ئارۆ سامان
گەرمای هاوین لە عیراق، زۆر لەوە بەتینترە كە مرۆڤ بتوانێت بەبێ كارەبا و ئامێرەكانی فێنككەرەوە بەرگەی بگرێت، ژمارەی دانیشتوانی عیراقیش لە 46 ملیۆن كەس زیاترە و ئەو ژمارە زۆرەش پێویستی بە زیاتر لە 30 هەزار مێگاوات كارەبا هەیە، توانای بەرهەمهێنانی عیراقیش ئێستا لە 18 هەزار مێگاوات تێناپەڕێت، بەڵام هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی كەمیی كارەبا لەئارادایە و بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكە لە پارێزگا و قەزا جیاوازەكان، پرۆژەیەكی گەورەی كارەبای لەبەرنامەدایە و لەچەند پارێزگایەكدا دەست بە جێبەجێكردنی كراوە.
یەكەم پرۆژەی وزەی خۆر
سەرەتای ئەمساڵ وەزارەتی كارەبای عیراق بڵاویكردەوە، یەكەم پرۆژەی وزەی خۆر لە عیراق دەستپێدەكات كە بریتییە لە دانانی نزیكەی 500 هەزار پانێڵی خۆر و پێشبینی دەكرێت 40 هەزار لەوانە تا مانگی شوباتی 2026 دابنرێن.
ئەم دەستكەوتە بەشێكە لە پلانێكی فراوانتر كە بەرهەمهێنانی 525 مێگاوات وزەی خۆر دەكاتە ئامانج و چەندین پارێزگای ناوەڕاستی عیراق دەگرێتەوە.
وەزارەت ئاماژەی بەوەشداوە: قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە لە ماوەی 365 رۆژدا جێبەجێ دەكرێت. زیاد عەلی فازڵ وەزیری كارەبای عیراقیش جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە ئامانجی ئەم پرۆژەیە كەمكردنەوەی هێنانی وزەیە لە دەرەوەی وڵات. یەكەم هەنگاوی پرۆژەكەش 15ی ئابی 2024 لە كەربەلاوە دەستیپێكرد، كە لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە بەردی بناغەكەی دانرا.
پێویستی گەورە و دەرفەتی بەردەست
هادی عەلی تەها شارەزای وزە دووپاتی كردەوە، كە عیراق پێویستی بە نزیكەی 30 بۆ 40 هەزار مێگاوات كارەبا هەیە بۆ دابینكردنی تەواوی پێداویستییەكانی، بە تایبەتی لە وەرزی هاوین و زستاندا كە لوتكەی بەكارهێنانی كارەبایە، بەڵام ئێستا عیراق توانای بەرهەمهێنانی كارەبای تەنها 18 هەزار مێگاواتە. هەروەها جەختی لە توانای دامەزراندنی وێستگەی وزەی خۆر و با لە عیراق كردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو رووبەرە بەرفراوانەی زەوی كە لە پارێزگاكانی باشوور وەك موسەنا و پارێزگاكانی رۆژئاوا وەك ئەنبار بەردەستە.
كۆسپەكانی بەردەم پرۆژەكان
سەرەڕای توانا بەرچاوەكانی عیراق، كە ساڵانە زیاتر لە سێ هەزار كاتژمێر تیشكی خۆر وەردەگرێت، كەرتی وزەی خۆر رووبەڕووی كۆمەڵێك ئاستەنگ دەبێتەوە.
ئەندازیار ئەحمەد مەسعود، بەڕێوەبەری فرۆشتنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە كۆمپانیایەكی جیهانی بەرهەمهێنەری بۆردی خۆر بۆ وزە روونیكردەوە، كە بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری پلەی گەرما و بڵاوبوونەوەی خۆڵ لە عیراق كاریگەریی نەرێنی لەسەر كارایی بەرهەمێهانی وزەی خۆر هەیە.
جەختیش دەكاتەوە، جگە لەوەش بازاڕی وزەی خۆر لە عیراق پێویستی بە پەرەپێدانی هەیكەلی كارگێڕیی خۆی هەیە و باجی گونجاو بۆ رێكخستنی بەكارهێنانی كارەبای نوێبووەوە دابنرێت، پێویستی بە باشتركردنی تۆڕەكانی دابەشكردن و ناساندنی پێوەری زیرەكیش هەیە بۆ ئەوەی توانای بەرهەمهێنانی نوێ لەخۆبگرێت.
خۆری بەسڕە
وەزارەتی كارەبای عیراق دەستپێكردنی پرۆژەی (شەمس بەسرە)ی راگەیاند، كە گەورەترین پرۆژەی وزەی خۆرە لە وڵاتدا. پرۆژەكەش بە هاوكاری كۆمپانیای (Total Energies)ی فەرەنسی جێبەجێ دەكرێت.
وەزارەت روونیكردەوە: پرۆژەكە بەشێكە لە هەوڵەكانی وەزارەت بۆ هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی وزە و كۆمپانیای تۆتال ئینێرجی دەستیكردووە بە دروستكردنی وێستگەیەكی كارەبای خۆر لە پارێزگای بەسرە.
پرۆژەی (شەمس بەسرە) لەسەر رووبەری نۆ هەزار دۆنم لە بیابانی بەسرە درێژدەبێتەوە و نزیكەی دوو ملیۆن پانێڵی ( بۆرد)ی وەرگرتنی وزەی خۆر لەخۆدەگرێت كە بەسەر چوار یەكەی بەرهەمهێناندا دابەشكراون، وابڕیارە ئەم وێستگەیە هەزار مێگاوات كارەبای پاك بەرهەم بهێنێت و هەر یەكەیەك 250 مێگاوات كارەبا بەرهەم بهێنێت.
(قەتەر ئینێرجی)یش بەشداریی دەكات
عەلا عەبدولحسێن، بەڕێوەبەری كۆمیسیۆنی وەبەرهێنانی بەسرە رایگەیاند، پرۆژەكە سێ ساڵی دەوێت تا تەواو دەبێت، هەروەها پرۆژەی وزەی خۆر، چوار قۆناغی لە عیراق بەم زووانە دەست پێدەكات.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو پرۆژەیەی وێستگەی وزەی خۆر كە لەلایەن كۆمپانیای تۆتاڵەوە پەرەی پێدەدرێت، لە قەزای ئەلزوبەیر لە دەڤەری ئارتاوی جێبەجێ دەكرێت.
عەبدولحسێن ئاماژەی بەوەشكرد، كۆمپانیای تۆتال ئینێرجی كۆمپانیایەكی بەناوبانگە لەم بوارەدا، بەو پێیەی بە بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای سەردەم و پێشكەوتوو و نوێترین دۆزینەوەی زانستی پرۆژەكە جێبەجێ دەكات.
كۆمپانیای (قەتەر ئینێرجی)یش بەشداری لە جێبەجێكردنی وێستگەیەكی زەبەلاحی وزەی خۆر لە عیراقدا دەكات، لەگەڵ كۆمپانیای تۆتال ئینێرجی، ئەویش لە چوارچێوەی گرێبەستە 27 ملیار دۆلارییەكاندایە.
كۆمپانیای قەتەر ئینێرجی پێشتر رێككەوتنێكی لەگەڵ كۆمپانیای تۆتال ئینێرجی ئیمزا كردبوو بۆ هاوبەشیكردن لە پرۆژەی وزەی خۆر لە چوارچێوەی پرۆژەی گەشەی یەكگرتووی غاز لە عیراقدا.
وزەی خۆر لە دیالە ( خانەقین) وەك نموونە
لەدرێژەی پرۆژەكانی حكومەتی عیراقدا بەتایبەت وەزارەتی كارەبا، چەندین پرۆژەی گرنگی بەرهەمهێنانی وزەی خۆر لە دیالەش جێبەجێ دەكرێت، ئەندازیار جەواد فەیزوڵڵا، قائیمقامی خانەقین بۆ كوردستانی نوێ وتی: بەپێی پلانی دانراو بۆ قەزاو ناحیەكانی سنووری دیالە دەبێت شەش هەزار مێگاوات كارەبا بەوزەی خۆر بەرهەم بهێنرێت.
وتیشی: لە تەواوی شوێنەكان دەستكراوە بەدابینكردنی شوێن و مشت و مڕی چۆنێتی دەستپێكردنی پرۆژەكان و لەو نێوەندەشدا خانەقین وەك یەكەمین قەزا دوو پرۆژەی گرنگی تێدا جێبەجێ دەكرێت و هەرزوو نەخشەی دابینكردنی شوێنەكەیمان رەوانەی پارێزگا و ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران كردووە.
كێشەی كارەبای خانەقین چارەسەر دەكات
قائیمقامی قەزای خانەقین باس لەوەش دەكات، پرۆژەی یەكەم كە لەلایەن كۆمپانیایەكی چینیەوە جێبەجێ دەكرێت و لەلایەن پارێزگارەوە چاودێری دەكرێت، دروستكردنی وێستگەیەكە كە 150 مێگاوات كارەبا بۆ خانەقین بەرهەم دەهێنێت و ئێمەش بۆ ئەو مەبەستە 1000 دۆنم زەویمان بۆ دابینكردون، هەرچەند رووبەری زەویەكە سێ هێندەی ئەوەیە، ئەویش لەبەر ئەوەی بۆ داهاتوو سوودی لێوەربگیرێت و فراوانتر بكرێت.
جەختیشی كردەوە، پرۆژەی دووەمیش بەهەمان شێوە بەرهەمهێنانی 150 مێگاواتە كە 350 دۆنم زەویمان بۆ دابینكردووە و پرۆژەی وەبەرهێنانە و لەلایەن ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە سەرپەرشتی دەكرێت.
وتیشی: خانەقین پێویستی بە 148 مێگاوات كارەبایە بۆ ئەوەی تەواوی كێشەكانی چارەسەر بێت، بە تەواوبوونی هەریەكێك لەو پڕۆژانە كێشەی كارەبای خانەقین بۆ هەمیشە چارەسەر دەبێت.
وزەیەكی پاك و بەردەوامە
لەبارەی گرنگیی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆرەوە ئەندازیار جەواد قەیزوڵڵا وتی: باشترین جۆری وزەیە، چونكە ئەم وزەیە پاك و بێگەردە و هیچ زیانێكی نییە بۆ ژینگە، واتە كاریگەریی لەسەر پیسبوونی ژینگە نییە.
باسی لەوەشكرد، هەروەها وزەیەكی بەردەوامە، واتە بەردەوام بوونی هەیە، چونكە پەیوەندی بەرووناكییەوە هەیە و عیراقیش دەوڵەمەندە بەوزەی خۆر، هەروەها لە رووی جیهانی نوێوە زۆربەی وڵاتان پەنایان بۆبردووە و كاری لەسەر دەكەن.