مەكتەبی سیاسیی یەکێتی بۆ یەکێتی ژنان: دروشمەكانتان گەشەپێبدەن بۆ زیاتر داكۆكیكردن لە مافەكانی كچان و ژنان

12:38 - 2025-04-21
کوردستان
107 جار خوێندراوەتەوە

مەكتەبی سیاسیی ی.ن.ك، بەبۆنەی بەستنی كۆنگرەی گشتیی یەكێتیی ژنانی كوردستانەوە، پەیامێكی بڵاوكردەوە، ئەمە دەقەكەیەتی:

بەڕێزان ئەندامانی كۆنگرەی گشتیی یەكێتی ژنانی كوردستان
بەبۆنەی بەستنی كۆنگرەی یەكێتییەكەتانەوە، هیوای سەركەوتنی كارەكانتان بۆ دەخوازین و ئومێدەوارین دروشمی دێرینی پڕ جۆش و خرۆشتان (ژن، خەبات، ژیان) زیاتر گەشەپێبدەن بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی كچان و ژنانی كوردستان.
بەڕێزان؛ مێژووی چەندین ساڵی تێكۆشانی ئێوە شاهیدە كە توانیوتانە رۆڵتان هەبێت لە دەرفەت رەخساندن بۆ خستنەڕووی تواناكانی كچان و ژنان، كە لە چەندین بواردا خزمەت بە گەل و وڵاتەكەمان بكەن.

 

بەستنی كۆنگرەی گشتیی یەكێتیی ژنانی كوردستان، گوڕوتینێكی زیاتر بەو رۆڵەتان دەبەخشێت لە هێنانەپێشەوەی كچان و ژنانی بەتوانا و كارامە لە بوارە ژیارییەكانی كۆمەڵدا

 

دیارە بەستنی كۆنگرە و پێداچوونەوە و گۆڕانكاری لە تێكۆشانی رێكخراوەیتاندا، گوڕوتینێكی زیاتر بەو رۆڵەتان دەبەخشێت لە هێنانەپێشەوەی كچان و ژنانی بەتوانا و كارامە لە بوارە ژیارییەكانی كۆمەڵدا، بۆ ئەوەی یەكێتیی ژنان هەمیشە سەرچاوەی هێز و هیوای پێگەیشتنی ژنانی كوردستان بێت لە كایەی گشتی كۆمەڵ و بەشداری سیاسیی لە جومگەكانی حومكڕانی و بزووتنەوەی سیاسی و كۆمەڵایەتی وڵاتەكەماندا.
دووبارە سەركەوتن بۆ كۆنگرەكەتان دەخوازین.
مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان