامبەر توندڕەوەکان و دۆزینەوەی جارەنووسی ئەو 14 ئەمریکییەی لەناو سوریادا شوێنبزربوون و دەرکردنی هەموو ئەو رێکخراو و لایەنە فەلەستینییانەی کە دەیان ساڵە لەوێ بنکە و بارەگایان هەیە، رۆژنامەکە ئاماژەئ بەوەش داوە کە بەو مەرجانە ئەمریکا سزاکانیان لەسەر سوک دەکات.
تیمی دانوستانکاری ترەمپ نەشارەزان
تائێستا هەولەکانی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنی دانوستان و پڕۆسەی ئاشتی لە جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا هیچی لێ سەوز نەبووە، بۆیە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەڕەشەی کشانەوەی کردووە. لەوبارەیەشەوە رۆژنامەی ئێندپێندتی بەریتانی پێیوایە ئەگەر ئەمریکا بکشێتەوە، جارێکی دیکە ڤلادیمێر پوتین سوودمەندی سەرەکی دەبێت، چونکە هۆکاری شکستی گەورەی دەستپێشخەریی ئاشتی ترەمپ، بەشێکی لەوەدایە کە «بێ ئەزموونترین و نەزانترین» تیمی رەوانە کردووە بۆ دانوستان لەگەڵ «فێڵبازترین» باندی کریملن لە دوای جۆزێف ستالین، بۆیە سەرکەوتوو نابێت و بەم زووانە نۆرەی ئەوروپییەکان دەبێت کە ئۆکرانیا رزگار بکەن.
بگەڕێنەوە بۆ هاوپەیمانەکانتان
رۆژنامەی واشنتۆن پۆستیش لەوبارەیەوە دەڵێت: کاری دیپلۆماسی ئەرکێکی قورسە، بەدەگمەن وا روودەدات کە سەرکەوتنەکان لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا بەدەستبێن، وەک ئەوەی ئیدارەی ئەمریکا لە دۆسێی غەززەدا فێری بوو، پێدەچێت بەم زووانەش لە گفتوگۆکانی لەگەڵ ئێراندا هەمان ئەوە شێوازە فێربێت. ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت، ناواقیعی سیاسییە و پێویستە بگەڕێنەوە بۆ رێبازی ئیدارەی بایدن و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی بەردەوام بن لە پڕچەککردنی ئۆکرانیا و زیادکردنی تێچووی ململانێکان بۆ روسیا.
ترەمپ پەیمان بە دۆستە ئەوروپییەکەی دەدات
لەم رۆژانەدا جۆرج میلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا بەسەردانێک چووە ئەمریکا و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆبووە و لە باسی گرژیی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئەوروپادا، ترەمپ پەیمانی دا هەفتەکانی داهاتوو پەیوەندییەکان چاک دەکاتەوە و مژدەی خۆش دەداتە ئەوروپییەکان.
لەو رووەشەوە، رۆژنامەی سود وێست پرێسەی ئەڵمانی پێیوایە کە «قسەکانی ترەمپ گوماناوین و ئەگەری هەیە هەرگیز پەیمانەکانی نەباتەسەر و دەنووسێت: ئەزموونەکانمان لەگەڵ ترەمپدا فێری کردووین کە مرۆڤ دەبێت بە وریاییەوە مامەڵەی دادپەروەرانە لەگەڵ باجەکانی ترەمپدا لە دژی هەمووان بکات، ئەو سەرۆکە نیازی خەراپە لەگەڵ دۆستەکانی و نابێت متمانەمان پێی هەبێت».
وادەی هەڵبژاردنی راوێژکاری ئەڵمانیا دیاریکرا
پەرلەمانی ئەڵمانیا Bundestag ئاشکرایکرد کە رۆژی 6 ی ئایار کۆبوونەوەیەکی تایبەتی دەکات بۆ دیاریکردنی راوێژکاری نوێی ئەڵمانیا و دەنگدان بۆ فریدریش مێرتس» کاندیدی براوەی پارتی دیموکراتی کریستیان، ئەو کاندیدە ئەگەر نیوەی دەنگەکانی 630 پەرلەمانتار بەدەستبێنێت، ئەوا پۆستەکە دەباتەوە.
رێژەی وەرگرتنی کۆچبەران کەمدەکرێتەوە
فریدریش مێرتس کاندیدی سەرکەوتووی هەڵبژاردن بۆ پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا ئاشکرایکرد لەگەڵ پارتی سۆسیال دیموکرات رێککەوتوون بۆ کەمکردنەوەی رێژەی وەرگرتنی کۆچبەران بەجۆرێک کە ساڵانە کەمتر بێت لە 100 هەزار پەنابەر، شایانی باسە ساڵی پێشووتر 350 هەزار و ساڵی پاریش 230 هەزار و لەمەودواش دەبێت لەژێر سەد هەزاردا بێت.
ئەڵمانیا هاووڵاتیانی خۆی لە غەززە گەڕاندەوە
بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا هەفتەی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بە هاوکاریی حکومەتی ئیسرائیل 24 هاووڵاتی خۆی لە غەززەوە بردە ئوردن و لەوێشەوە بۆ وڵاتی خۆیان، بۆ جاری سێیەمیش ئەڵمانیا هاووڵاتیانی خۆی لەوێ دەگوێزێتەوە و تائێستا 705 کەسی گەڕاندووەتەوە، ئێستا تەنها ژمارەیەکی کەم ماون.
خۆپیشاندان لەزانکۆیەکی ئەڵمانیا دژی ئیسرائیل بەڕێوەچوو
لەدوو رۆژی رابردوودا لەناو زانکۆی هۆمبۆڵت لە بەرلینی پایتەخت، ژمارەیەک خوێندکاری عەرەب لە دژی ئیسرائیل و پشتیوانی بۆ فەلەستین خۆپیشاندانیان کرد و دروشمی «بژی فەلەستین، بڕوخێ ئیسرائیل، شەرمەزاری بۆ ئەڵمانیا» یان بەرزکردەوە، لەبەرامبەر دەزگا ئەمنییەکان وەستانەوە و بەرلەوەی توندوتیژی رووبدات، پۆلیس ژمارەیەکیان لێ دەستگیرکردن کە چوار پەنابەریان تێدابوو خۆیان خزاندبووە ناو زانکۆ و پێشتر بڕیاری دیپۆرتکردنەوەیان بۆ دەرچووبوو.
لەلایەکی تریشەوە پۆلسی بەرلین تۆمەتبارێکی تری دەستگیرکردووە کە بۆیان سەلماوە ئەندامی رێکخراوی حزبوڵڵای لوبنانە و خەریکی پلاندانان بووە بۆ کارێکی تیرۆریستی لەناو ئەڵمانیادا.
گەنجینەیەک لەسەر سنووری نێوان ئەڵمانیاو هۆڵەندا دەدۆزرێتەوە
شوێنەوارناسانی ئەڵمانیا لەسەر سنووری نێوان وڵاتەکەیان و هۆڵەندا گەنجینەیەکی دەگمەنیان دۆزییەوە عیراق کە بریتیە لە 100 دراوی دروستکراو لە زێڕ و زیو و دەیان پارچە گەوهەر و بازن و ئەڵماسی گرانبەهای تێدایە کە مەزەندە دەکرێت هی هۆزی جەرمانی بن کە پێش 1300 ساڵ بەرلە ئێستا لەو ناوچەیەدا ژیاون.
داوا دەکرێت بایکۆتی شمەکی ئەمریکایی بکرێت
بەپێی راپرسییەکی ئینستیتوتی یۆگۆف، نیوە زیاتری دانیشتووانی ئەڵمانیا لە کاردانەوەی باجەکانی ترەمپدا پێیان باشە لەسەر ئاستی وڵاتەکەیان بایکۆتی کاڵای ئەمریکایی بکرێت، بۆ نموونە لەبری براندیNike ی ئەمریکی، Adidas ی ئەڵمانی بکڕن و لەبری ئۆتۆمبێلی Tesla ش VW بکڕن، بەڵام حکومەتی ئەڵمانیا رەتیدەکاتەوە کە پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکادا بپچڕێنێت.