ئا/ گوڵەباخ
چرۆ زەند، کچی گەڕیدە و مێژووناسی کورد (کەریم زەند)، لە کورتە ڤیدیۆیەکدا کە لە واڵی خۆی بڵاوی کردۆتەوە، باس لە پۆلی فێربوونی زمانی کوردی لە شاری تۆرینتۆی وڵاتی کەنەدا دەکات، کە لە نۆڤەمبەری ساڵی 2003وە ئەو پۆلەی لە ماڵەکەی خۆیدا بۆ گەنجان و منداڵانی کورد کە لەو وڵاتە نیشتەجێن، کردۆتەوە. بۆ ماوەی سێ ساڵ کاری کردووە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی بۆ وانە وتنەوەکەی، مۆڵەت پێدانەکەی چەند مەرجێکی لەخۆگرتووە: هەڵسەنگاندنی ئاستی زمان و چاوپێکەوتنی سەپەرشتیار بۆ تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی مامۆستا لە رووی زمانەوە، سێهەم مەرج: بوونی 25 خوێندکاری کورد بوو کە تەمەنیان لە نێوانی 6-12 ساڵدا بێت. هەروەها ناوی تەواو و شوێنی نیشتەجێبوونی خوێندکارەکان، خوێندنگەی یەکەمی منداڵەکە و کارتی تەندروستی و دەستنیشان کردنی مەکتەب و گەڕەکێک کە زۆرینەی خوێندکارەکانی کوردبن و ئەو خوێندنگەیە دەبێت وانەی نێودەوڵەتیی تێدا بوترێتەوە. چرۆ زەند دەڵێت: دوای سێ ساڵ لە هەوڵدان توانیم لە خوێندنگەیەک پۆلەکە بکەمەوە، سەرەتا ئەلف و بێی کوردیم بە خوێندکارەکانم ناساندن، دواتر ئاخاوتن و گوێگرتن کە بریتییە لە خوێندنەوەی چیرۆکی کوردی. لەو سەرەتایەدا خوێندکارەکان بە گەرمیی دەهاتن بۆ قوتابخانەکە و دواتر بەهۆی بەفر و سەرما و دووریی رێگەوە ژمارەیان کەم و کەمتر دەبۆوە. قوتابخانەکە تا ساڵی 2019 هەبوو، هەر لەو ساڵانەدا شەوبۆ خان لە ئۆتاوا و مامۆستا نەرمینیش لە هامڵتن وەکو من دەستیان کرد بە وانە وتنەوە، هەروەها مامۆستایەک بە زاری کرمانجی ژوور و منیش بە سۆرانی وانەمان دەوتەوە، لە ساڵانی 2012-2013 دووبارە بەشێک لە ماڵەکەی خۆمم کرد بە خوێندنگە، بۆ فێرکردنی زمانی کوردی و کتێبخانەکەشم خستە خزمەتیانەوە. پاش پەتای کۆڕنا، خوێندن بوو بە ئۆنلاین، ئیتر بە ئۆنلاین وانەم بە هەمان پۆل وتەوە، بۆ وانەکانیش سودم لە کتێبەکەی ئیبراهیم ئەمین باڵدار و شیعر و کورتەچیرۆکی منداڵان و کتێبی مامۆستا فەهمی وەرگرت، تا ئێستاش بەردەوامم.» سەبارەت بە کتێبەکەی باڵدار، چرۆ زند، وتی: 21 ساڵە کتێبە بەنرخەکەی ئیبراهیم ئەمین باڵدار بە منداڵی کورد و ئەو کەسانە دەڵێمەوە کە دەیانەوێت فێری زمانی شیرینی کوردی ببن.