گرژییەکان لە نێوان ئیسرائیل و سوریا جارێکی دیکە دەستیپێکردوە و میدیا رەسمییەکانی سوریا ڕایانگەیاند، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی نوێی لە ناوخۆی ئەو وڵاتە ئەنجامداوە.
ئەم هێڕشانەش تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە نووسینگەی سەرۆکایەتی سوریا هێرشێکی پێشتری ئیسرائیلی لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق بە "پەرەسەندنێکی مەترسیدار" وەسف کردبوو.
بەپێی ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان، شەوی رابردوو، چەندین هێرشی سەربازیی ئیسرائیل لە ناوچە جیاجیاکانی سوریا، لەوانە دەوروبەری دیمەشق و پارێزگای حەما تۆمارکراون.
سوپای ئیسرائیل رایەگەیاندووە کە بە ڕەزامەندی سەرۆک وەزیران، بنیامین نەتانیاهۆ و وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە هێرشەکانیاندا بنکەیەکی سەربازی، چەکی دژە فڕۆکە و ژێرخانی مووشەکی سوریایان کردووەتە ئامانج.
ئیسرائیل رایگەیاندووە کە "رێگە نادات سوریا لە ناوچە سنوورییەکان مەترسی درووستبکات لەسەر وڵاتەکەیان".
ئەم پەرەسەندنانە دوای هەفتەیەک لە توندوتیژیی دێن لە پارێزگای سوەیدا، کە تێیدا زیاتر لە ١٠٠ کەس لە شەڕی نێوان هێزە لایەنگرەکانی حکومەت و چەکدارانی دروزی کوژران.
ئیسرائیل حکومەتی ئینتیقالی سوریای تۆمەتبار کردبوو بە کەمتەرخەمی لە پاراستنی کەمینەی دروز.
نەتانیاهۆ هێرشەکەی نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی بە "پەیامێکی ڕوون" بۆ حکومەتی ئینتیقالی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع ناوبردبوو.
نووسینگەی سەرۆکایەتی سوریاش لە بەیاننامەیەکدا هێرشەکەی بە "کردەوەیەکی نابەرپرسانە بۆ تێکدانی سەقامگیری" وەسف کرد و جەختیکردەوە کە سوریا سازش لەسەر سەروەری و ئاسایشی ناکات.