ئامادەکردنی: دیجیتاڵ میدیای کوردستانی نوێ
گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان دوو زلهێزی ئەتۆمی ئاسیا، هیندستان و پاکستان، جارێکی دیکە گەیشتووەتەوە ئاستێکی مەترسیدار، دوای ئەوەی هیندستان هێرشی سەربازیی بۆ سەر چەند ئامانجێک لەناو خاکی پاکستاندا ئەنجامدا.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە هیندستان بەردەوامە لە پەرەپێدانی توانا مووشەکییە ئەتۆمییەکانی، وەک تاقیکردنەوەی سەرکەوتووی مووشەکی دوورهاوێژی "ئاگنی-5" کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەیە و مەوداکەی زیاتر لە 5000 کیلۆمەترە، ئەمەش هیندستان دەخاتە ریزی وڵاتانی خاوەن توانای مووشەکی کیشوەر بڕەوە.
هێرشەکانی هیندستان، کە بە وتەی خۆیان "ژێرخانی تیرۆریان" لە نۆ شوێنی پارێزگای پەنجابی پاکستان و کشمیر-ی ژێر دەسەڵاتی پاکستان کردووەتە ئامانج، وەک تۆڵەسەندنەوەیەک دێت بۆ کوژرانی 25 گەشتیاری هیندی لە کشمیر-ی ژێر دەسەڵاتی هیندستان.
پاکستان لە بەرامبەردا رایگەیاندووە کە لەم هێرشانەدا هەشت کەس کوژراون و 35ی دیکە برینداربوون، هەروەها بانگەشەی خستنەخوارەوەی پێنج فڕۆکەی جەنگی هیندستانیان کردووە. شێهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، ئەم هێرشانەی بە "کردەوەیەکی جەنگی" وەسفکردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە وڵاتەکەی مافی وەڵامدانەوەی گونجاوی هەیە.
ئەم پەرەسەندنە نوێیە، کە بە قووڵترین هێرشی هیندستان بۆ ناو خاکی پاکستان دادەنرێت لەدوای جەنگی 1971ەوە، زەنگی مەترسی لێداوە، بەتایبەت کە هەردوو وڵات خاوەنی چەکێ ئەتۆمین.
شرۆڤەکاران هۆشداری دەدەن لەوەی کە کاردانەوەی یەک لەدوای یەک دەکرێت دۆخەکە بەرەو جەنگێکی هەمەلایەنە ببات. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانی خۆی دەربڕیوە و رایگەیاندووە "جیهان بەرگەی رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی لەنێوان هیندستان و پاکستاندا ناگرێت."
لە توێژینەوەیەکدا کە لە ساڵی 2019 لەلایەن (The Bulletin of the Atomic Scientists) بڵاوکراوەتەوە، سیناریۆیەکی گریمانەیی بۆ ساڵی 2025 دادەڕێژێت کە تێیدا جەنگێکی ئەتۆمی گشتگیر لەنێوان هیندستان و پاکستاندا روودەدات.
بەپێی توێژینەوەکە لە ئەگەری روودانی جەنگی ئەتۆمیی هیند و پاکستان دەرەنجامە چاوەڕوانکراوەکان زۆر لەوە ترسناکترن کە تەنها بە ژمارە دەرببڕدرێن: کوژرانی نزیکەی 50 بۆ 125 ملیۆن کەس تەنها لە ماوەی هەفتەی یەکەمدا، وێرانبوونی تەواوەتی شارە گەورەکان و ژێرخانی هەردوو وڵات. کارەساتەکە لێرەدا ناوەستێت، بەڵکو ئاگرکەوتنەوە لە شارە سووتاوەکاندا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نزیکەی 16 بۆ 36 ملیۆن تۆن کاربۆنی رەش بۆ بەرگەهەوای زەوی، کە دەبێتە هۆی دیاردەی "زستانی ئەتۆمی"؛ و رێگری لە تیشکی خۆر، دابەزینێکی بەرچاوی پلەکانی گەرمی جیهان، کورت بوونەوەی وەرزەکانی چاندن و کەمبوونەوەی بارانبارین. ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاسایشی خۆراکی جیهانی دادەنێت و دەکرێت وڵاتانی دوور لە پێکدادانەکەش بخاتە ناو قەیران و برسێتییەکی درێژخایەنەوە. هەرچەندە ئەمە تەنها سیناریۆیەکی گریمانەییە، بەڵام بوونی نزیکەی 300 بۆ 400 کڵاوەی ئەتۆمی لەلایەن هەردوو وڵاتەوە، ئەم ئەگەرە ترسناکە دەکاتە واقعێکی تاڵ کە جیهان بە نیگەرانییەوە لێی روانێت.
سەرچاوە: تۆڕی هەواڵی "ئەلجەزیرە" و "سی ئێن ئێن"