لە كفری بەدواداچوون بۆ داواكارییەكانی بواری پەروەردە دەكرێت و بۆ ئەو مەبەستەش ساهر عەلی جاسم قائیمقامی كفری، لەگەڵ ژمارەیەك لە مامۆستایان و خوێندكارانی ئامادەیی كفری تێكەڵاو، كۆبووەوە.
پاش گوێگرتن لە داواكاری و سەرنجەكانیان و خستنەڕووی داواكارییەكانیان و باسكردن لە پرۆژەی بەكەلتوركردنی خوێندنەوە، قائیمقامی كفری رایگەیاند: بەم نزیكانە هۆڵی خوێندنەوە و كتێبخانە بۆ ئامادەییەكە دابین دەكرێت، وتیشی: هەوڵدەدەین بە هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا، كێشەكانی دیكەی خوێندنگەكە چارەسەر بكەین.
دوای كۆبوونەوەكەش، قائیمقامی كفری سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی كفری كرد و لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردە و یەكەی سەرپەرشتیاریی كۆبووەوە.
سۆران جەلال سەرپەرشتیاری پرۆژەكە بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: پێویستمان بە هاوكاریی هەموولایەكە لەپێناوی بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندن و خۆشەویستی خوێندنەوە بەتایبەت لە ئامادەییەكاندا.
كفری - حەیدەر ئەحمەد