راپۆرتی / ئهیاز ههركی
دێرەلۆک یەکێکە لە ناحیه کۆنەکانی قهزای ئامێدی و دەڤەری بادینان، بەشێک لە هاووڵاتیانی ناحیهكه گلەیی لە کەمیی خزمەتگوزاریی و پێویستییەکانی ژیان دەکەن و داوای چارەسەر دەکەن.
محهمهد سهلیم دانیشتووی ناحیهی دێرهلۆك، به كوردستانی نوێی راگهیاند: تائێستا خزمەتگوزاریی پێویست بۆ ناحیهكهمان نهكراوه، بە تایبەت لە رووی تەندروستییەوە نەخۆشخانەیەکی باشمان نییە و پارکێک لە ناحیەکەماندا نییە بۆ پشوودانی هاووڵاتیان.
وتیشی: دێرەلۆک رووبەرێکی فراوان لهخۆ دهگرێت، بەڵام زۆربەی خاکەکەی گەمارۆدراوە و بووەتە گۆرهپانی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە، لەبەرئەوە ناتوانین سهد مەتر لە ماڵەکانمان دووربكهوینەوە و کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵدای بەباشی بکەین.
گرفتی کەم ئاوی
لە سەدەی رابردوودا ناحیهی دێرهلۆک، شوێنی زۆربەی شۆڕشەکانی کوردستان بووە و خەڵکەکەی قوربانییەکی زۆریان لەو پێناوەدا داوە، بەڵام بەپێی ئەوە خزمەت نەکراون، دانیشتوانەکەی داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەن، خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەش بە ناحیهکەیان بکات و ئاسانکاریی بۆ گەڕانەوەی گوندنشینان بۆ گوندە چۆڵکراوەکانیان بکرێت.
محهمهد دێرهلۆكی، هاووڵاتییهكی دیكهی دانیشتووی ناحیهكەیە، بۆ كوردستانی نوێ وتی: دێرەلۆک چەندین کێشەی جیاوازی هەیە، یەکێک لە کێشەکان كهمیی ئاوە لە سەنتەری ناحیهكەماندا، سەرەڕای ئەوەی رووبارێک بە ناوەندی ناحیهكهماندا دەڕوات، بهڵام هاووڵاتیان سوودی لێ نابینن و بەردەوام کێشەی کەم ئاویمان هەیە، هەموو ساڵیك بە تایبەت لە وەرزی هاویندا ئەو کێشەیە دووبارە دەبێتەوە.
گلەیی هاووڵاتیان
لە سنووری ناحیەی دێرەلۆک بەنداوی گهلی رهشاڤه هەیە، کە نزیکەی 38 مێگاوات کارەبای لێ بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام سەرچاوەی دابەشکردنی کارەباكهی نادیارە و خهڵكی سنوورهكه وەک پێویست سوودی لێ نابینن.
محەمەد دێرەلۆکی دەڵێت: بنکەی تەندروستی ناحیهی دێرەلۆک کۆنه و پزیشک و دەرمانی پێویستی تێدا نییە، لەبەرئەوە هاووڵاتیان ناچارن بۆ وەرگرتنی چارەسەر بچنە شارهكانی دیكه، هەروەها لە سەنتەری ناحیهکەدا کێشەی نیشتەجێبوون هەیە و پێویستە لایەنی بەرپرس لە حکومەت بیر لە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتیانی شارەکە بکاتەوە، بە تایبەت بۆئەوانەی تازە ژیانی هاوسەرییان پێكهێناوه.
ناحیەی دێرەلۆک لەگەڵ ئەوەی خاکێکی بە پیتی هەیە، بەڵام جووتیاران نیگەرانن لەوەی لایەنی بەرپرس وەک پێویست هاوکارییان ناکات و محەمەد وتی: لە رووی کشتوکاڵەوە حکومەت وەک پێویست هاوکاریی جووتیارانی سنوورهكه ناکات، لە کاتێکدا ناوچەكهمان بۆ كاری کشتوکاڵكردن زۆر بهپیتە و ئەگەر هاوکاری بکرێن جووتیاران دەتوانن بەرهەمێکی زۆرتر و باشتریان هەبێت.
ساڵانە لە سنووری قەزای ئامێدی و ناحیەی دێرەلۆک رووبەرێکی زۆری زەوی کشتوکاڵیی بە کونجی دەچێنرێت و بەرهەمێكی باشی هەیە.
وەڵامی لایەنی بەرپرس
بەڕێوەبەری ناحیەی دێرەلۆک باس لە کەموکوڕییەکان و پلانەکانیان بۆ دەستپێکردنی پرۆژەی نوێ لە ناحیەکەدا دەکات.
رێبهر سادق بهڕێوهبهری ناحیهی دێرهلۆك، به كوردستانی نوێی راگهیاند: راسته و تائێستا هیچ پارکێک لە ناحیەکەماندا نییە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان پشووی تێدا بدەن، بەڵام لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا پڕۆژەی دروستکردنی پارکێک بۆ ناحیەکە دەستنیشان کراوە، لەسەر رووبەری 11 هەزار مەتر دروست دەکرێت و بەم نزیکانە دهكهوێته خزمهتی دانیشتووانی ناحیەکەوە.
وتیشی: له ناحیهكهماندا بنکەیەکی تەندروستی هەیە، بەڵام لە پلاندایە نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی لە کۆمەڵگەی هێتیت لە سنووری ناحیهی دێرهلۆک دروست بکرێت، کە کەرەستە و ئامێری پێشکەوتووی تێدا دەبێت و دانیشتووانی ناحەیەکە سوودی لێ دەبینن.
بهڕێوهبهری ناحیهی دێرهلۆك لە بارەی گرفتی کەم ئاویی لە ناحیەکەدا وتی: لە سهنتهری ناحیهی دێرەلۆک کێشەی کەم ئاوی نییە، ئەگەر کێشەیەکیش هەبووبێت كاتی بووه و چارهسهركراوه.
دێرهلۆک لە ساڵی 1922 بووەته ناحیه و لە 58 گوند پێکهاتووە، بەڵام ئێستا تەنیا 16 گوندی سنووری ناحیەکە ئاوهدانن و کۆی گشتیی ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 24 هەزار کەسن.