لە رێوڕەسمی کردنەوەی ئەکادیمیای پەروەردە و پەرەپێدانی کادراندا

رفعەت عەبدوڵا: وەک یەکێتی سەرمایەگوزاریی لە توانای کادرەکانماندا دەکەین

12:02 - 2025-05-13
ڕاپۆرت
38 جار خوێندراوەتەوە

لەبەر رۆشنایی یەکەمین دیدار و راسپاردەکانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و بە ئامانجی پەروەردەکردنی کادری گەنج و بەتوانا لە کچان و کوڕانی یەکێتی، لە دەستپێشخەرییەکی نوێ و رێوڕەسمێکی شایستەدا، ئەکادیمیای پەروەردە و پەرەپێدانی کادران، کرایەوە. 
لە رێوڕەسمەکەدا کە بە ئامادەبوونی رفعەت عەبدوڵا جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، د.یوسف گۆران لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتی و ژمارەیەک لە ئەندمانی مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی بەڕێوەچوو، سەرەتا د.مۆفەق خالید لێپرسراوی ئەکادیمیاکە باسێکی وردی لەبارەی گرنگیی و سیستمی خوێندنی کادران و پرۆسەی ئامادەکارییەکان پێشکەشکرد. 
د.یوسف گۆران: ئامانجی ئێمە پەروەردە و پەرەپێدانی گەنجانمانە
دواتر د.یوسف گۆران لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتی باسی لە سیاسەتی ئەکادیمیاکە کرد و وتی: ئامانجی ئێمە پەروەردە و پەرەپێدانی گەنجانمانە لە بوارە جیاجیاکاندا، بۆیە لە پرۆسەیەکی دوور و درێژدا هەوڵدەدەین بەشێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی سەردەمییانە، کادرانمان لە چەندین بابەتدا پسپۆڕی وەربگرن بۆئەوەی لەو رێگەیەوە بتوانین کادری چۆنایەتی پێبگەیەنین. 
رفعەت عەبدوڵا جێگری سەرۆکی ی.ن.ک-یش لە وتەیەکدا وێڕای دەستخۆشی لە مەڵبەندی دیراسات، رایگەیاند: برەودان بە توانای کادران و پێگەیاندنیان بەپێی پێدراوە نوێیەکان و بۆ باشتر جێبەجێکردنی ئەرکەکان، پێوستییەکی ئێستای یەکێتییە و وتیشی: کردنەوەی ئەکادیمیای کادران، پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژییە بۆ پەروەردە و دروستکردنی کادری شارەزا و لێهاتوو، بۆیە دەبێت بە هەموومان کار بۆ سەرخستنی ئەکادیمیاکە بکەین.
هەروەک باسی لە گرنگی و رۆڵی کادر کرد و رایگەیاند: یەکێتی و سەرۆک مام جەلال، لە خەباتی شاخەوە گرنگییان بە خول و  پێگەیاندنی کادر داوە و لەدوای راپەڕینیش خۆی سەرپەرشتیی پەیمانگەی کادرانی کردووە و بە پەرۆشەوە چاودێریی خولەکانی دەکرد و خۆشی وانەی پڕ بایەخی بە کادرەکان دەوتەوە.
جێگری سەرۆکی یەکێتی، بەگرنگییشەوە باسی لە سەرمایەی مرۆیی کادرانی یەکێتی کرد و بە گەنجینەیەکی گرنگی یەکێتی وەسفکرد و وتی: وەک یەکێتی سەرمایەگوزاریی لە توانای کادرەکانماندا دەکەین.
هەروەک رۆشنایی خستەسەر گۆڕانکارییە حزبییەکان و باسی لە دروستکردنی کادری چۆنایەتی کرد و چالاککردنەوەی سەرجەم ئۆرگانەکانی بەئامانجی سەرەکی دانا.
خولی دیپلۆمی کاری حزبی
لەبارەی خولەکەی ئێستا و ماوەکەیەوە، تەحسین تەها چۆمانی رایگەیاند: ماوەی سێ مانگە سەرقاڵی ئامادەکاریین بۆ ئەو پرۆگرامە و وتی: بەگوێرەی پەیڕەو و پرۆگرامی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 27 - 30/9/2023،  ئەرکی پەروەردەکردنی کادر لە ئەستۆی مەڵبەندی دیراساتی یەکێتییە، بۆیە لە یەکەمین کارماندا دەستمان کردووە بەم هەنگاوە و ئەمڕۆش بە ئامادەبوونی 120 کادری حزبی و بۆ ماوەی (7) مانگ لێرە دەبن، خولێکی تایبەتمەندیی دەبینن لێرە سەبارەت بە (کاری حزبی، رێکخراوەیی، هەڵبژاردن).
لەبارەی جۆری وتنەوەی خولەکانیشەوە، دەڵێت: خولەکە بەشێوەی دوو کۆرس دەوترێنەوە، جگە لەوەش ئەکادیمیاکە دوای ئەوەش بەردەوام دەبێت و لە داهاتووشدا خولی باشتر و بەهێزتر دەکەینەوە.
لەبارەی پێگەی داهاتووی کادرەکانیشەوە، روونیکردەوە کە ئەم کادرانە دوای تەواوکردنی خولەکە، بڕوانامەیان پێدەدەرێت و لەشوێنی شایستە بەخۆیان لەناو ئۆرگانەکاندا شوێنیان دەکرێتەوە.
خولەکان بەردەوام دەبن
 تەحسین تەها هەروەها روونیکردەوە کە کادران لە زاخۆوە تا خانەقین بەشداریی خولەکە دەکەن کە پێشتر بە شێوەی فۆرمی ئەلەکترۆنی خۆیان تۆمارکردووە، هەڵبژاردنیشیان بەشێوەیەکی شەفافانە بەڕێوەچووە و لە تەمەنی 18 تا 28 ساڵ وەرگیراون، تەئکیدیشی لەوەکردەوە کە دوای تەواوبوونی خولەکە، خولی دیکە بەردەوام دەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان