راپۆرتی: جەمال ئارێز
دوای خەباتێکی 50 ساڵە، دواجار لەگەڵ پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان، پارتی کرێکارانی کوردستان «پەکەکە» دوو بڕیاری دا، خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان.
ئەم دوو بڕیارە لە 12-یەمین کۆنگرەی ئەو حزبەدا کۆدەنگی لەسەر بووە و رۆژی دووشەممە 12-5-2025 راگەیاندنی رەسمیی پەکەکە بڵاویکردەوە، کاردانەوەکانیش زۆربەیان ئەرێنین و پشتیوانیی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نیودەوڵەتی بەدواداهاتووە، ترسێکیش هەیە لەوەی بەدەنگەوەچوونی حکومەتی تورکیا بەو شێوەیە نەبێت، کە بانگەوازخوازانی ئاشتی تەمەننای دەکەن.
بە هەرحاڵ، لەم راپۆرتەدا شەن و کەوێکی مێژووی دوورونزیکی پارتە شۆڕشگێڕ و چەکدارەکان دەکەین، بزانین چۆن بڕیاری مێژووییان داوە و بە چی گەیشتوون؟.
پەکەکە بۆ ئێستا ئەو بڕیارە دەدات؟
دوای ئەو هەنگاوە مێژووییەی پەکەکە، هێشتا هەنگاوێکی پراکتیکیی بەرجەستە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە نەنراوە بۆ دڵنیابوونی خەڵک، هەرچەندە قسەی کاربەدەستانیان بە جۆرێك پۆزەتیڤە، بەڵام دڵنیایی زیاتر پێویستە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ئاماژانەی لە سێبەری دێڕەکانی لێدوانی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و راگەیاندراوەکەی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتەدا دەخوێنرێتەوە، پێناچێت پەکەکە هەنگاوێکی لەو شێوەیەی بە هەوانتە نابێت، لەکاتێکدا ئەو حزبە لە بەهێزترین دۆخی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیی تورکیا لە 1999، کە هەموو دەسەڵاتێکی رەها لەدەستی سوپا و دادگاکاندا بوو، لەدوای دەستگیرکردنی سەرۆکەکەیان و دەرکردنیان لە بیقاع و کەرتبوونی حزبەکەشیان لەو قۆناغەدا، ئامادەی چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە نەبوون.
ئێستا کە تورکیا لە دۆخێکی خراپتری سیاسی و سەربازیی و ئابووریدایە و جۆرێک لە مامەڵەی پۆزەتیڤی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش لەگەڵ هێزە هاوتەریبەکانی پەکەکەدا هەیە و ئەنقەرەش لە ململانێدایە بەشێوەی جیاجیا لەگەڵ زۆربەی ئەوروپا و ئەمریکا و روسیا و ئیسرائیلدا، پێناچێت پەکەکە بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات ئەگەر تروسکاییەکی ئەوسەری تونێلەکەی لێوە دیار نەبێت، یاخود گەرەنتییەکی نێونەتەوەیی وەرنەگرتبێت.
رێوڕەسمی ئیمزاکردنی رێککەوتننامەی ئۆسلۆ لەنێوان عەرەفات و رابین
نە پەکەکە یەکەم حزبە و نە تورکیاش یەکەم دەوڵەت
ئەگەر چاوێک بە مێژووی بزووتنەوە چەکدارییە شۆڕشگێڕەکانی زۆربەی جیهاندا بگێڕین، ئەم گەمەیەی نێوان تورکیا و پەکەکە نموونەی زۆرە و چەندین حزب و بزووتنەوەی چەکداریی دیکە لەمێژووی ململانێکاندا لەگەڵ دەوڵەتانی سەردەست لە قۆناغێکدا کەوتوونەتە دانوستاندنی ناڕاستەوخۆوە و دواتر گەیشتوونەتە ئاستی دانوستاندنی راستەوخۆ و پاشان بە گۆڕینی چەند ماددە و بڕگەیەکی دەستوور و یاساکان لەلایەن دەوڵەتەکانەوە، هێزە چەکدارەکان کە پێشتر بە (تیرۆریست، یاخی، تێکدەر، گێرەشێوێن، چەتە) و هەزار و یەک ناو و ناتۆرەی دیکە وەسفکراون، وەک هێزێکی سیاسیی بێچەک قبووڵکراون و تێکەڵ بە ژیانی سیاسیی مەدەنی و ئیدارەی دەوڵەتەکان بوون.
تەماشای ئەم نموونانە بکەن:
لە سەدەی بیستەمدا
*بزووتنەوەی رزگاریخوازیی فەلەستین (فەتح) یەکێک لەو هێزانە بوو، کە پێشتر لەسەرئاستی نێودەوڵەتی و لەلایەن ئیسرائیلەوە وەک هێزێکی تیرۆریستی پێناسە دەکرا، بەڵام دواجار ئیسرائیل و ئەمریکا و خۆرئاواش گەیشتنە ئەو راستییەی نوێنەرایەتیی پرسێکی نەتەوەیی و سیاسی دەکات، بۆیە لەدوای شۆڕشی بەردەوە لە 1988 زۆرێک لە وڵاتانی جیهان وەک نوێنەری فەلەستینییەکان دانیان پێدانان و هەر لەو ساڵەشەوە ئیسرائیل دانوستانی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەگەڵدا دەستپێکرد تا بە رێککەوتننامەی ئۆسلۆی ساڵی 1993 کۆتاییهات و ئیسرائیل لە کەناری خۆرئاوا و غەززە کشایەوە و حکومەتێکی ئۆتۆنۆمی لە فەلەستیندا دامەزرا، هەروەها سەرکردایەتییەکەیان لە تاراوگەوە گەڕایەوە ناو وڵاتەکە.
*سوپای رزگاریی نیشتمانیی (ELN) و هێزە چەکدارە شۆڕشگێڕەکانی کۆڵۆمبیا (FARC)، ئەم دوو هێزە لە دوو بەهێزترین گروپی چەکداریی چەپی ئەو وڵاتە بوون و بۆ ماوەی چەند دەیەیەک لە شەڕ و پێکدادان بەردەوام بوون لەگەڵ دەوڵەتدا، بەڵام دوای دانوستاندنێکی درێژخایەن لە ساڵی 2016دا چەکیان دانا و خۆیان هەڵوەشاندەوە و تێکەڵ بە پرۆسەی سیاسیی کۆڵۆمبیا بوون.
*پارتی کۆنگرەی نیشتمانیی ئەفریقا (ANC)ی باشووری ئەفریقا، کە بۆ چەندین ساڵ سەرکردایەتیی خەباتی چەکداریی دژبە رژێمی ئاپارتایدی پریتۆریا کرد و تا قۆناغێکی درێژخایەن بزاوتی چەکداریی وەک بەشێک لە ستراتیژ بەکارهێنا، بەڵام بە خەباتی نیلسۆن ماندێلا و هەڤاڵەکانی و دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی رەگەزپەرستی، هێزە چەکدارەکەی خۆی هەڵوەشاندەوە و تێکەڵ بە پرۆسەی سیاسی بوو، لەیەکەم پرۆسەی هەڵبژاردنی دیموکراسیشدا لەساڵی 1994 دەسەڵاتی گرتەدەست و تائێستا لە لوتکەی حوکمڕانیدایە.
*سوپای کاتیی کۆماری ئێرلەندای باکوور (IRA)، ئەم گروپە چەند دەیەیەک خەباتی کرد بۆ یەکخستنەوەی هەر دوو بەشەکەی ئێرلەندا، بەڵام لە رێککەوتنی (هەینیی مەزن)دا باڵە سەربازییەکەی خۆی هەڵوەشاندەوە و باڵە سیاسییەکەشی کە بە (شین فین) ناسرابوو تێکەڵ بە پرۆسەی سیاسیی ئێرلەندا بوو، ئێستاش یەکێکە لە هێزە کاریگەرەکان.
*بەرەی نیشتمانیی رزگاریی جەزائیر، کە بۆ چەندین ساڵ دژی داگیرکاریی فەرەنسا لە جەزائیر خەباتی چەکداریی کرد و دواجار لە ساڵی 1962دا وڵاتەکەی رزگارکرد و بووە هێزی یەکەمی فەرمانڕەوا.
ماندێللا، رابەری شۆڕشی باشووری ئەفریقا
لە سەدەی بیستویەکەمدا
*بزووتنەوەی ئاچێ-ی ئازادیخواز لە ئیندۆنیسیا (GAM): ئەم بزووتنەوەیە بۆ ماوەی چەند دەیەیەک سەرکردایەتیی ململانێیەکی توندی جوداخوازانەی لە هەرێمی ئاچێ-دا کرد دژبە دەوڵەتی ئیندۆنیسیا، لەدوای شەپۆلەکانی تسۆنامی لەو وڵاتە لە 2004دا، لەگەڵ حکومەتی جاکارتادا کەوتنە دانوستاندنەوە و لە ساڵی 2005دا دەستبەرداری خواستی جیابوونەوە بوو، هەرێمەکەشیان بووە خاوەنی دەسەڵاتێکی ئۆتۆنۆمیی فراوان و حزبەکەش بووە حزبێکی سیاسیی لۆکاڵی.
*حزبی کۆمۆنیستی نیپاڵی، بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە شەڕدا بوو لەگەڵ حکومەتی نیپاڵ، بەڵام لە ساڵی 2006دا چووە ناو پرۆسەی سیاسییەوە و بەشداریی هەڵبژاردنی کرد و ئێستا بەشێکە لە لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت لەو وڵاتەدا.
*بزووتنەوەی ئیسلامیی رزگاریخوازی مۆرۆ (MILF) لە فیلیپین، کە سەرکردایەتیی جەنگێکی درێژخایەنی کرد بۆ بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی بۆ موسڵمانەکانی باشووری فیلیپین، بەڵام دوای ساڵانێک لە دانوستاندن و گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتدا گەیشتنە رێککەوتنێکی ئاشتی و بزووتنەوەکە گۆڕدرا بۆ حزبێکی سیاسی بەناوی (حزبی بانجساموروی یەکگرتوو بۆ دادپەروەریی - UBJP).
*رێکخراوی ئیتا (Euskadi Ta Askatasuna) کە بەواتای هەرێمی باسک و ئازادی دێت، ئەمەش بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی جوداخوازی توندڕەو بوو لە هەرێمی باسک کە دابەشبووە بەسەر ئیسپانیا و فەرەنسادا و بەدرێژایی ساڵانی (1959 - 2018) لە خەباتی چەکداریی بەردەوام بوو.
ئامانجی سەرەکیی ئەم بزووتنەوەیە دامەزراندنی دەوڵەتێکی یەکگرتوو بوو بۆ باسکییەکان کە بەسەر ئیسپانیا و فەرەنسادا دابەشبوون.
چەند ساڵێکە دەستبەرداری توندوتیژیی بووە و لەڕێگەی چەند حزبێکەوە کە هەڵگری هەمان ئایدیان وەک حزبی هيري باتاسونا (Herri Batasuna) کە ساڵی 1978 دامەزرێنراوە، لەهەوڵی چوونە ناو پرۆسەی سیاسیدایە، بەڵام بەهۆی نزیکییەوە لە ئیتا لە ساڵی 2004دا لەلایەن ئیسپانیاوە قەدەغە کرا، ئیتاش هێشتا بێئومێد نەبووە هەر لەهەوڵەکانی بەردەوامە هەتا بەڕەسمی وەکو حزبێکی سیاسی رێگەی پێبدرێت بەشداریی پرۆسەی سیاسی بکات، بەڵام رێگەکەی ئاڵۆزە.