چارەسەركردنی كێشەی مەرزە ناڕەسمییەكان

11:58 - 2022-08-09
دووتوێ
449 جار خوێندراوەتەوە
#مەرزەكان لەگەڵ ئەوەی داهاتێكی باشیان دەبێت، سوودێكی گەورەش بە دانیشتوانی ناوچەكە دەگەیەنن

ئاوێنەی عیراق

مەرزە سنورییەكان لە پێكهاتە سەرەكییەكانی چالاكییەكانی دەوڵەتن لەڕووی كاریگەریی لەسەر چالاكی بازرگانی وڵات، بە هەمان شێوە رۆڵییان لە پڕكردنەوەی ئەو كەلێنەدا دەبێت كە لە كەلوپەل و كاڵاو و پێداویستییەكاندا دروستدەبن و لە وڵاتانی دەوروبەرەوە هاوردە دەكرێن، بۆیە لەئێستادا بونەتە شادەماری ئابوری و هەوڵی راستەقینەش دەخرێتەگەڕ بۆ كردنەوەی مەرزی زیاتر و وابەستەكرنییان بە یەكترەوە، لەم ماوەیەی دواییشدا ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران سەردانی دەستەی مەرزە سنورییەكان كرد بۆ تاوتوێكردنی كۆمەڵێك لەو بابەتانەی پەیوەندییان بە بوارەكەوە هەیە. 

رێكارە حكومییەكان 
دكتۆر عومەر عەدنان وائیلی سەرۆكی دەستەی خاڵە سنورییەكان رایگەیاند:»ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەردانی دەستەكەیان كرد، لەپێناو تاوتوێكردنی ژمارەیەك لە بابەتەكان، لەوانە مەرزی سنوری كێلێ‌ لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران، لە كۆبوونەوەكەیدا رێكارە حكومییەكانی پێشوو سەبارەت بە بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران و لیژنەی توێژینەوەی تایبەت بە سودی ئەو كارانەی دەستەی خاڵە سنورییەكان دەیانكات، لەگەڵ خستنەڕووی ئەو هەنگاوە گەورانەی دەستەی خاڵە سنورییەكان هەڵیناوە لەپێناو بەستنەوەی مەرزە سنورییە رەسمییەكان و ناڕەسمییەكان لە هەرێمی كوردستان بە مەرزەكانی حكومەتی فیدراڵ كە سەر بە دەستەی خاڵە سنوییەكانن». 
خواستە باشەكان 
وائیلی پێخۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە سەردانی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و بە هەنگاوێك بۆ ئاسانكاریكردن لە رێكارەكاندا وەسفیكرد، چونكە دەچنە چوارچێوەی ئەو خواستە باشانەی بەدی دەكرێن، لەگەڵ راوبۆچوونی بەسودی پەرلەمانتاران كە دەچینە خانەی كاركردنی راستەقینە بۆ بەگەڕخستنی بابەتەكە، جەختیشی لەسەر رێكەوتن لەگەڵ پەرلەمانتاران كردەوە بۆ ئەنجامدانی سەردانی مەیدانی هەردوو، لەپێناو بەسەركردەوەی رەوشەكە و هەوڵدان بۆ جێبەجێكردنی بڕیارە حكومییەكان، لەو پێناوەی مەرزی كێلێ‌ لە پارێزگای سلێمانی بكرێتە خاڵێك بۆ بەستنەوەی مەرزە ناڕەسمییەكان بە مەرزەكانی حكومەتی فیدراڵ و بخرێنە ژێر كۆنترۆڵی دەستەی خاڵە سنورییە فیدراڵییەكان. 

مەرج و پێداویستییەكان 
لای خۆیەوە، ئیمان عەبدولڕەزاق ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران كە یەكێك بوو لەو پەرلەمانتارانەی سەردانی دەستەی خاڵە سنورییەكانی كرد، رایگەیاند»ئەوان وەك وەفدێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، سەردانی دەستەی خاڵە سنورییەكانیان كرد، بۆ بابەتی مەرزە سنوزرییە ناڕەسمییەكان لەگەڵ دكتۆر عومەر وائیلی سەرۆكی دەستەی خاڵە سنورییەكان، بە دیاریكراویش مەرزی كێلێی سەر بە پارێزگای سلێمانی، تا بكرێتە مەرزێكی رەسمی، بەو پێیەی رێكارە رەسمی و یاساییەكان بۆ هەنگاوەكە لە ساڵی 2018وە دەستیانپێكردووە و تا ئەمڕۆ بەردەوامن، مەرزەكە هەموو مەرج و پێداویستییە یاساییەكانی لەو بارەیەوە تەواوكردووە، ئەوەی لەئێستاشدا پێویستە، تا مەرزی كێلێ‌ ببێتە مەرزێكی رەسمی، رەزامەندی حكومەتی فیدراڵ و دانپێدانی حكومەتی فیدراڵە». 
سود و قازانج 
بە وتەی ئیمان عەبدولڕەزاق»سود و قازانجی ئەو مەرزانە دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و گەلی عیراق، هەروەها سودێكی زۆری بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانەش دەبێت كە مەرزەكانیان تێدایە». 
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت»ئەو لیژنەیەی كە دەستەی خاڵە سنورییەكان بەنیازە پێكیبهێنێت، پێداچوونەوە بە دۆسێكانی تایبەت بە مەرزە سنورییەكان دەكات»، سوپاسی هەوڵی دەستەی خاڵە سنورییەكان و دكتۆر عومەر وائیلی سەرۆكی دەستەكەشی كرد، بۆ بەگەڕخستنی دۆسێكە»بەڵكو ببێتە دەستپێشخەرییەكی باس بۆ هەرێمی كوردستان و عیراق بە گشتی». 

زامنكردنی مافەكان 
وێڕای زۆرێك لە دانوستانەكانی نێوان ناوەند و هەرێم، بەڵام تائێستا هەردوولا نەگەیشتوونەتە چارەسەرێكی ریشەیی بۆ بابەتی مەرزە سنورییەكان، بەو پێیەی حكومەتی فیدراڵ پێیوایە دەبێت ئیدارەدانی سەروەت و سامانەكانی وڵات بە هەرێمی كوردستانیشەوە تەنیا لە دەستی حكومەتی فیدراڵدا بێت، بەپێچەوانەوە حكومەتی  هەرێم بە مافی خۆی دەزانێت بەو ناوچانە بەڕێوەببات كە لەژێر دەسەڵاتی خۆیدایە. 

داهاتی گورگ و باج لە هەرێمی كوردستان
لەگەڵ بەردەوامبوونی هەوڵەكان بۆ یەكحستنی داهاتی گورگ و داهاتەكانی تری ناوخۆی نێوان هەرێم و بەغدا، حكومەتی هەرێم ئەو داهاتانە بە گرنگ دادەنێت بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی، لەڕووی دابینكردنی مووچە و جێبەجێكردنی پرۆژەكان، لەو بارەیەوە  حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 6ی ئابی 2022 ڕایگەیاند، هەنگاوی گەورەی لەبواری كۆكردنەوەی داهاتی ناوخۆ هەڵنراوە، بە جۆرێك تەنیا داهاتی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵی گومرگ 848 ملیار دینار بووەو زیاتر لە418 ملیاریش لەوەرگرتنی باج كۆكراوەتەوە.
بەپێی راگەیەنراوێك كە لەلایەن فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حكومەتی هەرێمەوە بڵاوكرایەوە، چاكسازییەكان كاریگەری زۆری لەسەر كەمكردنەوەی خەرجییەكان‌و زیادكردنی داهاتەكان هەبووە، بەتایبەت لەبواری باج‌و گومرگ‌و لەئێستاشدا داهاتی باج‌و گومرگ بەبەراورد بەساڵانی ڕابردوو چەند بەرامبەر زیادبووە، بەبێئەوەی هیچ بڕێك لەوەرگرتنی باج زیادكرابێت.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هابتوو، بەپێی داتاكان لەوەزارەتی دارایی داهاتی گومرگ چەند بەرامبەر زیادیكردووە بەشێوەیەك لەساڵی 2016 داهاتی گومرگ 0.563 ترلیۆن دینار بووە، لەساڵی 2017 بووە بە0.746 ترلیۆن‌و لە2018 زیادیكردووە بۆ 0.956 ترلیۆن‌و لەساڵی 2019ش بڕەكە بۆتە 1.566 ترلیۆن دینارو لە2020 بڕەكە زیادیكردووە بۆ 1.408 ترلیۆن، هەروەها لەساڵی 2021یش بۆ 1.691 ترلیۆن، لەشەش مانگی یەكەمی ئەمساڵیش داهاتی گومرگی هەرێم 0.848 ترلیۆن دینار بووە، واتە 848 ملیار دینار”.
لەبارەی هۆكارەكانی زیادبونی داهاتی گومرگیش لەهەرێم فەرمانگەی میدیاو زانیاریی لەزاری وەزارەتی داراییەوە بڵاویكردەوە، “ئازادكردنی كاری بازرگانی‌و ترانزێت، نەهێشتنی قۆرخكاری، بەئەلیكترۆنیكردنی سیستەمی گومرگ لەدەروازەو فڕۆكەخانەكان، كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری گومرگ، لەهۆكارە سەرەكیەكانن”.
فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حكومەتی هەرێم دەڵێت، تەنیا لەشەش مانگی یەكەمی ئەمساڵی 2022دا 418.8 ملیار دینار داهاتی باج لەهەرێمی كوردستان كۆكراوەتەوە.

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان