ئێران رەتیدەکاتەوە هیچ یارمەتییەكی پێشکەش بە حوسییەکانی یەمەن کردبێت و پەیوەندیی بەو مووشەکە بالیستییەوە هەبێت، کە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنی لە ئیسرائیل کردە ئامانج.
مووشەکەکەی پێرێی حوسییەکان هەردوو سیستمی بەرگریی «ئەرۆو»ی ئیسرائیلی و «ساد»ی ئەمریکی بڕی و لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن کەوتە سەرزەوی و شڵەژانێکی گەورەی ئەمنی لە ئیسرائیلدا دروستکرد و کۆبوونەوەی ئەمنی و سەربازی بەدواداهات. لەو بارەیەوە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: لەکاتی گونجاو و شوێنی خۆیدا وەڵامی هێرشی حوسییەکان دەدەنەوە لە رێی کردنە ئامانجی گەورە ئێرانییەکانیان.
لە بەرامبەردا، دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختیکردەوە: پاڵپشتیکردنی گەلی فەلەستین بڕیارێکی سەربەخۆیانەی یەمەنییەکانە و لە هەستکردنیانەوە دێت بە پێویستیی پشتیوانیکردنی فەلەستینییەکان.
هەروەها، دووپاتیکردەوە، وەڵامی هەر هێرشێك دەدەنەوە بکرێتەسەر خاکەکەیان و رۆڵەکانی ئێران بە ئیرادەیەکی پتەوەوە ئامادەن بەرگریی لەخۆیان بکەن. هۆشداری بە ئیسرائیل و ئەمریکاش دا، لە ئاکامەکانی ئەو هەڕەشانەی لە ئێرانی دەکەن.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بن گۆریۆن، فڕۆکەخانەیەکی سەرەکییە لە ئیسرائیل و دەکەوێتە شاری تەلئەبیب-ەوە، لە ئەنجامی موشەکەکەی پێرێی حوسییەکان، بەشێوەیەکی کاتی گەشتە ئاسمانییەکانی تێدا وەستا و ژمارەیەك کۆمپانیای جیهانی، گەشتەکانیان راگرت.
کوردستانی نوێ