چیرۆک

من لە خەونی ئەواندا

11:18 - 2025-04-24
ئەدەب و هونەر
65 جار خوێندراوەتەوە

شیرین.ك


ماڵێكی كۆنە، هەر ساتە و لە ماڵێك دەچێت لەو ماڵانەی بە مناڵی، بە هەرزەكاری بە گەنجێتی تیایدا ژیاوم، تیایدا ژیاین، من و ئەوان، ئەو كاتەی هەموومان بووین، هەموومان لەوێ بووین، كەس غایب نەبوو.  ئەوە (هاوە)یە لە هەیوانە درێژەكە وەستاوە، ئەو هەیوانەی سەدان جار لە مسەرەوە بۆ ئەو سەر پیایدا رۆشتووم، رامكردووە لە مپەڕەوە بۆ ئەوپەڕی و كەوتووم و هەستاومەتەوە.
 ئەوە (هاوە)یە لەو هەیوانە وەستاوە، هەیوانەكە زۆر بەرزە، لەو بەرزاییەوە سەیرم دەكات و زەردەخەنەیەك لەسەر رووخسارە جوانەكەیەتی، رووناكییەكی بەهێز لە پشتییەوەیەتی، هەر وەكو خۆرهەڵاتنە، بۆیە رووخساری باش نابینم، بەڵام دەزانم ئەوە، بە خۆی و پاڵتۆ رەشەكەی و ملپێچە رەش و سوورەكەی ملییەوە، بەزەردەخەنەكەی و چاوە قاوەییەكانییەوە. بە پەلە هەڵدەستم بەرەو پلیكانەكان دەچم، نە ئەژنۆی راستم دێشێ و نەپشتم، بەڵام پلیكانەكان هەر تەواو نابن، كەچی لە پڕ ئەگەمە لای و تووند باوەشی پێدا دەكەم، وەكو هەموو جار پێی دەڵێم: ئۆخەی ئەوە تۆی؟ شكور ماوی؟ هەر ئەمزانی ماوی، ئینجا بە لۆمەوە دەڵێم: زۆر دواكەوتی زۆر زۆر، ئاخر ئەوان رۆشتن، زۆر چاوەڕێت بوون.. ئیتر رۆشتن...
 ئەو هیچ ناڵێت، رووخساری خەم دایدەگرێ، دەمی دەجووڵێ، وابزانم  وەڵامم دەداتەوە، بەڵام من گوێم لە دەنگی نییە، لە خوارەوە گوێم لە پێكەنینێكی بەكووڵە، پێكەنینێك دەیناسمەوە و بە گوێم ئاشنایە، ئاوڕدەدەمەوە (دڵە) لەسەر كورسییە دارگوێزە درێژەكەی ناو چیمەن و باخەكە دانیشتووە. ئەو مێزە فۆرمیكا گەورەیەی لە بەردەمدایە كە ئێوارانی هاوین هەموومان كۆدەبووینەوە و نانی ئێوارەمان لەسەر دەخوارد، ئەو رۆژانەی هەموومان لەوێ بووین، كەس غایب نەبوو. ئەو لەوێدا دانیشتووە و دنیایەك كاغەزی لەبەردەمدایە و كاغەزێكیشی پێیە دەیخوێنێتەوە و پێدەكەنێ یان دەگری نازانم! لەو پارچە كاغەزانە دەچێت كە جاران بەنهێنی بەدەرگا و دیواری ئەم شارەدا هەڵدەواسران،  ئێستا هەردووكیان ئەو پەڕە كاغەزانە دەخوێننەوە و دەمێ دەگرین و دەمێ پێدەكەنن، بەڵام من چاوم  رێشكەو پێشكە دەكات و باش نابینم، زوو زوو لێیان دەپرسم: ئەوە چییە، چی نووسراوە؟ كەسیان وەڵامم نادەنەوە، سەیریشم ناكەن وەكو هەر لەوێشدا نەبم، ئینجا (هاوە) بە دەنگێكی خەمناكەوە دەڵێت: بابڕۆین درەنگە، منیش دەڵێم بۆ كوێ؟ بۆچی؟ هەردووكیان پارچە كاغەزەكان كۆدەكەنەوە و شانبەشانی یەك ئاوادەبن، منیش بەخەبەر دێم. چاو لێك دەنێمەوە بەو نیازەی بەردەوامی بدەمە خەونەكەم، بەڵام سوودی نییە و  تێدەگەم دەبێت تا ماوم ئەم خەونە ببینم و ببینمەوە، بەڵام هەر جارەو بە سیناریۆیەكی جیاواز، رەنگە كە بەیانی لەخەو هەڵدەستم خەونەكەم لەبیرنەمێنێ، لەتوناوتوونەكانی نەستمدا بزر ببێت، بەڵام هۆشم، جەستەم لە بیری ناكات، چونكە ئیتر ئەو رۆژە تا ئێوارە خەمۆكییەكەم قورستر و ئازارەكانی جەستەشم زیاتر دەبن. لەخۆم دەپرسم: ئەوە ئەوانن دێنە خەونی من، یان ئەوە منم لەخەونی ئەواندا!!؟   

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان