نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی یەکێتی
ئەمڕۆ هەڤاڵ (رفعەت عەبدوڵا) جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەگای مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی، پێشوازیکرد لە (ستیڤ بیتنەر) کونسوڵی گشتی ئەمریکا لەهەرێم.
لەسەرەتای دیدارەکەدا پەرەسەندن و پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و رووداوو گۆڕانکارییەکانی عیراق و ناوچەکە تاوتوێکران.
هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە یەکێتی و هەرێمی کوردستان، هاوپەیمانی و دۆستایەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەبایەخەوە ههڵدهسهنگێنێت خوازیاری برەودانی زیاتر و هاریکاری هاوبەشین لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە لە هەموو روویەکەوە و بەهێزکردنی هەماهەنگی زیاتر لەڕووی ئەمنی و رووبەڕووبونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر.
لای خۆیەوە کونسوڵی گشتی ئەمریکا خواستى وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و پشتیوانی لەهەرێمی کوردستان لەبوارە جیاوازەکاندا دووپاتکردەوە.
هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵا، تیشکی خستەسەر سیاسەت و هەوڵەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەبارەت بەدوورخستنەوەی هەرێم و عیراق لە گرژی و ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە و وتی: "وەک یەکێتی و هەرێم، هەمیشە فاکتەری ئاسایش و سەقامگیری دەبین لە ناوچەکەدا".
سەبارەت بەگفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوولا هاوڕابوون لە نزیکترین کاتدا کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکبهێنرێت. لەوبارەیەوە هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵا ئاماژەی بۆ هەنگاو و رێکاری گفتۆگۆکان کرد وتی: "وەک یەکێتی ئامانجمانە بەزووترین کات کابینەیەکی بەرپرس و خزمەتگوزار پێکبهێنرێت کە خزمەتی هەموو ناوچەکان بکات بێ جیاوازی و حکومەتی هاووڵاتی بێت".
تەوەرێکی تری دیدارەکە تایبەت بوو بەپرسی چارەسەری ئاشتی (تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان)، هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵا، چارەسەرکردنی ئاشتیانەی بەپێویستیەکی هەنووکەیی قۆناغەکە وەسفکرد و وتی: "وەک یەکێتی، پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیاو کۆتاییهێنان بەتوندوتیژی دەکەین، ئامادەی هەموو هاوکارییەکیشین لەوبارەیەوە".