د.سیڤەر تاهیر: پەرستار میهرەبانە، یارمەتی خەڵک دەدات و پیشەکەی خۆشدەوێت

10:24 - 2025-05-12
دیدار
20 جار خوێندراوەتەوە
#دیداری د.سیڤەر تاهیر عەبدولڕەزاق

ئا: لەنیا محەمەد رەشید 

12ی ئایار لە سەرانسەری دنیا رێز لە پەرستاران دەگیرێت كە بە رۆژی جیهانی پەرستاران ناسراوە، ئەو یادەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجوومەنی جیهانیی پەرستاران كە لە ساڵی 1965دا، رۆژی12ی ئایاری وەك رۆژی جیهانیی پەرستاران دەستنیشان كردووە، ئەم دیدارە کە لەگەڵ د.سیڤەر تاهیر سازدراوە، بۆ باسکردنی ئەو رۆژە و گرنگی پیشەی پەرستاری.

* بەكێ دەوترێت پەرستار؟ ئایا هەردوو رەگەز دەتوانن پیشەی پەرستاری هەڵبژێرن؟ 
-بێگومان پیشەی پەرستاری بۆ هەردوو رەگەز دەگونجێت، ساڵانێكی زۆر بەر لە ئێستا پیشەی پەرستاری تەنها بۆ رەگەزی (مێ) بوو ئەویش لە تێڕوانینی ئەوەی پەرستار وەك دایك سەیردەكرا، چونكە پەرستار وەك كەسێكی میهرەبان و دڵسۆز وایە بۆ نەخۆشەكانی، بەڵام لەوەدا كورت نابێتەوە كە تەنها بۆ رەگەزی مێ بێت، بەڵكو لە رەگەزی (نێر)یش بەهەمان شێوە دەبێت ئەوەندە كەسێكی میهرەبان و دڵسۆز بێت  بەجۆرێك جیاوازی رەگەز نەبێتە هۆكار لە كەمتەرخەمیكردن لە پیشەكەیدا، خۆشبەختانە لە سەردەمی ئێستادا بۆ هەردوو رەگەز بەرەوپێشچونێكی زۆر دەبینین لە پیشەی پەرستاریدا. 
 پەرستار، كەسێكە پیشەكەی خۆی زۆر خۆشدەوێت، هەوڵدەدات خۆی بەرەوپێشەوە ببات، هەوڵی دەستخستنی سەرچاوە جیاوازەكانی زانیاری دەدات، میهرەبانە، یارمەتی خەڵك دەدات و گیانی هاوكاری هەیە، لە نەخۆشخانەدا بێ ووچان  توانای كاركردنی هەیە ، و هەروەها توانای گەیاندنی زانستێكی هەیە، بۆ ئەو كەسانەی پێویستیان پێیەتی. 

* مێژووی بەشی پەرستاری لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟ ئەو پێوەرانە چین بەكاریدەهێنن بۆ وەرگرتنی خوێندكار؟ 
-بەشی پەرستاری لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی مێژوویەكی كۆنی هەیە، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دامەزراندنی پەیمانگەی تەكنیكی سلێمانی (پەیمانگەی دایك) كە بەشی پەرستاری تێدابووە، پاشان خوێندنی ئێوارانی بۆ هەمان بەش تێداكرایەوە بە گوێرەی ئەوەی خواست لەسەر خوێندنی ئەم بەشە زیادیكرد، هەروەها خوێندكارەكان ئاستێكی بەرزیان پێشكەشكرد لەناو نەخۆشخانەدا كە زۆر زیرەك و لێهاتوو بوون، جگەلەوەش خوێندكارێكی زۆر یەكەم دەبوون دواتر بەرزدەكرانەوە بۆ كۆلێژی پزیشكی گشتی، لەبەر ئەم هۆكارانە بیرلەوە كرایەوە كە زانكۆیەك دابمەزرێت و لە كۆمەڵێك كۆلێژ پێكبێت پاشان لەسەر ئاستی ئەم  كۆلێژانە ( بەش) دامەزرا، لەو بەشە جیاوازانەش بەشی پەرستاری یەكێك بوو لەو بەشانەی كە زۆرترین خوێندكاری وەرگرت و مافی لە پێشینە درا بە یەكەمەكانی پەیمانگە بۆ درێژەدان بە خوێندن لە زانكۆ. نمرەی بەرز لەقۆناغی ئامادەیی یەكێكە لەپێوەرە گرنگەكان، هەروەها دەرچوانی بەشی زانستی دێنە ئەم بەشە. ساڵانە لە وەزارەت چەندین رێنمایی و بڕیاری جیاواز لەو بارەیەوە دەردرەچێت.

*باوترین ئەو ئاستەنگیانە چین كە دروست دەبێت بۆ پەرستاران لە كۆمەڵگەدا؟ 
-راستی ئاستەنگییەكان زۆرن، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا كەمتر بوونەتەوە بە بەراورد بە رابردوو، ئەو كاتەی من لە بەشی پەرستاری وەرگیرام لە زانكۆی سلێمانی ساڵی 2002-2003 هیچ دەرچویەكی كۆلێژی پەرستاری  نەبوو لە سلێمانیدا، دواتر ئێمە بووینە دووەمین كۆمەڵەی دەرچووی زانكۆ لە بەشەكەدا، گەرچی زۆرترین رەخنەمان لێگیرا و زۆرترین ئاستەنگیمان هاتە رێ لە نەخۆشخانەكاندا تەنانەت لەناو زانكۆش، بەهۆی ئەوەی ئێمە رێگە زانستییەكەمان هەڵبژاردبوو هەروەها پشتمان بە سەرچاوەی زانستی دەبەست لە كارە پەرستارییەكاندا. ئەمەش  لەلایەن هەموو ئەو كارمەندانەی كە لە ئێمە بە ئەزمونتربوون و كاریان دەكرد لە نەخۆشخانەدا رویدەدا،  تەنانەت  زۆرجار لە ئاست سەرووتر خۆمان  ئەمە بەدی دەكرا  كە پێویست بوو ئێمە لە ئاوها دۆخێكدا زیاتر و زیاتر پێشكەوین و پەرە بە كارەكەمان بدەین، دەتوانم بڵێم  لە سەردەمی ئێستادا ئەو جۆرە بەرەنگارییە كەمی كردووە ئەویش بەهۆی ئەوەی دەرچووی پەرستاری زۆرە كە پشت  بە زانست و لێهاتویی خۆیان دەبەستن، بۆیە ئەگەر باسی نەخۆشخانەی هیوا بكەین دەبینین كە پەرستار كاریگەرییەكی زۆری هەیە، كە كاردەكەن بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە نەخۆشەكانیان و خاوەنی لێهاتوویەكی زۆرن و میهرەبانن. بۆیە لەهەموو شوێن و ناوەندێك تاكو گرنگی زیاتر بە پەرستار بدرێت ئاستی خزمەتگوزاری زانستی و پزیشكی ئەو شوێنەش بەرزدەبێتەوە . 

*چۆن توانیوتانە هەماهەنگی دروستبكەن لەنێوان خوێندنی ناو زانكۆ و راهێنانە كردەییەكان لە نەخۆشخانەدا؟
-تا رادەیەكی زۆر باش توانیومانە هەماهەنگی تەواو دروستبكەین ئەویش لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی و سەرۆكی پەرستارەكانی نەخۆشخانەكان بۆ  راهێنانكردن لەسەر بابەتە كردەییە پزیشكییەكان بۆ خوێندكارەكانمان، گەرچی كێشەكان زۆرن وەكو كەمی تاقیگە و هۆڵەكانی خوێندن بە بەراورد بە ژمارەی خوێندكارەكانمان كە نزیكەی 420 -  450  خوێندكارمان هەیە لەهەر چوار قۆناغ لەم بەشەدا، لە قۆناغی دووەمەوە خوێندكارەكانمان دەنێرینە ناو نەخۆشخانەكان كە ئەوانیش بە سوپاسەوە بریتین لە (نەخۆشخانەی شار- نەخۆشخانەی ئەڵمانی -نەخۆشخانەی شۆڕش-سەنتەری هەرس و جگەر -سەنتەری گورچیلە - نەخۆشخانەی منداڵان -نەخۆشخانەی منداڵبوون - نەخۆشخانەی فێركاری - پزیشكی داد) لەم  پڕۆسەیەدا ناڵێین ‏%100، چونكە لە ئاست چاوەروانی ئێمەدا نییە، بەڵام نزیكەی 70 %-‏80 %ی  كێشەكانمان چارەسەر كردووە. 

* پەرچەكردار یان feedbackی نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەكان چۆن بووە سەبارەت بە خوێندكارەكانتان و ئاستی زانستییان؟ 
-سوپاس بۆ خوا لە ئاستی زانستییان و شێوازی مامەڵە و هەڵسوكەوتیان لەگەڵ ستافی نەخۆشخانە و كارمەندەكان زۆر باشبوو، چونكە ئامانجمانە خوێندكار لەماوەی خوێندنی زانكۆ رێنمایی تەواو بكرێت لەسەر یاساكانی نەخۆشخانەكان و شێوازی هەڵسوكەوت تێیدا و  بە شانازییەوە ئامانجەكەمان هاتۆتەدی. 

 

دەمانەوێت نەوەیەكی پەرستاری كارامە و لێهاتوو چالاك بەرەو  سیستمی تەندروستی و نەخۆشخانەكان ئاڕاستە بكەین، ئەم ئامانجەش بە تەنها نایەتەدی بەڵكو پێویستی بە هەوڵ و ماندووبوونی هەموو لایەكمانە

 

* ئێوە چۆن یارمەتیدەر دەبن لە پێگەیاندنی پەرستاری لێهاتوو؟ 
-ئێمە هەرچی لە توانامان بێت دەیكەین لەپێناو خوێندكارەكانمان، من وەك خۆم هەرچی لە دەسەڵاتم بێت تا لەم پلەو پێگەیەدا بم هیچ كەمتەرخەمی نانوێنم، چونكە خۆم بەو ئاستەنگ و قۆناغەدا تێپەڕبووم، دەزانم چ شتێك باشترین هەڵبژاردەیە بۆ خوێندكارەكانمان.

*لە ئێستادا زانستی پەرستاری لە چ ئاستێك دەبینیت؟ 
-لە ئاستێكی زۆر باشدا دەیبینم، بەوپێیەی هەماهەنگیمان هەیە لەگەل بەشی پەرستاری زانكۆكانی شارەكانی تری هەرێمی كوردستان. زانستی پەرستاری گۆڕانكاری و پێشكەوتنی جیاوازی بەخۆیەوە بینیوە، تەنانەت لە زانكۆكانی عیڕاقەوە دێنە هەرێمی كوردستان بەمەبەستی پێشكەشكردنی بابەتی زانستی و سیمینار و كۆبونەوەی پەیوەندار بە پیشەی پەرستار. هەروەها لە جیهانیشدا بەردەوام توێژینەوەی نوێ و جیاواز دەكرێت ئەمەش دەرخەری ئەو راستییە كە پەرستار كاریگەری گەورەی هەیە لەسەر سیستمی تەندروستی. 

* بەبۆنەی رۆژی جیهانیی پەرستاری، چ پەیامێكت هەیە؟ 
-پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی سەرجەم هاوپیشەكانم و خوێندكارەكانم دەكەم،  لە دڵەوە هیوادارم هەمووكات سەركەوتوبن، هیوام وایە لە پلە و پێگەی بەرزەوە بیانبینم، ئەوە یەكێكە لە ئاواتەكانم، چونكە ئەوە دەبێتە بەرهەمی رەنج و ماندووبونی من، هەمیشە پشتگیریانم وەك پەرستارێك، چونكە من دەزانم پەرستاری چەند پیشەیەكی پیرۆز و كاریگەرە، پەرستاری سەركەوتوو دەتوانێت خزمەتگوزاری پزیشكی بگەیەنێتە لوتكە و گیانی نەخۆشەكەی بپارێزێت . 

*كەواتە پێشنیاز و ئامۆژگاریت چییە بۆ خوێندكارەكانت؟
-هەروەكو چۆن هەمووكات لەكاتی وانەكانی زانكۆش  بە خوێندكارەكانم وتوە دەبێت میهرەبان بن، چونكە پیشەكەمان واتا میهرەبانی، ناوی «دایك »مان لێنراوە بۆیە دەبێت لە ئاست ئەو ناوە بین و بەردەوام هەوڵبدەن، خۆتان بەرەپێش ببەن، زیاتر فێربن و مەوەستن، بڕواتان بەكاری كۆمەڵ بێت، هیچكات خۆپەرست مەبن، خۆتان بگونجێنن لەگەڵ ژینگە جیاوازەكان، رێزگرتن با پێوەر و بنچینەی سەرەكیتان بێت،  بەرەو ئامانجەكەتان بڕۆن هەر دەگەنە خەونەكانتان. 

