بەپێی تازەترین زانیارییەکان لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەریەکە لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، و تەیف سامی، وەزیری دارایی گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی پرسی ناردنی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێم.
هەر بۆیە بە پێی زانیاریەکانی سەرچاوەیەکی تایبەت لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە بە ئەگەرێکی زۆرەوە سبەینێ، یان دوو سبەی، گرفتەکان چارەسەر دەکرێن و پارەی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەران ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
حکومەتی هەرێم مانگانە لەگەڵ گەیشتنی پارەکەی بەغدا دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکات، هەر بۆیە پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا خشتەی مووچە رابگەیەندرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار بکرێت.
هەروەها، بە پشتبەستن بە ئەزموونی مانگەکانی ڕابردوو، چاوەڕوان دەکرێت خشتەکە بەجۆرێک بێت تاوەکو سەرەتای هەفتەی داهاتوو، سەرجەم مووچەخۆران مووچەی مانگی چوار وەربگرن.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە نزیکەی 50 ڕۆژ بەسەر دابەشکردنی مووچەی مانگی سێی مووچەخۆراندا تێپەڕیوە، کە حکومەتی هەرێم لە ڕۆژی 27ی مانگی ئازاردا دابەشیکردبوو.