راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
خوێندكار و مامۆستا دوانەیەکی تەواوكەری یەكترن لە پرۆسەی پەروەردە و خوێندندا، هەریەكەیان هەڵگری كۆمەڵێك تایبەتمەندین و بە یەکەوە پرۆسەکە تەواو دەکەن. بۆئەوەی بتوانن خوێندنگە بە شێوەیەكی دروست بەڕێوە ببەن، هەریەكەیان دەبێتە هەڵگری تایبەتمەندییەکانی ئەو ژینگەیەی لێوەی هاتووە و توانیویەتی تواناكانی خۆیانی تێدا یەكبخەن.
ساڵانە لە قوتابخانەکانی کەرکوکدا چالاکی جۆراو جۆر بەڕێوە دەچێت، چالاكییەکان تەواوكەری پرۆسەی خوێندنن و دەبێتە بنەمای پەروەردەیەكی دروست، كە بایەخ بە چالاكی و تواناکانی هەریەكە لە مامۆستا و خوێندكار دەدات، لەسەر ئەو بنەمایەی چالاكییەكانیان ببێتە دەروازەیەك بۆ گەیشتن بە خستنەڕووی هەستەكانیان، بە شێوەیەک كە چالاكییەكانیان خزمەت بە هەردوولا بكات.
دەرخستنی تواناکانی خوێندکار
شكور عەلی مامۆستا لە خوێندنگەی چەرموو، لەسەر چالاكی خوێندنگەكان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: هەموو ساڵێك لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆسەی خوێندندا، بایەخ بە چالاكی خوێندنگەكەكان دەدەین، ئەو چالاكییانەش خۆی لە بوارەکانی رۆشنبیریی، میوزیک و گۆڕانی، شیعر خوێندنەوە، شانۆگەریی و وەرزشیدا دەبینێتەوە، هەموو ئەمانەش دەبنە هۆی دۆزینەوەی تواناكانی خوێندكار و هەریەكە لە بواری خۆیدا ئەسپی خۆی تاو دەدات. ئێمەی مامۆستاش یاریدەدەرێكی گەورەین لە پرۆسەی سەركەوتنی ئەو چالاكییانەدا، لەبەرئەوەی بەبێ بوونی مامۆستا ئەو پرۆسەیە پێکنایەت.
رێکخستنی چالاکی خوێندگەکان و کردنیان پێویستییە، بۆ خستنەڕووی تواناکانی خوێندکار، هەندێکجار خوێندکار هەیە بە چەند چالاکییەکی جیاواز بەشداریی دەکات.
چالاکی قوتابخانەکان دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پەیوەندیییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان مامۆستا و خوێندکاران و ئەو بۆشاییانە کەمدەکاتەوە کە لەنێوانیاندا دروست بووە
جیاوازی چالاکییەکان لە ئێستا و رابردوودا
جوامێر محەمەد مامۆستایەكی خانەنشینە، بۆ كوردستانی نوێ وتی: ئەگەر بەراورد بکەین لە نێوان چالاکی خوێندنگەکان لە ئێستا و رابردوودا، جیاوازییەكی زۆر بەدی دەكەین، جاران هەموو خوێندنگەكان پابەندكرابوون بە كۆمەڵێك چالاكیی جۆراوجۆر، كە هەموو ساڵێك لەسەر ئاستێكی فراوانی پەروەردەدا جێبەجێ دەكرا و بەشێكیان لەسەر ئاستی پارێزگاكادا بەڕێوە دەبران، ئەوەش وایکردبوو تواناکانی خوێندکاران زیاتر دەرکەوێت، بەتایبەت لە بواری وەرزشدا چەندین یاریزانی بە توانا دەردەکەوتن.
وتیشی: بەداخەوە ئێستا ئەو جۆرە چالاكییانە کەمکراونەتەوە و لە چوارچێوەی خوێندنگەکاندا ماونەتەوە، ئەوەش وایکردووە چالاكییەكان پانتاییەكی بەرتەسكی هەبێت لە نێوان خوێندکار و مامۆستایانی خوێندنگەیەکدا، پەروەردەش وەك پێویست ئەرکەکانی جێبەجێ ناکات بۆ بەڕێوەچوونی چالاکییەکان، هەروەها بینای خوێندنگەکانیش بچووک بوونەتەوە و وەک پێویست گۆڕەپان و باخچەیان نییە و هاوکارنین بۆ کردنی چالاکییەکان.
کاریگەریی دەروونی چالاکییەکان
هەموو ئەو چالاكییانەی لە خوێندنگەكاندا دەكرێت، لە رووی دەروونی و كۆمەڵایەتییەوە گرنگن و کاریگەریی لەسەر مامۆستا و خوێندکارانیش جێدەهێڵێت.
بڵند زەندی توێژەر و كۆمەڵناس، لەبارەی کاریگەریی چالاکییەکان لەسەر دەروونی خوێندکار و مامۆستا بۆ کوردستانی نوێ وتی: لەبەرئەوەی چالاکییەکانی خوێندکار و مامۆستایان چوارچێوەیەكی خۆڕسك و سروشتی وەردەگرێت، باوەڕبەخۆبوون لە هەردوولادا زیاتر دەکات.
وتیشی: چالاکی قوتابخانەکان کاریگەری خۆیان هەیە و دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پەیوەندیییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان مامۆستا و خوێندکاران و ئەو بۆشاییانە کەمدەکاتەوە کە لەنێوانیاندا دروست بووە.
پشتیوانیی لایەنی بەرپرس
بەڕێوەچوونی چالاکی قوتابخانەکان پێویستی بە پشتگیریی لایەنی بەرپرس لە پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە هەیە.
پەروین فاتیح سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و رۆشنبیریی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: پشتیوانی تەواو لە هەموو چالاكییەكی خوێندكاران و مامۆستایان دەكەین كە لە خوێندنگەكاندا دەکرێن، لەبەرئەوەی ئەو جۆرە چالاكییە پەروەردەیی و رۆشنبیرییانە دەبنە هۆی بنیاتنانی نەوەیەكی هۆشیار و خوێندەوار.
وتیشی: ساڵانە لە سەرجەم خوێندنگەكانی كەركوكدا، فێستیڤاڵی جۆراوجۆر دەکرێت، هەر پێكهاتەیە و كەلتووری خۆی لە خوێندنگەكەیدا نمایش دەكات، ئەرکی سەرشانی هەموومانە بەردەوام شانازی بە كەلتوور و دابونەرتی كوردەواری خۆمانەوە بكەین و لە بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا زیندوی بکەینەوە وەک، لەبەرکردنی جلوبەرگی كوردی، ئامادەکردنی خواردنە كوردەوارییەكان، زیندوکردنەوەی یاری و شایی و هەڵپەڕكێی کوردەواری، بۆئەوەی لە رێگەیانەوە ئەوانە بە نەوەی داهاتوو ئاشنا بکرێن.
چالاکی قوتابخانەکان هۆکارە بۆ بەهێزبوونی پەیوندی نێوان مامۆستا و خوێندکار