دێرین ئەحمەد دانیشتوی قەزای دەربەندیخانە، دەرچوی کۆلێجی ئەندازیاریی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانییە، ساڵی 2019 دەستی بە یاریی لەشجوانی کردووە و ئێستا بەردەواممە.
خاتوو دێرین بە کوردستانی نوێی راگەیاند: ئەم وەرزشە تەنها خولیای خۆمە، لە چەند هۆڵێکی لەشجوانی وەک راهێنەر و یاریدەدەری راهێنەر کارم کردووە، تائێستاش وەک پیشە ناتوانم پشت بەم وەرزشە ببەستم .
سەبارەت بە بڕوانامەکانیشیی پێی راگەیاندین؛ خاوەنی بڕوانامەی راهێنەری (C_B_A) -یم، لەگەڵ ئەوەشدا، بەشداریی هیچ پاڵەوانێتییەکم نەکردوە و نیازیشـم نییە بەشداریی بکەم.
بۆ ئاستی وەرزشەکەش دەڵێت؛ بەشێوەیەکی گشتی ئەم وەرزشەی خانمان ئێستا لە ئاستێکی باشدا دەبینم، پێشتر خانمان تەنها بە مەبەستی کێش دابەزاندن، یان بۆ تەندروستی خۆیان رویان لە هۆڵەکان دەکرد، بەڵام ئێستا بە مەبەستی بەشدارییکردن لە پاڵەوانیتییەکاندا روو له هۆڵەکانی لەشجوانی ئەکەن.
لە کۆتاییشدا وتی؛ پەیامی من بۆ خانمانی یاریی لەشجوانی ئەوەیە، رۆژانە گەر بۆ 1سەعاتیش بێت، با روو لە هۆڵەکانی وەرزش بکەن، لەپێناو تەندروستیەکی باش و جەستەیکی رێکدا، ئەوانەشی دەمێکە خەریکی یارییەکەن، با بەردەوام بن هەرگیز بیر لە وازهینان نەکەنەوە چونکە بەرەوامیی دەتگەیەنیت بە ئامانج، راستە یارییەکە کاتێکی زۆر و هەوڵ وماندووبوونێکی زۆری دەوێت، بەڵام دواتر بەو ئامانجە دەگەیت کە خۆت دەتەوێت.
محەمەد عەبدولڕەحمان