لەبارەی كاڵەكی كوردییەوە

10:05 - 2022-08-10
دووتوێ
763 جار خوێندراوەتەوە
کاڵەکی دێمی کوردستان

پشتیوان محەمەد

كاڵەك، یەكێكە لە میوە هاوینەكان و زۆربەی خەڵك ئاشنایەتی لەگەڵیدا هەیە و حەز بە خواردنی دەكات، وەك ئاشكرایە كاڵەك شێوە و جۆری زۆرە، كاڵەكی پایزە و بەراو و هاوینە (دێم) زیاتر لە كوردستاندا دەچێندرێت و بە كاڵەكی دێمی یان كوردی ناوبانگی دەركردووە و خواستی زۆریشی لەسەرە.
لە رابردوودا جووتیاران زەوییە كشتوكاڵییەكانیان لە دوای كۆكردنەوەی دانەوێڵە و دوای وەرد بڕین و چڵەبڕ، بە كاڵەكی دێمی دەچاند، چونكە زەوییەكە شیدەكاتەوە و بە پیتی دەكات و ساڵی داهاتوو كاتێك بۆ گەنم و جۆ ئامادە دەبێت، بەرهەمی باشی تێدا كۆدەكرێتەوە و ئەوەش لە سەدەكانی رابردوودا جووتیاران ئەزموونیان كردووە و ئەوەیان بۆ روون بۆتەوە.
ئێستاش جووتیاران وەك سەرچاوەیەكی دارایی بەشێك لە زەوییەكانیان بە كاڵەك چاندووە و بەرهەمەكەی رەوانەی بازاڕەكان دەكەن.
رێباز مەولود جووتیارێكی سنووری تاسڵوجەیە، وتی: ئەمساڵ بەرهەمی كاڵەك زۆر باشە، كاڵەكی دێمی یەكێكە لە باشترین جۆرەكانی كاڵەك و بە زۆری كاڵەكی دێمی لە كوردستاندا دەچێندریت و دەتوانین بڵێین كاڵەكی كوردی.
هاوكات خەڵكێكی زۆر گەڕاوەتەوە سەر خواردنی كوردەواری، ئێستاش كاڵەكی كوردی خواستی زۆری لەسەرە. هەرچەندە لە رابردوودا ئەو زەوییانەی دەكرا بە كاڵەك بۆ بە پیتیی خاكەكەی بوو، بەڵام ئێستا بۆ بە پیتیی خاك و كەمێك داهاتیشە.
نیاز جەبار جووتیارێكی دیكە بوو لەناو یەكێك لە كێڵگەكاندا سەرقاڵی لێكردنەوەی بەرهەمی كاڵەك بوو لەبارەی چۆنێتی چاندنی كاڵەكەوە وتی: لەدوای پەڵە و كۆتایی چلەی زستان ئەو زەوییانەی كە بەنیازبین بیكەین بە كاڵەك چڵەبڕی بۆ دەكەین و دەیكێڵین، پاشان لە مانگی 5دا زەوییەكە تۆو دەكەین و دەیكێڵین و وازی لێدەهێنین، تاوەكو مانگی «تەمموز»، ئەوكاتە دەست دەكات بە پێگەشتن و رۆژ نا رۆژێك دەستدەكەین بە لێكردنەوەی.
ئەو جووتیارە وتیشی: گرنگی كاڵەكی دێمی ئەوەیە هەر بڕكە و بنجێك چەندین كاڵەك دەگرێت و هەر كاڵەك و تامێكی تایبەت و جیاوازی هەیە و تامەكانیان لەیەك ناچێت، ئەوەش وای كردووە خواستی زۆری لەسەربێت و تایبەتمەندییەكی جیاواز بەخۆی هەبێت، كاڵەكی دێمی پێویستی بە باران و پەین و مەوادی كیمیایی نییە بۆ گەشەکردنی، ئەوەش وایكردووە ئەو تامە جیاوازەی هەبێت. هەرچەندە كاڵەك جۆری زۆرە، بەڵام كاڵەكی دێمی تایبەتە بە كوردستان و تەنها لە كوردستاندا دەچێنرێت. كاڵەكی روشە و سێ خەت و پێنج خەت و لوسە و كالیاری و شەمامەیی و خاڵاوی و زەرد و سوور، لەناو كاڵەكی دێمیدا هەیە. ئەوەش وایكردووە زەوییە كشتوكاڵییەكە بكات بە پەلكەزێڕینەی كاڵەك و دیمەنێكی جوانی پێ ببەخشێت.
شارەزایانی بواری گیا دەرمانییەكان باس لەوە دەكەن كاڵەك چەندین ڤیتامین و ریشاڵی گرنگی تێدایە، پێشنیازی ئەوە دەكرێت لەم وەرزی هاوینەدا كاڵەك یەكێك بێت لەو میوانەی هەمیشە لە ماڵەكاندا هەبن، چونكە سەرچاوەیەكی باشی دەستكەوتنی ڤیتامینەكانی   (Aو Dو C) ن، ئەوەش وادەكات سوودێكی باش بە جەستەی مرۆڤ بگەیەنێت.
بە وتەی شارەزایان خواردنی كاڵەك بۆ پێست بەسوودە و پیریی دوادەخات، سەرباری ئەوانە ناوكی كاڵەك چەندین پێكهاتەی تێدایە.
ئاماژەش بەوە دەكرێت نابێت زیادەڕەویی لە خواردنیدا بكرێت، چونکە هەرچەندە خواردنی بەسوودبێت، زیادەڕەوی لە خواردنیدا كێشە بۆ تەندروستیمان دروست دەكات.
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی چەمچەماڵیش ئاماژەی بەوەدا، سەرباری وشكەساڵی، چاندنی كاڵەك لە سنوورەكەماندا زۆر باشە و پێداویستی بازاڕیشی پڕ كردۆتەوە.
عیسا جەلال وتیشی: بەرهەمی كاڵەك لە سنوورەكەماندا زۆر باشە و ساڵانە چەندین جووتیار زەوییەكانیان بە كاڵەك دەچێنن، ئەگەر بەراوردی ساڵانی رابردووی بكەین بێگومان ئاستی چاندنی كاڵەك 35 %ی جاران دەچێندریت ئەو رێژەیەش هەرچەندە كەمە، بەڵام كاری نەكردۆتە سەر ئەوەی بەرهەمی كاڵەك كەم بێت، ئەمساڵ لە سنووری چەمچەماڵدا 400 دۆنم زەوی بەكاڵەك چێندراوە.

#گوندستانی نوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان