خۆسێ "پێپێ" موهیکا، سەرۆکی پێشووی ئۆرۆگوای و کەسایەتی ناسراو بە ژیانە سادەکەی، لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و اماندۆ ئۆرزی سەرۆکی ئۆرۆگوای، هەواڵی مردنەکەی راگەیاند.
موهیکا، کە پێشتر گەریلایەکی مارکسی بوو، لەنێوان ساڵانی 2010 بۆ 2015 سەرۆکایەتی ئۆرۆگوای کرد. ئەو نەک هەر لە وڵاتەکەی خۆی، بەڵکو لە ئاستی جیهانیشدا بووە سیمبوڵێکی خۆشەویست، ئەمەش بەهۆی شێوازی ژیانی زۆر سادەیەوە. تەنانەت لەکاتی سەرۆکایەتیشدا، رەتی کردەوە لە کۆشکی سەرۆکایەتی بژی و لە کێڵگە بچووکەکەی خۆی لە دەرەوەی مۆنتیڤیدیۆ مایەوە، کە تێیدا سەرقاڵی چاندنی گوڵ بوو. ئۆتۆمبێلە کۆنە ڤۆلکسواگن بیتڵەکەشی یەکێک بوو لە نیشانە دیارەکانی.
لە سەردەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، موهیکا چەندین چاکسازی پێشکەوتنخوازانەی ئەنجامدا و باوەڕی وابوو کە "سیاسەتمەداران دەبێت وەک زۆرینەی خەڵکەکەیان بژین، نەک وەک کەمینەیەکی ئیمتیازدار."
کۆچی دوایی موهیکا کاردانەوەی بەرفراوانی لە سەرانسەری جیهاندا لێکەوتەوە، بەتایبەتی لەلایەن سەرکردەکانی چەپی ئەمریکای لاتینەوە، کە وەک نموونەیەک بۆ ژیری، دووربینی و سادەیی ستایشیان دەکرد.
موهیکا لە ساڵی 2024ەوە بەدەست شێرپەنجەی گەرووەوە دەیناڵاند و بەهۆی ئەو نەخۆشیەشەوە کۆچی دواییکرد.