ئا: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردوو به‌ریتانیا و هیندستان رێككه‌وتنێكی ستراتیژییان ئیمزاكرد، رێككه‌وتنه‌كه‌ش تایبه‌ته به بازرگانیی نێوان هه‌ردوو وڵات، كه له رووی ئابوورییه‌وه به هێزی گه‌وره ئه‌ژمار ده‌كرێن و هۆكاری سه‌ره‌كیش، وه‌ك راگه‌یاندنه‌كان باسی ده‌كه‌ن په‌یوه‌ندی به‌و جه‌نگی گومرگه‌وه هه‌یه كه ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به وڵاتانی جیهان هه‌ڵیگیرساندووه.
ئه‌و جه‌نگه بازرگانییه‌ی دۆناڵد تره‌مپ-ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌ستی پێكردووه، پشێوییه‌كی گه‌وره‌ی له بازاڕ و بازرگانیی جیهانیدا ناوه‌ته‌وه و به‌شێك له پسپۆڕانی ئابووریش پێیان وایه له سایه‌ی ئه‌م جه‌نگه‌دا ئابووریی جیهان ئاینده‌یه‌كی باشی نابێت، ستیڤن رۆچ مامۆستای ئابووری له زانكۆی (yale) و سه‌رۆكی پێشووی دامه‌زراوه‌ی مۆرگان ستانلی له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێ: سستی و پاشه‌كشه‌ی ئابووری، هاوشانی هه‌ڵاوسان به‌ڕێوه‌یه.
گومرگی ئه‌مریكا سینه‌ماشی گرته‌وه
جگه له مه‌ترسییه‌كانی ئه‌م جه‌نگه، كه شاره‌زایانی بواری ئابووری باسی ده‌كه‌ن، هه‌ندێك گۆڕانكاری جیۆپۆله‌تیكیش دێنێته ئاراوه، كه ره‌نگه سه‌نته‌ری هێز له خۆرئاواوه بگوازێته‌وه بۆ خۆرهه‌ڵات و به دووریش نازانرێت ده‌رفه‌تێكی باش بێت بۆ وڵاته تازه هه‌ڵكشاوه‌كانیش تا بێنه مه‌یدانی ململانێكه‌وه، به تایبه‌تیش كه گومرگی ئه‌مریكا له‌سه‌ر كاڵای بیانی رێژه‌ی %100ی تێپه‌ڕاندووه و دۆست و دوژمن ناناسێت، ته‌نانه‌ت له تازه‌ترین بڕیاری سه‌رۆكی ئه‌مریكادا %100ی گومرگ خراوه‌ته سه‌ر هه‌ر فیلمێك كه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌رهه‌م هاتبێت، واته بواری رووناكبیری و كه‌لتووریشی لێ ده‌رنه‌كردووه.
به‌ریتانیا و هیندستان له ریزبه‌ندیی گه‌وره‌ترین ئابوورییه‌كانی جیهاندا پله‌ی پێنجه‌م و شه‌شه‌میان به‌رده‌كه‌وێت و ئێستا له رێگه‌ی ئه‌م رێككه‌وتنه تازه‌یه‌وه ده‌یانه‌وێ قه‌باره‌ی بازرگانیی نێوانیان به رێژه‌ی %25.5 زیاد بكه‌ن، ئه‌ویش له به فراوانكردنی ده‌رفه‌تی گه‌یشتن به بازاڕه‌كانی یه‌كدی و سووككردنی كۆت و به‌نده بازرگانییه‌كان له‌سه‌ر یه‌كدی.
گیرفانی كرێكاران ده‌بوژێنێته‌وه
ناراندرا مودی سه‌رۆك وه‌زیرانی هیندستان له‌باره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌وه وتی: رێككه‌وتنێكی فراوان و پڕ قازانجه بۆ هه‌ردوولا. كیێر ستارمه‌ر-ی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیاش رێككه‌وتنه‌كه‌ی به‌وه وه‌سفكرد، كه هاوپه‌یمانییه‌كه‌یان به‌هێزتر ده‌كات و به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م بازرگانی كه‌م ده‌كاته‌وه، له سه‌رده‌می بازرگانیی نوێ‌دا. ستارمه‌ر جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه، كه ئه‌م رێككه‌وتنه‌یان له‌گه‌ڵ هیندستان، ئاستی گوزه‌رانی كرێكارانی به‌ریتانیا به‌رز ده‌كاته‌وه و گیرفانیان ده‌بوژێنێته‌وه، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ردوو وڵاتیش قووڵتر ده‌كاته‌وه.
راسته جه‌نگی گومرگ وایكرد، په‌له بكرێت له گه‌یشتن به‌م رێككه‌وتنه، به‌ڵام به‌ریتانیا و هیندستان له ساڵی 2022وه ده‌ستیانكردووه به گفتوگۆ بۆ گه‌یشتن به رێكه‌وتنێكی له‌و شێوه‌یه، گفتوگۆكانیان چه‌ند جارێك دواكه‌وت و ساردبوونه‌وه‌ی تێكه‌وت، ئه‌ویش به‌هۆی گۆڕانكارییه سیاسییه‌كانی به‌ریتانیاوه له‌سه‌ر ئاستی سه‌ركردایه‌تی و هه‌ڵبژاردنی گشتی له هه‌ردوو وڵات بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی پارتی كرێكارانی به‌ریتانیا له ته‌مووزی رابردوودا گفتوگۆكان خێراتر بوون و سه‌ره‌نجام هه‌فته‌ی رابردوو له له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا كۆتایی به گفتوگۆكان هات و رێكه‌وتنه‌كه ئیمزاكرا.
رێژه‌ی به‌خشین و داشكاندن
به گوێره‌ی ئه‌م رێكه‌وتنه ستراتیژییه هیندستان گومرگی سه‌ر %90 ئه‌و شمه‌ك و كاڵایانه كه‌م ده‌كاته‌وه، كه له به‌ریتانیاوه هاورده ده‌كرێن، بۆ ماوه‌ی 10 ساڵیش گومرگی سه‌ر %85ی كاڵای هه‌نارده‌كراوی به‌ریتانیا بۆ هیندستان به ته‌واوی لاده‌بات، دیارترین داشكاندنی گومرگیش، ئه‌و گومرگه‌یه كه له‌سه‌ر ئۆتۆمبێله و تا ئێستا له سه‌رووی %100وه بووه و ئێستا كه‌م ده‌كرێته‌وه بۆ %10، جگه له‌وه زۆر كاڵا و شمه‌كی دیكه‌ش داشكاندنیان بۆ ده‌كرێت، یان به ته‌واوی له گومرگ ده‌به‌خشرێن، وه‌ك: كه‌لوپه‌لی جوانكاری، كه‌لوپه‌ل و كه‌ره‌سته‌ی ئاسمانی، گۆشتی به‌رخ، ئامێری پزیشكی، ماسی سه‌له‌مۆن و خواردنه‌وه غازییه‌كان.
كۆی گشتی ئه‌و داشكاندنه‌ی له‌و گومرگانه‌دا ده‌كرێت، به پێی هه‌ڵسه‌نگاندن و داتاكانی ساڵی 2022، كه سه‌ره‌تای گفتوگۆكان بوو، ده‌گاته 400 ملیۆن پاوه‌ن، كه نزیكه‌ی 535.6 ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی ده‌كات، به‌ڵام چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، له 10 ساڵی داهاتوودا زیاد بكات و زۆر له‌وه زیاتر بێت.
بواری كار و هێزی مرۆیی
له به‌رامبه‌ر ئه‌و داشكاندنانه‌ی هیندستاندا، به‌ریتانیاش رازیبووه به‌وه‌ش گومرگ له‌سه‌ر %99ی هه‌نارده‌ی هیندستان بۆ وڵاته‌كه‌ی لاببات، ئه‌وه‌ش قازانجی بۆ چه‌ند كه‌رتێكی بازرگانیی هه‌یه و بابه‌ته‌كانی وه‌ك: به‌رهه‌مه‌كانی رستن و چین، به‌رهه‌مه ده‌ریاییه‌كان، چه‌رم، یاری، كه‌لوپه‌لی وه‌رزشی، خشڵ، كه‌لوپه‌لی ئه‌ندازیاری و پارچه‌ی یه‌ده‌گی ئۆتۆمبێل، چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت ئه‌م هه‌نگاوه ببێته هۆی به‌هێزكردنی پیشه‌سازیی جلوبه‌رگ له هیندستان، كه چه‌ندین ملیۆن كرێكاری ئه‌و وڵاته كاری تێدا ده‌كه‌ن.
له بواری كار و هێزی مرۆییشدا، رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان ئاسانكاریی بۆ دڵنیایی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات، به تایبه‌تی ئه‌و كرێكاره هیندیانه‌ی له به‌ریتانیا به شێوه‌ی كاتی كارده‌كه‌ن، خۆشیان و خاوه‌نكاره‌كانیشیان بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ له پێدانی پاره‌ی بیمه‌ی نیشتمانی ده‌به‌خشرێن.
بریكزێت
هۆكار زۆرن بۆ گه‌یشتن به‌م رێككه‌وتنه، به‌ڵام دیارترینیان جه‌نگی گومرگی تره‌مپ بوو، كه وڵاتانی جیهانی ناچاركرد، به دوای هاوبه‌شی نوێ‌دا بگه‌ڕێن بۆ بازرگانی و یه‌كێكی دیكه‌ش له هۆكاره‌كانی پشت ئه‌م رووداوه گرنگه، ده‌رچوونی به‌ریتانیا بوو له یه‌كێتیی ئه‌وروپا ساڵی 2020، كه به (بریكزێت) ناسراوه و به‌ریتانیای ناچاركرد، په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كانی فراوانتر بكات.
بۆ هیندستانیش ئه‌م رێككه‌وتنه به هه‌نگاوێكی گرنگ داده‌نرێت بۆ كرانه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته به رووی بازاڕی نوێ‌دا، به تایبه‌تی كه هیندستان به‌رهه‌می پیشه‌سازی و كشتوكاڵیی زۆری هه‌یه و پێویستی به بازاڕی فراوان هه‌یه بۆ ساغكردنه‌وه، جگه له‌وه‌ش خودی هیندستان به‌و پێیه‌ی ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی یه‌ك ملیار و 400 ملیۆنی تێپه‌ڕاندووه، بازاڕێكی گرنگه بۆ وڵاتێكی وه‌كو به‌ریتانیا.
هاوپه‌یمانیی نوێ
هه‌رچه‌نده تا ئاماده‌كردنی ئه‌م راپۆرته‌ش جیهان له چاوه‌ڕوانیی گفتوگۆكانی نێوان ئه‌مریكا و چیندایه سه‌باره‌ت به گومرگ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان، به‌ڵام پێناچێت جه‌نگی بازرگانی به‌م زووانه كۆتایی پێبێت، ئه‌وه‌ش به‌و واتایه دێت، كه ئه‌گه‌ری هه‌یه رێككه‌وتنی له‌م جۆره له نێوان وڵاتانی گه‌وره‌دا و هاوپه‌یمانیی نوێی دوو جه‌مسه‌ری و فره جه‌مسه‌ری بابه‌تێكی چاوڕوانكراو بێت.
سه‌رچاوه: ئه‌لشره‌ق ئه‌لئه‌وسه‌ت