گرفتە تەندروستییەکان لە سنووری راپەڕیندا

12:05 - 2025-05-04
دووتوێ
36 جار خوێندراوەتەوە

    تەها محەمەد 

تەندروستیی راپەرین بەردەوام ناوەندی نوێی تێدا دەكرێنەوە و سەرەڕای ئەوەش ساڵانە ژمارەیەك كارمەند خانەنشین دەبن، بۆیە بەردەوام پێویستی
بە دامەزراندنی كادری نوێیە

كەرتی تەندروستیی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، یەكێكە لە كەرتە گرنگەكانی سنوورەكە و ساڵانە نزیكەی 500 هەزار هاووڵاتی سەردانی سەرجەم نەخۆشخانە گشتییەكان و مەڵبەند و بنكە و سەنتەرە تەندروستییەكان دەكەن .
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین لە ساڵی 2003 دا كراوەتەوە، سنوورێكی بەرفراوان لەخۆدەگرێت و خزمەتگوزارییەكانی پێشكەش بە سێ قەزا و 10 ناحیەی سنوورەكە و سەدان گوند دەكات.
ئەم سێكتەرە كە لە حەوت نەخۆشخانە و 18 مەڵبەندی تەندروستی و 85 بنكەی تەندروستی و 11 سەنتەر و چەند ناوەندێكی دیکە پێكدێت، جگە لە سەدان كارمەندی خۆبەخش، نزیكەی 2500 كارمەندی رەسمی و گرێبەست  لە سنوورەکەیدا خزمەت دەكەن.
كەرتی تەندروستیی راپەڕین سەرەڕای پیشكەشكردنی ئەو خزمەتە زۆرە، هاوکات پێویستی بە پێشخستنی زیاترە و بەردەوام لەكاتی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكاندا رووبەڕووی چەندین گرفتی دارایی و تەكنیكی و مرۆیی دەبێتەوە، بۆیە ئەگەر بمانەوێت ئەو كەرتە زیاتر جێگەی رەزامەندیی هاووڵاتیان و سنوورەكە بێت، ئەوا چەند هەنگاوێكمان پێویستە، لەوانە:

-1توانای مرۆیی و پسپۆڕی جیاواز
كەرتی تەندروستی راپەرین كە سنوورەكەی فراوانە و بەردەوامیش ناوەندی نوێی تەندروستی دەكرێنەوە و ساڵانەش ژمارەیەك كارمەند خانەنشین دەبن، بۆیە بەردەوام پێویستی بە دامەزراندنی كادری نوێی تەندروستییە بە سەرجەم بەشەكانەوە، بەتایبەتیش هەندێك لە پسپۆڕییە پزیشكییە جۆراو جۆرەكان.

-2 كردنەوەی بەشی نوێ
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕیندا، كۆمەڵێك بەشی نوێ پێویستە بكرێنەوە لەپێناوی كارئاسانی بۆ هاووڵاتیان و كەمكردنەوەی خەرجیی ناردنە دەرەوەی نەخۆش بۆ دەرەوەی سنوورەكە كە ساڵانە بودجەیەكی زۆر بۆ ئەو بواردە خەرج دەكرێت، بۆیە بە كردنەوە و فراوانكردنی چەند بەشێكی تەندروستی تایبەت بە (سەنتەری دڵ، چاودێریی چڕ و خودەجی منداڵان) كە بەشێكی زۆری رەوانەکردنی نەخۆش بۆ ئەو بوارانەیە، چارەسەر دەبێت.

 3-لایەنی دارایی 
بەهۆی زۆریی ژمارەی دانیشتووان و ناوەندە تەندروستییەكان، ئەو بەشە بودجەیەی بۆ كڕینی دەرمان و پێداویستیی پزیشكی و نوێکردنەوە و خەرجیی دامەزراوە تەندروستییەكان دانراوە، پێویستی بە زیادكردنە، چونكە ساڵانە رێژەی دانیشتووان لە زیادبووندایە و بەش و ناوەندی نوێش دەكرێتەوە.

4- جیاكردنەوە و رێكخستنی كەرتی گشتی و تایبەت
لە سنوورەكەدا بەهۆی نەبوونی چاودێرییەكی بەهێزەوە بۆ پابەندكردنی تەواوی كەرتی تایبەت بە رێنماییەكانی تەندروستییەوە، تێكەڵییەكی زۆر لەنێوان كەرتی گشتی و تایبەتدا هاتووەتە ئاراوە و ئەمەش كاریگەریی لەسەر خزمەتگوزارییەكانی كەرتی گشتی دروستکردووە .

5-  بیناو شوێنی خزمەتكردن
لە سنوورەكەدا بەشێكی زۆر لە بیناكانی كەرتی تەندروستی پێویستیان بە نوێکردنەوەیە و هاوکات پێویستیان بە دروستكردنی چەند شوێنێکی نوێیە بۆ كردنەوەی بەشی تەندروستیی دیکە كە زۆر پێویستن بۆ سنوورەکە. لەهەمان كاتدا ئەو كۆمەڵە بینایانەی ئیستا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیدا كاریان تێدا وەستێنراوە، لە ئەگەری بەگەڕخستنەوەیان و تەواوكردنیاندا بەشێكی زۆر لە گرفتی شوێن و كردنەوەی بەشی نوێ چارەسەر دەبێت.
6- كەمیی ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری
یەكێكی دیکە لە گرفتەكانی سنوورەكە كەمی و كۆنیی ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزارییە بۆ راپەڕاندنی كاروباری رۆژانەی ناوەندە تەندروستییەكان، بەجۆرێك هەندێك لەو ئۆتۆمبێلانەی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكە بەهۆی كۆنییانەوە بەشێكی زۆر بودجەی ئەو كەرتە بۆ چاككردنەوەیان دەبات، بۆیە دابینكردنی ئۆتۆمبێلی نوێ پێویستییەكی گرنگە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان