تەمەنی یاریزان تەنیا ژمارەیە و هیچی تر، بۆ نموونە میسی و رۆناڵدۆ

12:01 - 2022-08-08
وەرزش
413 جار خوێندراوەتەوە

رەوەز ئیسماعیل 
تەمەنی یاریزان ئەو دەستەواژەیەیە كە هاندەرانی تۆپی پێ لە جیهاندا بەكاری دەهێنن بەبێ ئەوی لێكدانەوەیەكی زیرەكانەی بۆ بكەن، چونكە تەمەنی یاریزان دەستە واژەیەكی مەتاتییە و نەگۆڕ و جێگیر نییە.
ئێستا یاسای تەمەن بۆ چەند یاریزانێكی جیهانی بۆتە درۆیەكی شاخدار، بەڵام لە ڕاستیدا یاریزانانی ئەوروپا كاتێك لە تەمەنی سی ساڵی تێپەڕ دەكەن و دەگەنە ناوەڕاستی ساڵانی سییەكانی تەمەنیان ئاستی هونەرییان دادەبەزێت و تا لەچل ساڵی نزیك ببێتەوە ئەو هێز و توانایەی ساڵانی بیستەكانی تەمەنی نامێنێت.
بەڵام لەوەدەچێت چەند یاریزانێك ئەم یاسایە سەروژێر بكەنەوە و بەدرۆی بخەنەوە بەوەی لە چلەكانی تەمەنیان نزیك بوونەتەوە، كەچی هێشتا یاریزانە لێهاتوو و بەتواناكەی جارانن و دەتوانن لەم تەمەنەشدا ناوبانگی خۆیان بە گەورەیی بهێڵنەوە.
ئەوەتا كریستیانۆ رۆناڵدۆ 5/2/1985 لەدایكبووە، تەمەنی لە 37 ساڵ تێپەڕیوە، بەڵام هێز و تواناكەی بەوجۆرە دانەبەزییوە كە نەتوانێت یاریی بكات، شارەزایانی یارییەكە پێیان وایە دەتوانێت تا تەمەنی 40 ساڵیش هەر كریستیانۆ رۆناڵدۆ بێت و خۆیشی لە چەندین چاوپێكەوتنی رۆژنامەنووسیدا ئەمەی ووتووە.
ئەمساڵ بارودۆخی ئەم یاریزانە لەگەڵ یانەی مان یونایتد باش نییە، بەم تەمەنەوە دەیەوێت لەم یانەیە بڕوات، چونكە یانەكەی لە چامپیۆنس لیگدا بەشداریی ناكات، ئەم تەماعەش هی یاریزانێك نییە كەتەمەنی لە 38 نزیك بوبێتەوە بەڵكو تەماعی یاریزانێكە كە تەمەنی 25 ساڵ بێت.
لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی 24/6/1987 لە دایكبووە، تەمەنی 35 ساڵە، بەڵام هەر لیۆنێل میسییە و لەم تەمەندا چاوی لەوەیە جارێكی تر بە جامی چامپیۆنس لیگ و تەنانەت بۆ یەكەمین جار لە ژیانی خۆیدا جامی مۆندیالیش بەرز بكاتەوە.
هەر ئەوە نا ئەوەتا ئەمساڵ بۆندەكەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان كۆتایی دێت، یانەی بارسیلۆنا دەیانوێت وەرزی ئایندە بیگەڕێننەوە بارسا و لەو یانەیە و بە درێسی بارساوە جارێكی تر بەردەوامبێت و لەنێو هاندەرانی ئەم یانە كەتەلۆنییەشدا واز لە یارییكردن بهێنێت.
لەڕوی فسیۆلۆجی جەستەشەوە رەنگە تەماعی ئەم یاریزانانە لەجێی خۆیدا نەبێت، چونكە ئەم كریستیانۆ رۆناڵدۆیەی ئەمساڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆكەی 2012 نییە، ئەم كریستانۆیە ناتوانێت وەك كریستیانۆی ساڵی 2012  بێت لە ڕوی گۆشار بۆ سەر یاریزان و تیپی بەرامبەر، لەڕوی وەرگرتنەوەی تۆپ لە یاریزانی تیپی بەرامبەر و دروستكردنی هێرش لەسەر تیپی بەرامبەر لە لایەكانی یاریگاوە لاوازە، ئێستا ئەم تەنیا وەك هێرشبەرێكی (سەریح) یاریی دەكات، چونكە تواناكەی جارانی نییە.
خۆیشی لەم رووەوە دەڵێت: ئاستە هونەرییەكەم وەك خۆیەتی، تەنیا نەنگییەك كە هەمە ئەوەیە جەستەم ناتوانێت وەڵامی هەموو ئەو داواكارییانە بداتەوە كە خۆم دەمەوێت بیانكەم و ئەوەی بیر و هۆشم پێم دەڵێت بیانكەم.
لیۆنێل میسی رەنگە هێندێك لەم رووەوە لە كریستیانۆ باشتر بێت، بەو پێیەی كریستیانۆ دوو ساڵ زیاتر لە میسی گەورە ترە، میسی دەتوانێت زیاتر بەرگریی بكات و ئەسیستی زیاتر بكات و رۆڵی بەرگرییكردن و لێسەندنی تۆپ لە یاریزانی بەرامبەر ببینێت و دروستكردنی هێرش لە لایەكانی یاریگاوە بكات، لەگەڵ ئەمانەشدا میسی خۆی ووتویەتی تەمەن و توانای جەستە بەزەیی نییە.
زانستیش لەم رووەوە دەڵێت: یارییكردن لە تەمەنی سەرو 30 ساڵ و بەرە و ژوور تر دەشێت و كارێكی ئەستەم نییە، بەڵام رەنگدانەوەی  خراپی هەیە، ئەو یاریزانەی دەیەوێت لەو تەمەندا یاریی بكات دەبێت بەبەرنامەی زانستی و پزیشكی پارێزگاری لە جەستەی خۆی بكات، دەبێت باشیش ئەوە بزانێت كە جەستەی ناتوانێت هەموو داواكارییەكانی بیرو هۆشی بۆ جێبەجێبكات، پێویستەلەسەری ئەو رۆڵە ببینێت كە جەستەی رێگەی پێدەدات، نابێت زیادە رەوی لە خۆ نمایشكردندا بكات و گۆشاری زیاد لە پێویست لە جەستەی بكات وەك ئەوەی لە تەمەین 25 ساڵیدا كردوویەتی.
ئەم دوو یاریزانە جیهانییە لەم كێبڕكێیەشدا وەك سەرجەم كێبڕكێیەكانی تریان بەردەوامن، كریستیانۆ رۆناڵدۆ دەیەوێت میسی هەڵبخەڵەنێت بەوەی ئەم لە 38 نزیك بۆتەوەو هێشتا توانای تەواوی هەیە، ئەویش بۆ ركابەریكردنی كریستیانۆ بەردەوامە لە یارییكردن، بەڵام ئامارەكانی كریستیانۆ رۆناڵدۆ پێچەوانەی خۆ نمایشكردنییەتی لەبەر دەم میسیدا، ئەوەتا توانای گۆڵكردنی دابەزیوە و لە 2015 ەوە پێڵاوی زێڕینی نەبردۆتەوە.
وا وەرزی نوێ دەستیپێكردووە، هەردوو یاریزانەكەش بەردەوامن لە یارییكردن، میسی لە پی ئێس جی و كریستیانۆ تائەم ساتە لە مان یونایتدە، رەنگە كریستیانۆ تا كۆتایی وادەی هاتن و چوونی یاریزانان بڕیارێكی نوێ لە مانەوە یان رۆیشتن لەو یانەیە بدات، با ئەم وەرزەش ببینین كە ئایا میسی و كریستانۆ هەر میسی و كریستیانۆكەی جارانن یان جەستەیان وەڵامێكی ترمان دەدنەوە. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان