نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی یەکێتی
ئەمڕۆ لە مەکتەبی رێکخستن لە سلێمانی، هەڤاڵ رەفعەت عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ لێپرسراوی سەرجەم مەڵبەندەکانی یەکێتی کۆبوەوە.
کۆبونەوەکە تایبەت بوو بەجێبەجێکردنی پرۆژەی رێکخستنەوەی سەرجەم ئۆرگانەکانی یەکێتی، هەریەک لە هەڤاڵان سەرکەوت زەکی و شوان قادر ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەی بوون.
هەڤاڵ رەفعەت عەبدوڵڵا بەوردی ئاماژەی بەراسپاردەکانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داو بۆ هەڤاڵانی لێرسراوی مەڵبەندەکانی روونکردەوە و وتی: «لەژێر رۆشنایی ئەو راسپاردانەدا پرۆسەی رێکخستنەوەی تەواوی ئۆرگانەکانی یەکێتیی بەئەنجام دەگات».
هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتی لە روانگەیەکی یەکێتیانە و سەردەمیانەوە مەبەستی پرۆسەی رێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕاو و بارودۆخە نوێیەکاندا خستەڕوو و وتیشی: «باروودۆخە نوێیەکان خۆگونجاندنو ئەرکی نوێمان لێدەخوازێت».
تەوەرێکی تری کۆبونەوەکە تایبەت بوو بەخۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەوبارەیەوە هەڤاڵ رەفعەت باسی لە جۆشدانەوەی رێکخستنەکان کرد و هێمای بۆ ئەوەکرد پێویستە رێکخستنەکانی یەکيتیی لە جاران زیاتر تەماسیان لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک هەبێت.
جێگری سەرۆکی یەکێتیی وتیشی: «هەمومان پێکەوە لەسەرەوە بۆ خوارەوە هەڵمەتی دەرگا بەدەرگا بکەین و وەک هەمیشە یەکێتیی و جەماوەر ئاوێتەی یەکتربن».
لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا لێپرسراوانی سەرجەم مەڵبەندەکان هەماهەنگی خۆیان و رێکخستنەکانیان بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم بڕیار و راسپاردەکان بەسەرنجەوە خستەڕوو.