لە رێوڕەسمی ناساندنی كتێبی ساڵانی ئاگر و بەفردا

محەمەدی حاجی مەحمود: نە پێش مام جەلال سەركردەی وا هەبووە و نە سەركردەی وەك بەڕێزیان دروستدەبێتەوە

11:18 - 2025-05-08
کوردستان
65 جار خوێندراوەتەوە
لایەنێک لە رێوڕەسمەكە

دوێنێ، لە سلێمانی رێوڕەسمێك بۆ ناساندن و دابەشكردنی كتێبی «ساڵانی ئاگر و بەفر» بەڕێوەچوو كە لەلایەن ئینستتیوتی نارین-ەوە رێكخرابوو.
لە بەشێكی رێوڕەسمەكەدا پاش خوێندنەوەی وتاری بەخێرهێنانی ئینستتیوتەكە، محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان وتارێكی پێشكەشكرد و تێیدا وێڕای گێڕانەوەی چەند بیرەوەرییەكی سەردەمی پێشمەرگایەتی و قسەكردن لە رۆڵی سەركردایەتیی مام جەلال لەو قۆناغە سەختەی دوای هەرەس و هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ بەڕابەرایەتیی ی.ن.ك، رۆڵی لە بزاوتی دیپلۆماسی و سیاسیی لەدوای راپەڕین و پێگە و سەركردایەتیكردنی عیراق لە قۆناغی دوای رووخانی رژێمی بەعس و لە سەرۆكایەتیی كۆماردا بەرزنرخاند و وتی: لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازیی كورددا، نە پێشتر مام جەلالێكی تر هەبووە و نە دوای ئەویش مام جەلالێكی تر دروست دەبێت.
هەر لەو رێوڕەسمەدا نووسەر و رۆژنامەنووس مەعد فەیاز نووسەری كتێبەكە بەزمانی عەرەبی باسی لەو جیاوازییانە كرد كە لە ماوەی ئەو چەند رۆژەی چاوپێكەوتنەكەدا بەدییكردووە لەنێوان سەرۆك مام جەلال و سەركردە سیاسییەكانی دیكەدا لەڕووی راستگۆیی و بوێری و سادەیی و تێكشكاندنی ئەو قاڵبە تەقلیدییانەی كەسایەتییە سیاسییە خۆرهەڵاتییەكان خۆیان پێوە گیرۆدە كردووە.
لە بەشێكی دیكەی رێوڕەسمەكەشدا ستران عەبدوڵڵا نووسەر و رۆژنامەنووس ئاماژەی بەوەكرد كە نووسین و قسەكردن لەسەر رۆڵی مام جەلال پێویستی بە وردبوونەوە و مام جەلال ناسی هەیە لە هەموو قۆناغەكاندا تا بتوانرێت وێنەیەكی تەواوەتی قۆناغەكانی ژیانی مام جەلال بۆ مێژوو تۆماربكرێت.
لە كۆتایی رێوڕەسمەكەشدا لەلایەن نەرمین عوسمان سەرپەرشتیاری گشتیی ئینستتیوتی نارین و وەرگێڕی كتێبەكەوە وتەیەك پێشكەشكرا و تێیدا ئاماژەی بەوەدا كە پێویستە هەموو ئەوانەی یادگاریی و بیرەوەریی و نووسینی سەرۆك مام جەلالیان لەلایە، چیتر لای خۆیان گلی نەدەنەوە، بەڵكو رادەستی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی بكەن، تا هەموو ئەرشیفی ئەو سەركردە مەزنە لەشوێنێكدا كۆبكرێتەوە تا نەوەكانی ئێستا و داهاتووش بتوانن بە گەورەیی ئەو كاریزمایە ئاشنابن.
 دواتر كتێبەكە وەك دیاریی پێشكەش بە ئامادەبووان كرا.
کوردستانی نوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان