خاڵە بەکر
سبەی نیازمە
بەئاوی گەڵا، نامەیەکت بۆ بنوسم،
وشەکانی...
لە بەرسیلە و لە چاوەکانت سەوزتربن.
سبەی نیازمە
وەرزی پایز بە بەهار بکەم،
هەرچی گەڵای وەریو هەیە
رەنگی چاوەکانتی بەبەرداکەم.
سبەی نیازمە
دەستەونزا رووە و زستان دەست هەڵبڕم،
کە ئیتر بەفر و باران نەبارێنێ
نمەی سەوز و پەلکی قەرسیل،
لە رەنگی چاوەکانت ببارێنێ.
سبەی نیازمە
دوو چناری گوێ چەمی عیشق بکەم
بە برۆکانت،
گەڵاکانیشی بەتاڵ تاڵی برژانگەکانت.
سبەی نیازمە بێمە دیدەنیت،
لەجیاتی گوڵی سوور، لە رەنگی چاوەکانت
گوڵی سەوزت بۆ بێنم بەدیاری،
چونکە خۆشت نازانی چەنێ لەلام نازداری.
سبەی نیازمە
هەرچی شیعرم هەیە کۆی بکەمەوە،
لە دووتوێی سەوزا،
بەناونیشانی چاوی سەوز...
لەبەرگێکی سەوزا...
بێ بەرامبەر بەچاو سەوزانا، بیبەخشمەوە.
سبەی نیازمە
روو لە پۆلێ پەپولە بنێم
لەگەڵای دارمێوی حەوشەکەتان،
رەفتەیەکت بۆ بدوورن،
بۆڵە بەرسیلەش بکەن بە قردێلە!
بیدەن لەلا ئەگریجە و پەرچەمت.
سبەی نیازمە
هەرچی هەوری سپی و گەنم رەنگی
ئاسمانی هۆڵەندا هەیە،
سەوزیان بکەم
چونکە ئەگەر، ئەگەر هەبوو ببارێن
لەجیاتی دڵۆپە باران، بیلبیلەی سەوز ببارێن.
سبەی سەفەرێکم لەڕێیە
گەر بەپێ بێت، ئەوا نیازمە
هەرچی وشکایی هەیە
سەوزی بکەم.
گەر بەکەشتی بێت، ئەوا نیازمە
نەک هەر کەشتی،دەریاش سەوز بکەم
گەر بەفڕۆکەش بێت، دڵنیابە ...
مانگ و ئەستێرە و ئاسمانیش سەوز دەکەم.
سبەی نیازمە
هەنگاوەکانم بکەم بە سەوز
هاتنە پێشەوەم
بۆ بەردەمت بکەم بە سەوز
دەستی تەوقەم بکەم بە سەوز
دەتۆش بوارێکی سەوز بخوڵقێنە
بە ماچێکی چاوە سەوزەکانت
گڕی لێوەکانم دابمركێنە.