راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
خۆڵبارین ئەو گەردە وردانەی تەپوتۆز و لمە کە بەهۆی جووڵەی باوە بەرزدەبنەوە و لە هەوادا جوڵە دەكەن، دەكرێت لە ناوچەیەكی دوور و لە دەرەوەی وڵاتەوە هەڵبكات، یان لە ناوخۆی وڵات و ناوچە نزیكەكانەوە بێت.
چەندین ساڵە دیاردەی خۆڵبارین بووەتە سیمایەكی دیاری ئاسمانی عیراق و هەرێمی کوردستان، کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر مرۆڤ، ئاژەڵ، کشتوکاڵ و ژینگەش دەبێت.
سامان یابەعەلی وتەبێژی فەرمانگەی تەندروستیی كەركوك، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەگەر لەسەر ئاستی پارێزگاكانی عیراق سەیری كەركوك بكەین ئاستی خۆڵبارینەكە كەمترە، بۆ نموونە، لە شارێكی وەك بەغدا لەم هەفتەیەدا نزیكەی دوو هەزار كەس سەردانی نەخۆشخانەكانیان كردووە و چەند كەسێكیش گیانی لە دەستداوە، لە پارێزگاكانی خوارووی عیراقیش ژمارەی سەردانیكەران بۆ نەخۆشخانەكان بەهۆی خۆڵبارینەوە لە هەڵكشاندایە، لەبەرئەوەی لەو ناوچانە پانتایی بە بیابان بوون زیاترە و رۆژانەش پەیوەندیمان لەگەڵ دامودەزگا تەندروستییەكاندا هەیە.
بەپێی ئامارێکی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، لەم چەند مانگەی دواییدا بەهۆی گۆڕانكارییەكانی ژینگە و زۆربوونی خۆڵبارین، نزیكەی 750 كەس بەهۆی تووشبوون بە تەنگەنەفەسی سەردانی نەخۆشخانەكانی كەركوكیان كردووە، زۆربەیان کەسی بە تەمەنن و نەخۆشی جۆراوجۆریان هەیە، یان لەژێر كاریگەریی خۆڵبارینەكەدا تووشی نەخۆشی دیکە بوون.
لەناوچوونی دارستانەکان و سەوزایی لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی جەنگ، ئاگرکەوتنەوە یاخود بڕینەوەیان بۆ سووتاندن، بوونەتە هۆی زۆربوونی دیاردەی خۆڵبارین لە عیراق و هەرێمی کوردستان
کاریگەریی لەسەر کشتوکاڵ
خۆڵبارین یەکێکە لەو دیاردانەی کە هەندێکجار سروشتییە و هەندێکجاریش کردەییە، لە ئەنجامی کارە نا تەندروستەکانی مرۆڤەوە دروست دەبێت.
عەبدوڵڵا میروەیس سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگاری كەركوك بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەم خۆڵبارین و وشكەساڵییەی روودەدات پێویستی بە چارەسەری هەنوكەییە، بۆئەوەی بتوانین بەربەرەكانێی ئەم كارەساتە بكەین و زیانەکانی کەم بکەینەوە.
وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق لە بەرنامەیدایە، بە چاندنی ملیۆنەها داری چوار وەرزە سەوز، کاریگەرییەکانی خۆڵبارین کەم بکاتەوە، بە تایبەتیی لە شوێنە بیابانەکان و ئەو شوێنانەی نزیكن لە هەڵكردنی خۆڵبارینەوە.
عەبدوڵڵا میروەیس دەڵێت: خۆشبەختانە ئیدارەی ئێستای كەركوك گرنگییەكی زۆر بە سەوزایی دەدات و هەندێك شوێنی دیاریكردووە بۆ دروستكردنی دارستان و پارك و باخچە و رواندنی ئەو جۆرە دارانەی كە چوار وەرزە سەوزن.
بەهۆی وردیی دەنکۆڵەکانییەوە، ئەو خۆڵەی دەبارێت بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەنیشێتە سەر گەڵای دار و رووەک و بەروبوومە کێڵگەییەکان و دەبێتە هۆی داخستنی ملوولەی سەر گەڵای دارەکان و پەکخستنی کرداری رۆشنەپێکهاتن، بەمەش گەڵای درەختەکان دەوەرن و بەروبوومەکانیان کەم دەکات.
لە بارەی زیانی خۆڵبارین و وشکەساڵی لەسەر بەروبوومە کشتوکاڵییەکان ئەو ئەندامەی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگاری كەركوك وتی: خۆڵبارین و وشكەساڵی دەبێتە هۆی پێ نەگەیاندنی بەرهەمی كشتوكاڵی و لە ناوچوونی بەرهەمەكان یان خراپ بوونیان، لەبەرئەوە وەك لیژنەی كشتوكاڵ لە كاركردنداین بۆ ئاودێریكردنی هەندێك لە بەرهەمە كشتوكاڵییەكان بۆئەوەی لە فەوتان بیانپارێزین.
هۆکاری خۆڵبارین
هۆکارە سەرەکییە سروشتییەکانی دروستبوونی خۆڵبارین دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکاری کەشوهەوا، کەمی بارانبارین، وشکبوونەوەی ناوچەکان، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و کەمبوونەوەی مادە ئۆرگانییەکان، ئەوەش وا دەکات گەردە وردەکانی خاک بە ئاسانی بەهۆی (با)وە بگوازرێتەوە.
شكۆفە محەمەد ئەندامی كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە ساڵانی رابردوودا خۆڵبارین هەبووە، بەڵام رێژە و چڕییەکەی وەک ئەم ساڵانەی دوایی نەبووە، لە ساڵانی حەفتاكان و هەشتاكانی سەدەی رابردوودا دارستانێكی سروشتی زۆر هەبوون، بەڵام ئێستا بەشێكی زۆری بڕاونەتەوە ئەویش بە هۆكاری جەنگ، ئاگرکەوتنەوە یاخود بڕینەوەیان بۆ سووتاندن، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش وەک پێویست نەیانتوانیوە کاربکەن بۆ پاراستنی رێژەی سەوزایی و زۆرکردنی رووبەرەکەی، بۆ نموونە لەم چەند ساڵەی دواییدا نزیكەی 30 ملیۆن داری خورما لە ناوچەكانی خواروو و ناوەڕاستی عیراق بڕاوەتەوە، ئەوەش كاریگەرییەكی زۆری لەسەر هەڵكردنی خۆڵبارین هەیە.
وتیشی: یەکێک لەو پرۆژە گرنگانەی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی خۆڵبارین دروستکردنی بەنداو و کۆکردنەوەی ئاوە، کە پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت بەنداوی زۆر دروست بکەن بۆ گلدانەوەی ئاو.
رێنمایی خۆپارێزی
خۆڵبارین هۆکارێکە بۆ کەمبوونەوەی رادەی بینین و دروستبوونی رووداوی هاتوچۆ، هەروەها کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر تەندروستی مرۆڤ بە تایبەت کەسانی بە تەمەن و ئەوانەی گرفت لە کۆئەندامی هەناسەدانیاندا هەیە، لەبەرئەوە لایەنە پوەندیدارەکان رێنمایی هاووڵاتیان دەکەن بۆ خۆپاراستن و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی خۆڵبارین چەند رێکارێک بگرنەبەر لەوانە:
*مانەوە لە ماڵدا: یەکێک لە رێگەکانی خۆپارێزی مانەوەیە لە ماڵدا، ئەگەر پێویستیش بوو بچنە دەرەوە زوو بگەڕێنەوە و دەرگا و پەنجەرەکان بە داخراوی بهێڵنەوە.
*ئاگاداربوون لە کەشوهەوا: ئاگاداربوون لە دۆخی کەشوهەوا بە تایبەت لە وەرزی خۆڵباریندا، بۆ ئەوەی زوو کاروباری رۆژانەتان بەڕێ بکەن و بگەڕێنەوە ماڵەوە.
*بەکارنەهێنانی ئامێرە هەواییەکان: تا دەتوانن لە کاتی خۆڵباریندا ئامێرە هەواییەکان بەکارمەهێنن، لەبەرئەوەی دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوە و هاتنە ژوورەوەی تۆز و خۆڵ، بۆئەوەی کەمترین زیانتان پێ بگات.
*بەکارهێنانی کەرەستەی خۆپاراستن: کاتێک لە دەرەوەیت پێویستە دەمامک بەکاربهێنیت و بە بەردەوامی بیگۆڕیت، یاخود خاولییەکی تەڕ بەکاربهێنیت، بۆئەوەی رێگری لە هەڵمژینی تۆز و خۆڵ بکات، هەروەها بەکارهێنانی چاویلکەی پارێزەر بۆ پارێزگاریکردن لە چاوەکان، بۆئەوەی کەمترین زیانیان پێ بگات.
*بەکارهێنانی ئاو: پێویستە لەکاتی خۆڵباریندا ئاوی زۆر بخورێتەوە، هەروەها زوو زوو دەموچاو بشۆردرێت و چاوەکان تەڕ بکرێت.
* لە کاتی شۆفێریدا: پێویستە لەسەر شۆفێر جامەکانی ئۆتۆمبێلەکەی دابخات.
* نەخۆشانی کۆئەندامی هەناسە: ئەو کەسانەی نەخۆشیی رەبۆیان هەیە بە بەردەوامی پەمپی ئۆکسجین هەڵبگرن و لەژێر رێنمایی پزیشکدا چارەسەر وەربگرن.
بەپێی سەرچاوەکان ئەو خۆڵبارینانەی لە هەرێمی کوردستان روودەدەن، زیاتر لە بیابانەکانەوە سەرچاوە دەگرن، وەک بیابانی عەرەبی، بیابانی خۆرئاوای عیراق و هەندێک جاریش لە بیابانی ئەفریقاوە دێت و دەبێتە هۆی پیسکردنی ژینگە.