هیبە فەیسەڵ
من قایل بووم بكرێمە قوربانی ئەو مێژووەی بە چەشنی مەمكی ژنێك، بەهێمنی نەوتیان چۆڕاندە رەگەكانییەوە، ویستیان لەبری ئاوەدانی، گڕ بگرێت.
توانیم خۆم بكەمە بچووكی هەموو ئەو نەهامەتیانەی بەسەر هەڵگری نامەیەك، خاوەن باوەڕێك یان خولیاگەری ژیانێكدا دێت كە مرۆڤ خۆی تێدا بە زیاد و بێ لانە نەبینێت.
ئارەزووم كرد قازانی پڕ و وەڵامی بەردەست منداڵێك بم، تا پرسیار لە جەستەیدا نەبێتە كێچ و خەوی ئارامی لێ تێكبدات. هەوڵمدا قەڵغانی كەللەی گەنجێك بم، تا گۆشەگیری نەچنێتەوە و سپاردنی ژیانی لە بەرزاییەكەوە بكاتە فریادڕەس، بەڵام ئەستەم بوو تێبگەم، چۆن لێبووردن دەبێتە رێگەیەك بۆ دەستپێكێكی نوێ. هەردەم سەرم سوڕماوە، بەردەوام گومانم لە زیندوێتی ویژدانێك هەیە كە دەیبینم چۆن لە باوێشكی قووڵیدا بێباكانە دەگەوزێ.
من و هەموو ئەو زیتەڵانەی لەسەر سفرەی بێدەنگی هەڵسابووین، خۆشەكرابووین، فێركرابووین كە زمانمان لەگەڵ پارووە بەترس لوولدراوەكان، وەك رەحەتەلقومە بەشەكربووەكەی حانووتی خوێندنگە، قوت بدەین. گەورەكان هەموو رۆژێك وەك نیەتی رۆژوو، لەگەڵ دەستنوێژدا وەبیریان دەهێناینەوە، كە ئەو كەسەی پرسیاری زۆر كرد، ناوكی بێسەروشوێن كەوت. بەڵام ئەوەی ئەوان لێی بێخەبەر بوون، خەیاڵی كۆلارەئاسای مناڵێك بوو، كە هەرچەند پەتت بۆ شل بكردایە زیاتر و زیاتری دەبینی. زیاتر و زیاتر دەیپرسی؛ تۆ بڵێی من لە جێگەیەكی نالەبار جووقابم؟ یان جێگەیەك لەناو مندا هێشتان نادیار، سەرگەردان و وێڵە؟
لەبیرمە ئەو رۆژەی لە چێشتەنگاودا من خەریكی كۆكردنەوەی گوێژ بووم. بەنیاز بووم بیانكەم بە بۆڵێك و لەسەر دەرگای داڵانەكەمان هەڵیواسم. دەمویست میوانە ناوەختەكان ناچار بكەم، لەبری قوڕقوشم، ماچ بدەن لە یەخەی یەكدی.
لە ناكاو، ژاوەژاو و شپرزەییەكی تۆزاوی بێشومار گوندی هەژاند. هێندەم زانی من و براكەم كە وەك دوو گێلاس پێكەوە لكاو بووین، لە چاوتروكانێكدا لێكیان جیا كردینەوە. پشتەملی ئەو لە چنگی باوكم و منیش بە ئامێزی دایكمەوە لە پشت زیلێكی خەڕەكەشكاودا ترنجاینە كۆمەڵێك چاوی تۆقیو و بۆنی خنك و هاڵاوی هەناوی كوكوختییەكی فلیقاوەوە. هەڵتەك هەڵتەك لەگەڵ جووتێ پێڵاوی لاستیكی تاكەوتاك. شیلانەیەك و چوار ئاوەڵكراسی هەڵدڕاو. هەنارێكی گەنیو و دوو بەڕووی سەوز. كەزییەكی هەڵوەشاو و دوو لێوی هەڵتەقیو. دڵ و تیرێكی كوتراو لەسەر هەورێك، جامانەیەكی قوڕاوی و گوڵونكەیەكی سوور لە ژێر پێ تەزیوەكانی ئەو. لە تەنیشتم بۆنی وسمەی تەڕ و رەشاوی ئاسمان. لەسەری پەنجەكانم قەنداخێك، چەرخ و فەلەكێك، خەنەبەندانی شلێرێكی قەیرە.
من توند سەرم چەقاندە سینەی پڕ بۆنی رازیانە و دەستم گرت بە ریزبەندی سمڵی سەر گەردنی دایكمەوە. گوێم لێبوو وەك قیژەی من لە ترسی سیسركێك، چۆن سییەكانی دایكیشم پڕبوو لەهاوارێكی نقوومبوو بۆ خوا. نەمزانی بۆنی گەردنی دایكم بوو، یان دەنكێ زیخ كە لە پڕێكدا پەڕییە كونی لووتم و چاوەكانمی بە فرمێسك لێڵكرد. تۆ بڵێی ئەویش لە عەزرەتی قوتار بوون، وا پەنای بردبێتە بەر لووتی تەڕی من؟ نازانم، بەڵام هێندەم بینی چۆن مام سیروانی نانەوا و مامۆستا هەڵگوردی كوردی لەو دەشتە، فووتێكراو و پەرت كەوتبوون.
كاتێك ئەو وێنانە دێنە بەر چاوم، هەمیشە دەمەوێت وەك پەرچەمی خۆڵەمێشیم چەپكیان بكەم و بە دەستە ئیفلیجەكانم بیانخەمە پشت گوێم. ئێستاش تاڵەكانی هێندە تیژ دەچەقنە چاوە هەنگوییەكانم، دووبارە دونیام تاڵ دەكەن. ئازاریان وەك ژانی سووڕی مانگانە هەموو جار بە گوڕتر دێتەوە.
من لەو رۆژەوە ناتوانم فوو بە میزەڵداندا بكەم. دەترسم لەسەر لێوم ببێتە جەستەی مام شیروان و وەك زمانی مامۆستا هەڵگورد بئاوسێت. ئەوان لەسەر تەختی باوەڕیان گلابوون، منیش لە بێدەستەڵاتی و ترسی باڵقبوون. من لەو رۆژە نەعلەتییەوە نەمتوانی وەك جاران دەستم تێكەڵی قژی دایكم بكەم و لە خەو بگەڕێم بمفڕێنێتە ئامێزی دڵنیاییەوە. مەگەر قژی ئەو هێندە گرژ و ئاڵۆسكاو بوو، ئیدی بە هیچ تەشییەك نە دەڕێسرا. ئێستا من لە هەموو چێشتەنگاوێك لاجانگی راستم رۆحاوی گێلاسێكی لێ دەچۆڕێت. رەنگی هەڵپڕوسقاوی باوكم دەگرم و و بۆنی نزا بێسەر و شوێنەكانی دایكمم لێدێت.
بەشێكی دی لە من ئاژەڵێكی كێوییە، مناڵیكی سرك و بەلەسەیە. شارێكە لە جوامێری، سەری بەرزی نێرگزێكە. دەنگی شمشاڵ و شەكری لێواری پیاڵەیەكە. لەش و لاری خەندەیەكی داگیرساوم. كچێكی دووگیان بە بۆنی ریشی گەرمیانییەك. نها هەموو من، لە نووكی پێ هەتا تاكە لیرەی تەوقی سەرم، لەهەر جێیەك ناوت ببیستم، گوێیەكانم دەبنە نامەهەڵگرێكی مۆرپۆش و وەك رێبوارێكی شەنگ و شۆخ هەتا خۆمت پێ نەناسێنم، دەست هەڵناگرم.
*كورد *نەهامەتی *ژیان *بەردەوامی *سەربەرزی *نێرگز *نەمری *جەرگوجگەر.