دەقی پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی جەژنی کرێکارانەوە
لە یەکی ئایار، رۆژی جیهانیی کرێکاراندا، پیرۆزباییەكی گەرم لە گشت كرێكاران و رەنجدەرانی بازوو لە هەرێمی كوردستان و عیراق دەكەین.
لە مێژووی كوردستاندا كرێكاران وەك چینێكی كاریگەر، وێڕای خەباتی چینایەتیان بۆ بەدیهێنانی مافە پیشەییەكانیان، لە خەباتی نیشتمانی و نەتەوەییشدا بۆ بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كورد پێشەنگ بوون و قوربانییەکی زۆریان داوە.
لەم بۆنە مێژووییەدا کە لە جیهاندا بۆ رێزلێنان لە خەباتی کرێکاران دیاریکراوە، تەئكید لە سیاسەتی نەگۆڕ و چەسپاوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەینەوە كە هەمیشە پشتیوانی چینی كرێكاران بووە بۆ جێبەجێكردنی گشت مافەكانیان لەپێناوی نەهێشتنی چەوساندنەوەی چینایەتی و چەسپاندنی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی هەردوو یاسای نوێی کار و یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی کە لە سایەیاندا ژیانێکی شایستە بۆ كرێكاران فەراهەم بکرێت.
درود بۆ گیانی پاكی ئەو كرێكارانەی لە تێكۆشان و مەیدانی كاردا گیانیان بەخشیوە، سەركەوتن بۆ خەباتی سەندیكایی و پەرەپێدانی ناوەرۆکی کۆمەڵایەتیی تێکۆشانی دیموکراتی و نیشتمانی لەپێناوی بەدیهێنانی مافەكانی كرێكاران دەخوازین.
پیرۆزە یەکی ئایار