ئا: دووتوێی زمانی راگەیاندن
پرۆفیسۆر د. جەڤانشیر شیبیلێڤ، مامۆستا و توێژەر و سەرۆکی بەشی پەروەردەی زمانە بیانییەکانە لە زانکۆی (EMU) لە قوبرسی باکوور و خاوەنی دەیان توێژینەوەی زانستی و وتاری تایبەتە لەسەر زمانەوانی و سیاسەت و پلاندانانی زمانەوانی، بە یەکێک لە زانا و بیرمەندەکانی بواری سیاسەتی زمان دادەنرێت، لەم دیدارەدا بە وردی سەرنجەکانی لەسەر کاریگەریی میدیا لەسەر زمانی کوردی دەخاتەڕوو.
* میدیا چۆن کاریگەریی لەسەر سیاسەت و پلاندانانی زمان هەیە، بەتایبەتی لە ناوچەیەکی وەک کوردستان؟
- سەرەتا دەبێت بڵێین، کە میدیا هیچ چانسێکی نییە کە راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر سیاسەت و پلاندانانی زمان هەبێت، چونکە رۆڵی سنووردارە لە خزمەتکردن وەک میدیایەک کە لە رێگەیەوە دەتوانرێت مشتومڕ لەسەر پرسەکانی سیاسەتی زمان بگوازێتەوە یان بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پاشان بۆ ئەوەی باشتر تێبگەین تا چەند میدیا دەتوانێت کاریگەریی هەبێت، پێویستە پەیوەندیی نێوان ئاستە جیاوازەکانی پلاندانانی سیاسەتی زمان لە بەرامبەر رۆڵی میدیادا لەبەرچاوبگرین، لەبەرئەوەی هەموو ئاستەکان ناتوانرێت بە یەکسانی پەیوەندییان بە میدیاوە هەبێت. لە راستیدا رەنگە پلاندانانی سیاسەتی زمان لەسەر ئاستی حکومەت پێویستی بە پشتیوانی زیاتری میدیا هەبێت لە پلاندانانی سیاسەتی زمان لەسەر ئاستی خێزان. لە کۆتاییدا، پێویستە میدیا وەک سەکۆیەک بۆ مشتومڕەکانی پلاندانانی سیاسەتی زمان جیابکەینەوە لەوەی خودی میدیا ببێتە لایەنی جێبەجێکاری سیاسەت و پلاندانانی زمان.
لەم رووەوە، ئەوەی هەرێمی کوردستان لە جوگرافیاکانی تر جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە وەک هەرێمێکی دیموکراتیک، پلاندانانی سیاسەتی زمانی لە قۆناغێکی سەرەتاییدایە، چونکە پێویستی بە قۆناغبەندییە، سەرەتا هەڵبژاردنی زمان وەک ئەوەی کە بە نیشتمانی و رەسمی ناوی لێنراوە، دواتر ستانداردکردنی زمانی کوردی لە رووی رێزمان و وشەسازی و بێژەکردنی وەرگیراوەوە، لە کۆتاییشدا هەنگاوی یاسایی و کارگێڕی و هەنگاوی دیکە بنرێت، بە ئاڕاستەی بەرزکردنەوەی شکۆمەندیی زمان لە هەرێمی کوردستان، بۆیە لەم رووەوە رەنگە میدیا کاریگەرییەکی زۆری هەبێت.
* دەزگاکانی راگەیاندن لە چ روویەکەوە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر پێگەی زمانەکە هەبێت؟
- لە راستیدا، پێناسەکردنی پێگەی زمانەکە بابەتی سیاسەتە، چونکە پێویستە پێگەیەکی رەسمی بدرێت بە یەکێک لە شێوەزارەکانی زمانی کوردی تا رۆڵی میدیا و گرنگییەکەی زیاتر دەرکەوێت، لەبەرئەوەی میدیا هەرگیز ناتوانێت بێلایەن، یان بابەتیی بێت.
بە واتایەکی تر، میدیا بە زۆری وەک هێزێکی نەرم بۆ یارمەتیدانی ئایدۆلۆژیا و بەدیهێنانی ئامانجەکە کاردەکات، ئەو میدیایەی پاڵپشتی لە شێوەزارێک دەکات کە خاوەنی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسییە لە ناوچەکەدا، ناچار دەبێت پشتگیری ئەو جۆرە شێوەزارە بکات بۆ ئەوەی ببێتە زمانێکی رسمی هەموو کورد.
لە دۆخی ئێوەدا، دۆخەکە دەتوانێت ئاڵۆزتر بێت، لەبەرئەوەی هێزە سیاسییەکان، یان ئابوورییەکان، کە نوێنەرایەتی زار و شێوەزارە جیاوازەکان دەکەن، رەنگە پرسەکانی پلاندانانی سیاسەتی زمان بۆ مەبەستە سیاسییەکانیان بەکاربهێنن و ئامانجی سەرەکی، کە کارکردنە لە پێناوی هەڵبژاردنی گونجاوترین شێوەزار وەک زمانێکی رەسمی، رەنگە بە تەواوی پشتگوێ خرابێت.
* میدیا چ رۆڵێکی لە پاراستن، یان مەترسی خستنە سەر زمانی کوردیدا هەیە؟
- باوەڕم بەوە نییە کە رۆڵی راگەیاندن بریتی بێت لە پاراستن، یان مەترسی خستنە سەر زمان، بەڵکو میدیا گۆڕەپانێکە، رەنگدانەوەی فەلسەفەی جۆراوجۆری زمانە، یان رەنگدانەوەی هەڵوێست و رێبازە جۆراوجۆرەکانە، دەکرێت دۆخێک هەبێت میدیاکان کە نوێنەرایەتی زارێکی دیاریکراو- شێوەزارێک یان گروپێک بکەن، هەوڵبدەن بۆ تایبەتمەندیی (واتە پشتگیریکردن لە هەڵبژاردنی شێوەزارێکی دیاریکراو وەک زمانێکی رەسمی)، بەڵام لەبەر ئەوەی سیاسەت و پلاندانانی زمان لە هەرێمی کوردستان لە قۆناغی سەرەتادایە، بۆیە دەکرێت میدیا بە باشی خزمەتی ئەم بابەتە بکات.
* رێبازی گونجاو بۆ میدیا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ زمانی کوردی بە شێوەیەکی کاریگەر چییە؟
- پێدەچێت رێگەی جیاواز بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی سیاسەت و پلاندانانی زمان بە شێوەیەکی کاریگەر هەبێت، هەرچەندە بیرۆکەکەم تەواو دیموکراسییانە دەرناکەوێت، بەڵام پێدەچێت، کاریگەرترینیان سیاسەتی زمان بێت، واتە هەنگاوی یاسایی یان کارگێڕیی زیاتر بنێت.
بە چاوخشاندنێکی زۆر کورت بە مێژووە جیاوازەکانی سیاسەتی زماندا، دەردەکەوێت، (ئەکادیمیا)ی زمان دەتوانێت بە باشی کار بۆ گەنجینەی زمان بکات، یان بڕیار لەسەر بە رەسمییکردنی زمان بدات، هەروەها ئەکادیمیا پێویستە رۆڵی جیددی لە شێوازی مامەڵەکردنی میدیا لەگەڵ زماندا هەبێت، ئەم جۆرە هەنگاوانە زۆر گرنگن، بەڵام پێدەچێت دروستکردنی زمانێکی رەسمیی نەتەوەیی بۆ کورد بە رێزمانی ستاندارد گرنگتر بێت، هیوادارم دواجار کاربکرێت بۆ ستانداردکردنی شێوەزارێکی کوردی کە لە هەموو ناوچەکانی تری کوردستانەوە پەسەند بکرێت.