دیداری – پیران شەمزینی
پرسی ئاشتی لە كه‌سەکان گەورەترە، ئاشتی بارێكی گه‌وره بوو به‌سه‌ر شانی سری سورەییاوە، بەڵام ئەو بارگرانییە دەخەینە سەر شانی خۆمان و هەوڵی پڕکردنەوەی ئه‌و بۆشاییە دەدەین
پاش ماڵئاوایی سری سوره‌یا ئۆندەر ئەندامی شاندی ئیمڕالی و پەرلەمانتاری ده‌م پارتی، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا دانوستاندنه‌كانی ئاشتی دەستپێبکاتەوە و لەوە زیاتر دوانەخرێت.
حه‌سه‌ن ئۆزگونه‌ش، سیاسه‌تمه‌داری دیاری باكووری كوردستان، به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: هەوڵەکانی سری سورەییا ئۆندەر بۆ پرسی ئاشتی و برایەتیی نێوان کورد تورک لەبیر ناکرێت. چونکە هەرچەنده ئه‌و بە رەچەڵەک تورک بوو، به‌ڵام وەک هەر کوردێکی نیشتمانپەروەر دڵسۆزی کورد و دۆزه‌كه‌ی بوو و پڕکردنەوەی شوێنەکەی ئاسان نییە.
وتیشی: ئاشتی، هەڵوێستێكی گشتیی گەلی کوردە لە باکووری کوردستان بەتایبەتی و تورکیا بەگشتی، جگەلەوەش هەڵوێستی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئاشتیدایە، چونکە گۆڕانكارییه هەنووکەییەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش دەخوازێت ئاشتی له توركیادا بێتەدی. بەوپێیەی ئەمڕۆ گەلی کورد و ئاشتی دۆستی زۆریان هه‌یه لە ناوچەکە و جیهانیشدا.
ئۆزگونه‌ش راشیگەیاند: كورد لە رووی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه پێشکەوتوون و هۆشیاربوونه‌ته‌وه. بۆیە پرسی ئاشتی لە كه‌سەکان گەورەترە و بناغەیەکی به‌هێزی هەیە. له هه‌مان كاتدا خەبات و قوربانیدانی سری سوره‌ییا، بارێكی گه‌وره بوو له‌سه‌ر شانی بۆئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا سه‌ركه‌وتوو بێت، بەڵام ئەو بارگرانییە دەخەینە سەر شانی خۆمان و هەوڵی پڕکردنەوەی ئه‌و بۆشاییە دەدەین.
وتیشی: ئێمه سوپاسی پەیامی بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ده‌كه‌ین كه لە رێوڕه‌سمی ماڵئاوایی سڕی سووره‌یادا بڵاویكرده‌وه و بەهایەکی گەورەی هه‌بوو، بەتایبەتی بۆ نەتەوەی کورد لەباکووری کوردستان، هه‌روه‌ها پشتگیریی به‌رده‌وامی حزبه‌كه‌ی بۆ هێڵی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی ئاشتی له باكووری كوردستان و توركیا.
ئۆزگۆنه‌ش له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت: گومانی تێدا نییە کە بناغەی پڕۆسەی ئاشتی لە ساڵی 1993 بە هەوڵی سەرۆک مام جەلال دانراوە و هەوڵەکانی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان بە درێژایی مێژوو لە پشتیوانیی خەباتی سیاسی و مەدەنی و بزووتنەوە رزگاریخوازەکانی به‌شه‌كانی دیکەی کوردستاندا دیارە و لەبیرناکرێت.
لە هەمان کاتدا هەڵوێستی یەکێتی سه‌باره‌ت به پرسی ئاشتی و یەکڕیزیی کورد لە هه‌ر لایەنێکی دیکەی كوردستان جێگیرترە و ئامانجێکی نه‌ته‌وه‌یی راستەقینەی هەیە.
سه‌رۆك مام جەلال شوێنێكی زۆر تایبه‌تی له دڵماندا هەیە و روونیشیكرده‌وه کە هیوادارن ململانێی نێوان لایەنه سیاسییه‌كانی کورد لە هەموو به‌شه‌كانی کوردستاندا کۆتایی پێبێت، چونکە ئێستا گه‌لی كورد لە ده‌رفه‌تێكی زێڕیندایە و پێویسته یەکێتیی نەتەوەیی كورد بنیات بنرێت و بنه‌ماكانی بۆ سه‌ركه‌وتنی دیموکراسی و چارەسەرکردنی دۆزی کورد لە خۆڕهەڵاتی ناوەڕاستدا به‌هێزتر بكرێت.
ئاماژەشی بەوە دا کە بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا دانوستاندنه‌كانی ئاشتی دەستپێبکاتەوە و زیاتر دواناکەوێت. ده‌وڵه‌ت باخچەلیش دەڵێت: ده‌بێت ئه‌و كه‌سانه بووه‌ستێنین كه نایانه‌وێت پڕۆسەی ئاشتی سەركه‌وتوو بێت.
ئۆزگونه‌ش دەشڵێت: ئەمڕۆ دەوڵەتی تورکیا بەباشی ئاگاداری دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و جیهانە. شەڕی 100 ساڵەی ئەو وڵاتانەی كه کوردستانیان به‌سه‌ردا دابەشکراوە، له‌گه‌ڵ كورد هیچ سوودێکی نەبووە و نه‌ته‌وه‌ی کوردیش بە كۆمه‌ڵكۆژیی و كیمیاباران و جینۆساید لەناوناچێت. بەتایبەتی ئەمڕۆ لە سوریا و عیراق، حوکمی تاکلایەنی و حکومەتی ناوەندی کۆتایی پێهاتووه و قۆناغێکی نوێ دەستیپێکردووە و کورد لەو دوو وڵاتەدا خاوەن پێگە و ستاتۆی رەسمییە و ده‌سه‌ڵات و هێز و ئابووریی خۆی هه‌یه.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: پێویسته لایه‌نه کوردستانییه‌کان یه‌كڕیز بن و خۆیان له ململانێی ناوخۆیی بپارێزن، چونکە نەیارانی کورد هەمیشه دەیانەوێت شەڕ و ئاژاوه لەنێو کورددا دروست بکەن و ئەوەش سه‌ركه‌وتنی ئه‌وان مسۆگه‌رتر ده‌كات. هاوكات هێز و لایەنەكانی کورد، هەر لایه‌نێك بێت كێشه نییه، به‌ڵام دەبێت پەند لە رابردوو وەربگرن و دۆخی ئێستای نەتەوەکەیان لەبەرچاوبگرن و یه‌كێتی ناوخۆیی خۆیان بپارێزن.