بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم، رایدەگەیەنێت: هەوڵدەدەن ئەمساڵ تەواوی گەنمی جووتیارانی هەرێم لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە وەربگیرێت، ئەوەش لەسەر ئەو بنەمایەی كە حكومەتی فیدراڵ بڕیاریداوە تەواوی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی ناوەڕاست و باشوور وەربگرێت.
نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئامادەكارییەكان بۆ وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە و لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆسەی دروێنەش، لە سایلۆكان دەست بە وەرگرتنی بەرهەمەكان دەكرێت، وتیشی: لە بەغداوە بڕیاردراوە 400 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێم وەربگیرێت، بەڵام ئەو بڕە كەمە و هەوڵدەدەین زیادبكرێت بەتایبەتی كە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بڕیاریداوە ئەمساڵ سەرجەم بەرهەمی گەنمی جووتیاران وەردەگیرێت و وەزارەتی بازرگانیش بۆ هەر تۆنێك گەنم بڕی 800-850 هەزار دیناری دیاریكردووە.
باسی لەوەشكرد كە هەرچەندە ئەمساڵ رێژەی بارین وەكو پێویست نەبووە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەشێكی زۆر لە جووتیاران خۆیان بەرهەمەكانیان ئاو داوە، بۆیە پێشبینی دەكەین رێژەی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ لەئاستی پێویستدا بێت و جووتیارانیش چاوەڕێی ئەوە دەكەن بەرهەمەكانیان لێ وەربگیرێت كە ئەمساڵ زیاتر پێیەوە ماندوبوون و پارەی زیاتریشیان خەرج كردووە.
تەها عەبدوڵڵا