كچی پێشمەرگەیەك دەبێتە گەنجترین وەزیری ئەڵمانیا

01:29 - 2025-05-07
کوردستان
79 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی ئەڵمانیا لە دوو گەڕی دەنگداندا، فریدریچ مێرز-ی وەك راوێژكاری نوێی وڵاتەكە هەڵبژارد، لە نێو كابینەكەشیدا كچی پێشمەرگەیەك هەیە و دەبێتە گەنجترین وەزیر لەو وڵاتەدا.
دوێنێ سێشەممە، لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی راوێژكاردا، مێرز سەركردەی هاوپەیمانێتیی مەسیحی نەیتوانی متمانەی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت، بەڵام لە گەڕی دووەمدا توانی لە كۆی دەنگی 630 ئەندامی پەرلەمان، 325 دەنگی بەڵێ بەدەستبهێنێت و ببێتە دەیەمین راوێژكاری ئەڵمانیا.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی كوردستانی نوێ، لەنێو كابینەی نوێی حكومەتی ئەڵمانیادا، كچە پەنابەرێكی مەسیحی عیراقی هەیە بەناوی ریم ئەلعەبلی رادۆڤان، كە بەپێی لێدوانێكی خۆی بۆ راگەیاندنەكان «باوكی پیشمەرگە بووە و لە سەردەمی رژێمی پێشوودا دژی دیكتاتۆرییەت جەنگاوە».
لەم چوارچێوەیەدا، رۆژنامەی «الشرق الاوسط» زانیاری زیاتری بڵاوکردۆتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، ریم لە خانەوادەیەکی چەپە و باپیری کە ناوی محەمەد ساڵح ئەلعەبلی-یە، لە بەغدا لەدایکبووە و ساڵی 1945 بۆتە ئەندامی حزبی شیوعیی عیراق و خاوەن کتێبخانەیەك بووە لە شەقامی رەشید، کە ببوە ناوەندێکی فیکری پێشکەوتنخوازی لەو سەردەمەدا.
ئەلعەبلی باپیری ریم لە ساڵی 1961دا بۆتە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی، بەڵام دوای ئەوەی بەعسییەکان لە مانگی شوباتی ساڵی 1963دا کودەتا دەکەن، دژیان دەوەستێتەوە و بە چەك رووبەڕوویان دەبێتەوە، بەڵام لە مانگی تەمموزی ئەو ساڵەدا دەستگیری دەکەن و بێ ئەوەی دادگایی بکەن، لە سێدارەی دەدەن.
هەروەها باوکی ریم، کە ناوی سەلام ئەلعەبلی-یە، لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا دەچێتە ریزی پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی و لە کوردستان درێژە بە خەبات دەدات و دوای شاڵاوەکانی ئەنفال، بەرەو مۆسکۆ دەکەوێتەڕێ.
ریم ئەندامی پارتی سۆشیال دیموكراتی ئەڵمانیایە و تەمەنی 35 ساڵە. بەگوێرەی زانیارییەكانی تۆڕی رادیۆ و تەلەفزیۆنی ئەڵمانیا «دۆیچە ڤێللە»، ریم گەنجترین وەزیر دەبێت و پۆستی وەزیری گەشەپێدان، بەڕێوەدەبات.
ریم رادۆڤان ساڵی 1990 لە مۆسكۆی پایتەختی روسیا لەدایكبووە و دوای شەش ساڵ لەگەڵ دایك و باوكی روویان لە ئەڵمانیا كردووە و بوونەتە پەنابەر، زانستی سیاسی لە بەرلین خوێندووە، بە زمانەكانی سریانی، عەرەبی و ئەڵمانی قسە دەكات، ساڵی 2021 بووەتە ئەندامی پارتی سۆشیال دیموكرات و ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا، لەهەمان ساڵدا بووەتە كۆمیسیاری كاروباری كۆچ و پەنابەران لە حكومەتی ئەڵمانیادا.
جگە لە سیاسەت و چالاكیی كۆمەڵگەی مەدەنی، ریم وەرزشی بۆكسێنی كردووە و هاوسەرەكەشی ناوی دینیس رادۆڤانە و یاریزانی پیشەگەری بۆكسێنە.
كوردستانی نوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان