ئەلفای ئەدەبی منداڵان

مۆدێلەکانی چارەسەرکردنی کێشە لە چیرۆکدا

11:16 - 2025-04-24
ئەدەب و هونەر
207 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان

ئەدەبی منداڵان، بەتایبەت چیرۆک بەشیکی گرنگی پەرەپێدانی توانای بیرکردنەوە و بڕیاردان و رەخنەگرتنە لای منداڵان، لەبەرئەوەی منداڵ کاتێک چیرۆکێک دەخوێنێتەوە یاخود بۆی دەخوێندرێتەوە تەنها چێژ وەرناگرێت، بەڵکو چەندین سەرسوڕمان و پرسیار و بیرکردنەوەی نوێی لا دروست دەبێت و بێوچان دەپرسێت و پرسیار لەو شتانە دەکات کە بەلایەوە ئاڵۆزن و پێویستیان بە روونکردنەوەی زیاتر هەیە. ئەمە دەرفەتێکی باش بۆ نووسەری بواری منداڵان دەڕەخسێنێت کاتێک بیر لە نووسینی چیرۆکێک بۆ منداڵان دەکاتەوە، بیر لەوەش بکاتەوە چیرۆکەکە تەنها بەسەرهاتێک نەبێت کە ئامۆژگارییەک یان زانیارییەک بە منداڵان ببەخشێت، بەڵکو وا بنووسرێت هاندەری بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و گەڕان بێت بەدوای چارەسەری زیاتر و دۆزینەوەی زیاتر لە ئەگەرێک بۆ رووداوەکان. منداڵی ئێستا نەزان و سادە نیین، بەڵکو تێگەیشتوون و توانای لێکدانەوە و بیرکردنەوە و دەست پێ راگەشتنی زانیارییەکانیان زیاتر هەیە، بۆیە ئەوەی لە گۆشەی ئەمجارەدا دەمانەوێت تیشکێکی خێرای بخەینە سەر، تیۆرێکی گرنگی بواری رەفتاریی و مەعریفییە بەناوی (چارەسەرکردنی کێشە)، یاخود بڕیاردان کە هەردوو زانا (هێربارت ئەی سیمۆن و ئەلین نیوویل) لە چارەکی کۆتای سەدەی رابردوو خستیانە بەر لێکۆڵینەوە، گەرچی ئەم تیۆرە تایبەت نییە بە بواری ئەدەب، بەڵام بۆ زیاتر کاریگەرکردنی ئەدەبی منداڵان دەتوانرێت زۆر بە باشی بەکاربهێنرێت و لە رێگەی شارەزایی و تێگەیشتن لە بنەماکان و مۆسێلەکانی ئەم شێوازە فێربوونە توانای چارەسەرکردنی کێشە لە رێی چیرۆکەوە لای منداڵان بەرەوپێشەوە ببرێت .
بیرۆکەی بنەڕەتی (چارەسەرکردنی کێشە)، خۆی لە شیکردنەوەی هەڵوێستەکاندا و بیرکردنەوە لە چارەسەرکردن و بڕیاردانی دروست بۆیان دەبینێتەوە، ئەدەبی منداڵان دەتوانێت کارئاسان بێت بۆ ئەم بابەتە لە رێی پێشکەشکردنی چیرۆکەوە و ئەو کاراکتەرانەی لە چیرۆکەکاندا دووچاری ئاستەنگ دەبنەوە و پێویستیان بە بیرکردنەوەی ستراتیژی هەیە بۆ بڕیاردان و چارەسەکردنی کێشەکان و هانی منداڵان دەدەن لەگەڵ کارەکتەرەکاندا بیرکردنەوەی زیاتریان هەبێت بۆ چارەسەر. لێرەدا خەیاڵ بە رەگەزێکی بنەڕەتی دادەنرێت، پانتاییەکی فراوان دەبەخشیت بۆ دۆزینەوەی بیرۆکەکان و هەڵوێستەکان بە شیوەیەکی چێژبەخش، لە رێگەی چیرۆکەوە منداڵان دەتوانن بەشێوەیەکی سەلامەت ئەزمونی هەست و ئالەنگارییەکان بکەن کە هاوکاریان بێت بۆ پەرەپێدانی ستراتیجە کاریگەرەکانی چارەسەرکردنی کێشە.
تیۆری چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵێک مۆدێلی چارەسەرکاریی لە خۆدەگرێت کە دەکرێت لە داڕشتنی کێشەی نێو چیرۆکەکاندا بەکار بهێنرێن لەوانە:
یەکەم: مۆدێلی کلاسیک: ئەم مۆدێلە لە خستنەڕوودا چەند هەنگاوێکی تایبەت لە خۆدەگرێت وەک ناساندنی کێشەکە، کۆکردنەوەی زانیاریی دەربارەی هەڵسەنگاندنی بژاردەکان، بڕیاردان و جێبەجێکردنی چارەسەرەکە.
دووەم: مۆدێلی هەستپێکردن: پشت بە هەستکردن و ئەزموونی کەسی دەبەستێت نەک شیکاری سیستماتیکی، زۆرجار لەو بارودۆخانەدا بەکاردێت کە پێویستیان بە بڕیاری خێرا هەیە.
سێیەم: مۆدێلی چارەسەری داهێنەرانە: سەرنج دەخاتە سەر هاتنەپێشەوەی بیرۆکەی نوێ و ناتەقلیدی لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا.
چوارەم: مۆدێلی بڕیاری بە گروپ: بەشداریکردنی بەکۆمەڵ لەبڕیارداندا دەگرێتەوە، لەهەمان کاتدا منداڵ فێری بڕیاردانی بە راوێژ و کۆمەڵ دەکات.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان