هەوڵی رەواندنەوەی تەنگژەكە بەردەوامە

12:00 - 2022-08-09
دووتوێ
449 جار خوێندراوەتەوە
نوێژی هەینی یەكگرتووی سەدرییەكان لە گۆڕەپانی ئاهەنگەكان لە بەغدا

ئاوێنەی عیراق

كازمی داوای لە هەموو لایەك كرد، پەلكێش نەكرێن بۆ نێو تۆمەت و زمانی خیانەت و هەڵگیرسانی دوژمنایەتی و هەڵگرتنی رق و كینە لەنێو برایانی نێو یەك نیشتمان»، داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەكانیش كرد، لەسەر مێزی دیالۆگێكی هەمەلایەنە دابنیشن، لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی بۆ تەنگژەكانی ئێستا كە پێویستە لەژێر سایەی هاریكاریی و هاوئاهەنگی و میكانیزمەكانی دیالۆگی نیشتمانیدا بێت». 
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتبوو»بە برایانی ناڕازیی دەڵێم: پەیامی ئێوە روونە، پابەندبوونتان بە هێوربوونەوە و رێكخستنەوە ئەركێكە و جێگەی پێزانینە. ئێستا كاتی ئەوە هاتووە باس لە میكانیزمەكانی دەستپێكردنی پرۆژەیەكی چاكسازی بكرێت كە لایەنە سیاسییە جیاوازەكان لەسەری رێكەوتوون و دڵنیام عیراق پێویستی بە عەقڵانیەت و بوێری هەیە، لەپێناو بەرەوپێچوون بەپرۆژەیەكی نیشتمانی كە وڵات لە قەیرانی ئێستای دەربازبكات». 
كازمی بەپێویستی دەزانێت:» هێزە سیاسییەكان بەرپرسیارێتی نیشتمانی و یاسایی خۆیان لە ئەستۆ بگرن»، و پێیوایە «حكومەتەكەی ئەوان بە خەمخۆرییەوە سەرەڕای تێپەڕاندنی ئەو كاتەی كە لە كاتی دەستووردا بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ دیاری كراوە، هەموو ئەركەكانی خۆی جێبەجێ كردووە، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئەوان ئامادە بوون وئامادەن بۆ پێشكەشكردنی هەموو هاوكارییەك لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێك كە جێگەی رەزامەندی هەمووان بێت و ببێتە مایەی چەسپاندنی ئاشتی كۆمەڵایەتی و سەقامگیری و پاراستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و خزمەت بە بەرژەوەندی خەڵك بكات». 
كازمی دەڵێت، لەبەر خەمی دەوڵەت و دامودەزگاكانی و بۆ خۆلادان لە رشتنی خوێنی عیراقییەكان و بۆ رێزگرتن لە پیرۆزی ئەم رۆژانە، داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەم كەشێكی ئارام بڕەخسێنن و لە رێی ئەم خاڵانەوە پشتیوانی لە دامەزراوەكانی دەوڵەت بكەن:-
1- پێویستە برایانی ناڕازی هاوكاری هێزە ئەمنییەكان بكەن و رێز لە دامودەزگاكانی دەوڵەت بگرن و چۆڵیان بكەن و پابەندی رێسای گشتی بن.
2-پێویستە هێزە ئەمنییەكان بەرگری لە موڵك و ماڵی گشتی و تایبەت، و دامودەزگا رەسمییەكان بكەن، و بە هەموو رێگەیەكی یاسایی رێگری لە هەر هێرشێك بكەن كە بكرێتە سەریان.
3-بانگەوازی دیالۆگی نیشتیمانی لە رێگەی پێكهێنانی لیژنەیەك كە نوێنەری هەموو لایەنەكان لەخۆ بگرێت بۆ داڕشتنی نەخشە رێگایەك كە ببێتە مایەی دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ تەنگژەكان. 

هەموان لەگەڵ چارەسەردان 
لەبەرامبەر ئەو دەستپێشخەرییەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران بۆ رەواندنەوەی تەنگژە سیاسییەكان، حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر، پشتیوانی خۆی بۆ پێشنیازەكانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، لەپێناو دەربازبوون لەم رەوشە سیاسییە ناقۆڵایەی وڵاتی پێدا تێدەپەڕێت، دەربڕی.  
بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن عەبادییەوە بڵاوكرایەوە:»پشتیوانی بۆ ناوەڕۆكی بەیاننامەكەی سەرۆك وەزیرانی برامان سەبارەت بە قەیرانی ئێستا رادەگەیەنم كە لەگەڵ دەستپێشخەریی ئێمە و بانگەوازمان بۆ دیالۆگ و رێكەوتن لەپێناو چارەسەری تەنگژەكانی ئێستادا دەگونجێت»، بەپێویستیشی زانی، هەموو لایەنەكان بەدەم بانگەوازەكە بچن و دەست بە دیالۆگێكی و راستەقینە بكەن بۆ خزمەتكردن بە گەل و نیشتمان». 
هەر لەو چوارچێوەیەدا، عەممارحەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی، پشتیوانی خۆی بۆ بەیاننامەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران دەربڕی سەبارەت بە رووداوەكانی ئێستای وڵات، تەئكیدیشی لەسەر هەڵوێستی رەوتەكەی كردەوە كە «پێشتر زۆرێك لەو بڕگانەی تەبەنا كردووە كە بەیاننامەكەی كازمیدا هاتوون». 
بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن حەكیمەوە بڵاوكرایەوە»پشتیوانی خۆمان بۆ ناوەڕۆكی بەیاننامەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران سەبارەت بە رووداوەكانی ئەم دواییەی وڵات دەردەبڕین، بەو پێیەی پێشتر ئێمە تەبەنای زۆرێك لەو بڕگانەمان كردووە كە لە بەیاننامەكەدا هاتوون و چەند جارێكیش هەوڵمانداوە رێگربین لە داخزانی رەوشەكە بۆ ئاستێكی نەخوازراو، بەتایبەت لەڕێی دانیشتن و دیالۆگی نێوان لایەنە ناكۆكەكان و هاوبەشەكان لە پڕۆسەی سیاسی لەسەر مێزی دانوستان كە لێوەی پشت بە دەستپێشخەرییەكی نیشتمانی هەمەلایەنە ببەسترێت و ببێتە مایەی كۆتایی هێنان بە چەبەستنی سیاسی لە وڵات». 
عەممار حەكیم پشتیوانی لە داواكاریی هەموو خۆپیشاندەران كرد و جەختیشی لەسەر پێویستی پابەندبوون بە ئاشتیخوازیی و رێزگرتن لە دامەزراوەكانی دەوڵەت و چۆڵكرنیان و پارێزگاریی لە سامانی گشتی و تایبەت و هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان كردەوە، بۆ پاراستنی سەقامگیریی و رێگرن لە پێشێلكردنی یاسا». 

پەیامەكەی عامری
بۆ چارەسەركردنی رەوشەكە و رێگرتن لە پەرەسەندنی رووداوەكان، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح پەیامێكی بڵاوكردەوە و تێیدا داوای لە لایەنەكان كرد، خۆیان لەو دید و بۆچوونانە بەدووربگرن كە ئاژاوە لەخۆدەگرێت و كار بۆ لێكنزیكبوونەوە بكەن، لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێكی گونجاو بۆ ئەم تەنگژەیەی وڵاتی پێدا تێدەپەڕێت.  
عەلی فەتلاوی، سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح، وردەكاریی پەیامەكەی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحی بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی و سەدرییەكان ئاشكرا كرد و رایگەیاند»دیدی خۆدوورخستنەوە لە ئاژەوە لەخۆدەگرێت و بەوپەڕی راستگۆییەوە كار بۆ لێكنزیككردنەوەی بۆچوونەكان دەكات و هەوڵێكی لەڕادەبەدریشە كە لەگەڵ سەركردەكانی فەتحدا خراونەتەگەڕ». 
فەتلاوی لە لێدوانێكیدا لەو بارەیەوە رایگەیاند:»هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، لەگەڵ سەركردەكانی هاوپەیمانییەكەی ماوەیەكە بەشێوەیەكی راستگۆیانە و بە هەموو ئاراستەكاندا هەوڵەكانیان دەستپێكردووە، لەپێناو لێكنزیككردنەوەی راوبۆچوونەكان لەنێوان چوارچێوەی هوئاهەنگی و رەوتی سەدر، هەوڵەكانیش تائێستا بەردەوامن». 
بە وتەی ئەو سەركردەیەی فەتح:»پەیامەكەی ئەم دواییەی عامری كە بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەوتی سەدری نارد، گوزارشت دەكات لە دیدی خۆدوورخستنەوە لە دروستبوونی ئاژاوە لەنێوان براكان».  
 هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، پەیامێكی بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەوتی سەدر راوانە كرد و تێیدا داوای گفتووگۆی كرد، بەر لەوەی رەوشەكە بەرەو داخزان بڕوات، داواشی لە هەردوولا كرد، رێگەنەدەن خوێنی عیراقییەكان بڕژێت. 

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان