راپۆرتی: ئارۆ سامان
رۆژی پێنج شه‌ممه وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق و كۆمپانیای (جیۆجید)ی چینی له مه‌راسیمێكدا نزیكبوونه‌وه‌یان له ده‌رهێنانی نه‌وت و غاز راگه‌یاند، ئه‌ویش دوای تێپه‌ڕاندنی قۆناغه‌كانی رووپێوی چینی دووه‌م و سێیه‌می بومه‌له‌رزه‌زانی له په‌راوێزی خولی پێنجه‌می مۆڵه‌تپێداندا و ته‌واوكردنی كاره‌كانی گه‌ڕان و دۆزینه‌وه.
باسم محه‌مه‌د، بریكاری وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق به كوردستانی نوێی رایگه‌یاند، پڕۆژه‌ی نه‌وت و غاز له‌لایه‌ن كادیره نیشتمانییه‌كانه‌وه به هاوكاری كۆمپانیای جیۆجیدی چینی و به‌پێی گرێبه‌ستێكی پێنج ساڵه جێبه‌جێ ده‌كرێت.
وتیشی: حكومه‌تی عیراق كارده‌كات بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و غازه‌ی كه پێشتر له ئێرانه‌وه هاورده ده‌كرا بۆ پڕكردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌پێویستییه‌كان، ئه‌ویش له رێگه‌ی ئه‌و غازانه‌ی كه له كێڵگه پێشكه‌وتووه‌كانی عیراقدا ده‌رده‌هێنرێن.
كێڵگه‌ی نه‌فتخانه
ناوچه‌ی نه‌فتخانه كه ده‌كه‌وێته پارێزگای دیاله له سنووری قه‌زای خانه‌قین و نزیك له قه‌زای مه‌نده‌لی، به درێژایی 140 كیلۆمه‌تر سنووری نێوان عیراق و ئێرانی هه‌یه و ده‌كه‌وێته باكووری خۆرهه‌ڵاتی به‌غدای پایته‌خته‌وه. به پله‌ی یه‌كه‌م زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی كوردی فه‌یلی شیعه مه‌زهه‌بن، كه به هۆی شه‌ڕ و ململانێكانه‌وه چه‌ندین جار ئاواره بوون، له‌گه‌ڵ كه‌مینه‌یه‌كی عه‌ره‌بی سوننه، هه‌روه‌ها به ناوچه‌یه‌كی ناكۆكی له نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ناوه‌ندی ناسراوه.
ناوچه‌كه ده‌وڵه‌مه‌نده به سامانێكی به‌رچاوی نه‌وت، نه‌وته‌كه‌ی له باشترین و ئاسانترینه‌كان داده‌نرێت بۆ ده‌رهێنان، كێڵگه‌ی نه‌وتی نه‌فتخانه كه درێژییه‌كه‌ی 20 كیلۆمه‌تر و پانییه‌كه‌ی 4.5 كیلۆمه‌تره، كێڵگه‌یه‌كی هاوبه‌شه له‌گه‌ڵ ئێران، 42 بیری تێدایه كه 14 بیریان له عیراق له ناوچه‌ی نه‌فتخانه و 28 بیریان له خاكی ئێراندان كه به (كێڵگه نه‌وتییه‌كانی شای ئێران) ناسراون.
ته‌نیا چواریان چالاكن
هه‌رچه‌نده ئه‌و به‌شه‌ی ده‌كه‌وێته عیراقه‌وه 14 بیری تێدایه، به‌ڵام ئێستا ته‌نیا چوار بیریان چالاكن و نزیكه‌ی هه‌زار و 200 به‌رمیل له رۆژێكدا به‌رهه‌مده‌هێنن، ئه‌م نه‌وته جاران له رێگه‌ی بۆرییه‌كه‌وه له كێڵگه‌كانه‌وه بۆ پاڵاوگه‌ی دۆره له به‌غدا ده‌گوازرایه‌وه، به‌ڵام ئه‌م گواستنه‌وه‌یه سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و دوای دۆزینه‌وه‌ی پێشێلكاری له‌سه‌ر هێڵی بۆری نێوان كێڵگه‌كه و پاڵاوگه‌ی دۆره راگیرا، هۆكاری پێشلكارییه‌كه‌ش ده‌ستوه‌ردانی كوتله و هێزه‌چه‌كداره‌كان بوو له ناوچه‌كه‌دا.
جوگرافیای ناوچه‌كه گرنگییه‌كی ستراتیژی هه‌یه، به‌و پێیه‌ی ده‌روازه سنوورییه‌كانی مه‌نده‌لی و مونزریه له‌گه‌ڵ ئێران هاوسنووره، ئه‌مه‌ش كێبڕكێی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ له‌سه‌ر شاره‌كه زیاتر ده‌كات.
كاری گه‌ڕان ته‌واوبووه
باسم محه‌مه‌د بریكاری وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق زانیاری زیاتری خسته‌ڕوو، وتی: ئێمه رووپێوی بومه‌له‌رزه‌یی دوو قۆناغی و سێ قۆناغیمان ته‌واو كردووه بۆ دیاریكردنی شوێنی بیره‌كان له كێڵگه‌ی نه‌فتخانه، پێش ده‌ستپێكردنی كاره‌كانی هه‌ڵكه‌ندن له خولی پێنجه‌می مۆڵه‌تدان.
باسی له‌وه‌شكرد: حكومه‌ت هه‌وڵ ده‌دات دڵنیابێت له‌وه‌ی هه‌موو پارێزگاكان به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وتن، پڕۆژه‌كانی گه‌ڕان به‌دوای نه‌وتیشدا لێره ئومێدبه‌خشه، هیوادارین یه‌ده‌گی نه‌وت و غاز له كێڵگه‌ی نه‌فتخانه بڕێكی به‌رچاو بۆ یه‌ده‌گی نه‌وتی عیراق زیاد بكات.
ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد: پڕۆژه‌كانی دیكه‌ی دیاله بریتین له كێڵگه‌ی غازی مه‌نسوورییه، كه بۆ پاڵپشتیكردنی وێستگه‌ی غازی مه‌نسووریه ره‌وانه‌ی جێبه‌جێكردن كراوه. به‌پێی ئه‌و پلانه بڕی غاز له 400 ملیۆن پێی سێجا تێده‌په‌ڕێت.
جێگره‌وه‌ی غازی ئێران
باسم محه‌مه‌د، بریكاری وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق جه‌ختیكرده‌وه، حكومه‌ت پلانێكی هه‌یه، كه دوو ئامانجی سه‌ره‌كی له‌خۆ ده‌گرێت: یه‌كه‌میان كۆتاییهێنانه به سووتان و به‌فیڕۆچوونی غازی سروشتی، دووه‌میان زیادكردنی توانای به‌رهه‌مهێنانه له كێڵگه نه‌وتییه‌كاندا.
ده‌وڵه‌مه‌نده به‌نه‌وت و گاز
ئوسامه ره‌ئوف، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كۆمپانیای گه‌ڕانی نه‌وت وتی: ناوچه‌ی نه‌فتخانه ناوچه‌یه‌كی ئاڵۆزه و ئاسته‌نگی به‌رچاو بۆ پرۆسه‌ی گه‌ڕان به دوای نه‌وتدا دروست ده‌كات، دیارترینیان كۆسپی جوگرافی و ئه‌منییه، كه به هاوكاری له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی ناوچه‌كه‌دا دۆخه‌كه كۆنترۆڵ كراوه.
وتیشی: ئه‌م ناوچه‌یه توانای به‌رچاوی نه‌وت و غازی هه‌یه، به‌ڵام هێشتا زووه بۆ ئه‌وه‌ی ئاماری ورد بۆ ئه‌نجامه‌كان بخرێته‌ڕوو. ئه‌مه‌ش ته‌نها دوای شیكردنه‌وه و پرۆسێسكردنی زانیارییه بومه‌له‌رزه‌ییه‌كان رووده‌دات.
خانه‌قین ده‌وڵه‌مه‌نده
ئه‌ندازیار جه‌واد فه‌یزوڵڵا قائیمقامی خانه‌قین له لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ وتی: وه‌ك روونه ده‌رهێنانی نه‌وت پێویستی به چه‌ند قۆناغێكه، نه‌فتخانه كه وه‌ك یه‌كه‌م ناوچه‌ی نه‌وتی كه گه‌یشتووه‌ته به‌رهه‌می خۆی له‌ساڵی 1928دا پاڵاوگه‌ی ئه‌لوه‌ندی بۆ دروستكراوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له نه‌وه‌ده‌كاندا رژێمی به‌عس دایخستووه، هه‌ر بۆیه له‌ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق و كۆمپانیای جیۆجید چینی به‌مه‌به‌ستی ده‌رهێنانی نه‌وت و غاز پرۆژه‌یه‌كیان ده‌ستپێكردووه، كه هه‌نگاوی یه‌كه‌م رووپێوی جیۆلۆجی بووه، قۆناغی دووه‌میش گه‌ڕان بۆ بیره نه‌ته‌وه‌كان بووه كه %100ی كاره‌كانی زووتر له‌و ماوه‌یه‌ی بۆی دانراوه ته‌واوبووه.
وتیشی: له‌مه‌ودوا قۆناغه‌كانی تر ده‌ستپێده‌كات به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به ده‌رهێنانی نه‌وته‌كه و دواتر ره‌وانه‌كردنی بۆ پاڵاوگه نه‌وتییه‌كان.
گه‌ڕان له چه‌ندین شوێن به‌رده‌وامه
قائیمقامی قه‌زای خانه‌قین وتیشی: كۆمپانیا چینییه‌كه گه‌ڕانی له چه‌ندین شوێنی تر ده‌ستپێكردووه، كه له ده‌وروبه‌ری خانه‌قینن و نه‌خشه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه كه له رووی جیۆلۆجیه‌وه به‌پێی رێكاری زانستی خۆیان ده‌یانه‌وێت بلۆكه نه‌وتییه‌كانی ناوچه‌كه بدۆزنه‌وه و كاری ده‌رهێنانی له‌سه‌ر بكه‌ن.
ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه، كه له هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی پاڵاوگه‌ی ئه‌ڵوه‌ند جارێكی تر له ناوچه‌كه دابمه‌زرێننه‌وه و داوا له‌كۆمپانیا چینییه‌كه‌ش بكه‌ن، چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزارییان له ناوچه‌كه‌دا بۆ ئه‌نجام بدات، چونكه بیره نه‌وته‌كان له سنووری قه‌زای خانه‌قینن و به‌پێی یاساش، ده‌كرێت به‌شێك له داهاته‌كه‌ی بۆ ناوچه‌كه خه‌رج بكرێت.