*پلان و ئامانجتان بۆ داهاتوو چییە؟ 
-راستی ماوەیەكی زۆر نییە دەسەڵاتی سەرۆك بەشیم وەرگرتووە، بەڵام چونكە من خۆم پەرستارم باشتر لە خوێندكارەكانم تێدەگەم. من دەمەوێت نەوەیەكی پەرستاری كارامە و لێهاتوو چالاك بەرەو  سیستمی تەندروستی و نەخۆشخانەكان ئاڕاستە بكەم، ئەم ئامانجەش بە تەنها نایەتەدی بەڵكو پێویستی بە هەوڵ و ماندووبوونی هەموو لایەكمانە،  متمانەیەكی زۆرم بە خوێندكارەكانمە، هیوادارم دواڕۆژیان رووناك بێت و لە ئاست چاوەڕوانی ئێمەبن. 

* پێش دوایین پرسیار هیچ چیرۆكێكی لەبیرنەكراو یان نمونەیەكی زیندووت لەیادە، كە زۆر پێی كاریگەر بووبیت؟ 
-بێگومان چیرۆكەكانمان زۆرن، بەڵام 2 چیرۆك هەمیشە لە یادگەمدا زیندوون، یەكێكیان دوای تەواوكردنی كۆلێژی پەرستاری  ساڵی 2007 بۆ ماوەی ساڵێك راهێانانی بەردەواممان پێدەكرا لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی ، گەرچی زۆر ماندوو دەبوین و ئەركێكی زۆرمان لەسەرشان بوو، بەڵام مەودا و ئەزمونێكی  زۆر جیاواز بوو لە ژیانی پیشەیمدا، ئەوكات نەخۆشی كۆلێرا بڵاوبۆیەوە لە سلێمانی و نەخۆشەكان لە نەخۆشخانەی فێركاری چارەسەری پێویستیان بۆ دەكرا، لەوێدا نەخۆشێكمان هەبوو دوای تەواوكردنی هەموو چارەسەرە پزیشكییەكان پەیوەست بە كۆلێرا لە قۆناغێك بوو كە نەخۆشخانە جێبهێڵێت و دەربچێت، بەڵام بەداخەوە پێش دەرچونی لە نەخۆشخانە لە دەستشۆرەكە گیانی سپارد ، دوای هەوڵێكی  زۆری پزیشكی لە كاری بوژانەوەی دڵ، بەڵام بەداخەوە سەركەوتوونەبووین. 
ئەوی دیكەشیان ئەوكاتەی  لە بەشی شوشتنی گورچیلە كارم دەكرد لە نەخۆشخانەی چوارباخ، نەخۆشێكمان بۆ هات كە توشی رووداوی هاتوچۆ ببوو، ماوەیەكی زۆر لای ئێمە مایەوە لە كرداری شوشتنی گورچیلەدا، گەرچی زۆر گەنج بوو، بەڵام لەبەر كێشی زۆری نەخۆشەكە نەماندەتوانی جڵەوی ئاستی شەكرە و فشاری خوێنی نەخۆشەكە بگرین لە ژێر كاری ئامێری شوشتنی گورچیلەكەدا، تا ئەوەی رۆژێك بارودۆخی نەخۆشەكە بەتەواوی تێكچوو، لە كاتی گواستنەوەی  بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتن لەناو ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن گیانی سپارد، ئەوە دوو كاریگەرترین چیرۆك بوون لام، خوا لێیان خۆشبێت. 

پرۆفایلی، د. سیڤەر تاهیر

ساڵی  1984 لە شاری سلێمانی لەدایكبووە، خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندیی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواوكردووە، لە سالێ 2002-2003 لە كۆلێژی پەرستاری زانكۆی سلێمانی وەرگیراوە و لە ساڵی 2007 راهێنانە كردەییەكانی بۆماوەی ساڵێك لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی وەرگرتووە، لە ساڵی 2008 بۆتە مامۆستا لە پەیمانگەی تەكنیكی سلێمانی، لە ساڵی 2016 لە زانكۆی (سانت پابلۆ) لە شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا ماستەری لە بواری پەرستاری سڕكردن بەدەستهێناوە، ساڵی 2024 لەكۆلێژی پەرستاری زانكۆی سلێمانی بڕوانامەی دكتۆرای بەدەستهێناوە لە پسپۆڕی پەرستاری پێگەيشتوان بۆ شێرپەنجەزانی oncology، ئێستا سەرۆكی بەشی پەرستارییە لە كۆلێژی تەكنیكی تەندروستی و پزیشكی لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی. 

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان