ئەم نووسینەش هەڵەی تێدایە

11:58 - 2025-05-18
کەلتور
34 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد

یەکێک لەو کێشە سەرەکییانەی لەبواری نووسین و رۆژنامەگەریی کوردیدا هەیە، کێشە رێنووس و خاڵبەندییە. ئەو کێشەیە بۆ هەیە و چۆن چارەسەر دەبێت؟ سەرچاوەی ئەو کێشەیە گەلێک زۆرن، بۆ نموونە هەرگیز هەوڵمان نەداوە رێنووس و خاڵبەندی بەدامەزراوەیی بکەین و نەمان کردووە بە سیستەم. هەربۆیەش هەر نووسەر و رۆژنامەنووسێک، لەبواری رێنووس و خاڵبەندییدا پەیڕەوی لە تێگەیشتنی تاکەکەسی خۆی، یان ئەوپەڕەکەی پەیڕەوی لەو رێنووس و خاڵبەندییە دەکا کە سەرنووسەر و بەڕێوەبەری بڵاوکراوە و راگەیاندنەکە کاری پێدەکات، یانی نووسەران و رۆژنامەنووسان هەوڵنادەن بە پێی بۆچوونی شارەزایانی ئەو بوارە بنووسن، بەتایبەت ئەگەر ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسانە کارمەندی راگەیاندنێکی دیاریکراو نەبن، رێک بە گوێرەی بۆچوونی تاکەکەسی خۆیان دەنووسن. لەماوەی ئەو بیست و شەش – بیست و حەوت ساڵەی تا ئێستا لە رۆژنامەکاندا کار دەکەم، دەیان نووسەرم بینیوە و ناسیوە بەوە بەناوبانگبوون، کە نابێ بەهیچ شێوەیەک دەستکاری رێنووس و خاڵبەندیی نووسینەکانیان بکرێت، تەنانەت هەندێکیان لەسەر گۆڕینی یەک وشە دڵی ناسکیان درزی بردووە و لە رۆژنامەکە و لە ئێمەش تۆراون، تەنانەت ئێمەش بەهەمان شێوە. ئەم دیاردەیە، دەیاردەیەکی سەیرە، هاوکات دەرخەری کێشەی جدییە لەبواری رێنووس و خاڵبەندیی لە نووسین و رۆژنامەگەریی کوردییدا.
 دەبێ بەزوویی ئەو کێشەیە بەشێوەیەکی جددیی چارەسەر بکەین، چونکە بەردەوامبوون بەمشێوەیە جگە لەوەی زمانی کوردی لاواز دەکا و کاریگەریی خراپ لەسەر هەموو بوارەکانی دیکەش دادەنێت، لەبواری (ئایتی) و (ئەی ئای) و لە فەزای مەجازیدا، کێشەی گەورەمان بۆ دروست دەکات. بەچەند رێگەیەک دەتوانین ئەو کیشەیە چارەسەر بکەین، یەکەم: تازەترین شێوازی زانستیی رێنووس و خاڵبەندی کە شارەزایان لەسەری کۆکن، بکەین بە بنەما و چەند ساڵ جارێکیش لەلایەن شارەزایانەوە بەڕۆژ بکرێتەوە، دووەم: هەڵەبڕێکی ئەلکترۆنی لەسەر ئەو بنەمایە دروست بکەین، تا لەکاتی نووسیندا، هەڵەی رێنووس و خاڵبەندییمان بۆ راست بکاتەوە، سێیەم: کتێبەکانی خوێندن لەسەربنەمای ئەو رێنووس و خاڵبەندییە پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت. چوارەم: دەبێ نووسەران و رۆژنامەنووسان دەست لە بۆچوونی تاکەکەسی خۆمان هەڵگرین و هەموومان را و بۆچوونی شارەزایەکی ئەو بوارە بکەینە بنەمای رێنووس و خاڵبەندیی لە نووسینەکانماندا. بۆنموونە ئێستا تازەترین شێوازی زانستیی رێنووس و خاڵبەندی کامەیە، تۆ بڵێ با کتێبی (پووختەی رێنووس و خاڵبەندی) دیاکۆ هاشمی، کە ئەمساڵ (ئەکادیمیای کوردی)ی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەسندی کردووە و چاپ و بڵاوی کردۆتەوە بکەینە بنەما، بەڵام قۆناغ بە قۆناغ لەلایەن گروپێکی شارەزاوە بەڕۆژ بکرێتەوە. 
بابەتی یەکدەستبوونی رێنووس و خاڵبەندی بەئەندازەیەک گرینگە، ئەگەر تەنانەت هەموومان پەیڕەوی لە هەڵەیەک بکەین، زۆر باشتر و بەسوودترە لەوەی هەرکەسە لە دوورگەی تاکەکەسی رێنووس و خاڵبەندیی خۆیدا قەڵەم سواری بکات. ئەم حاڵەتدا لەزەینییەتەوە تا حکومڕانی بەسەر کۆمەڵێک دوورگەی تاکەکەسیی و چەندکەسییدا دابەشمان دەکات و بەوەش لاواز دەبین. تەنانەت ئەم نووسینە کورتەی بەندەش کە باسی رێنووس و خاڵبەندی دەکا، بێ بەری نییە لە هەڵە و حەزی تاکەکەسی لەوبوارەدا، لەبەر ئەوەیە بەسیستەمکردنی رێنووس و خاڵبەندی و پەیڕەویکردن لەیەک شێواز گرینگە، دەمانکات بە یەک و بەمشێوەیە لەهەموو روویەکەوە دەبینە نەتەوەیەکی لە ئێستا باشتر و بەهێزتر.

بابەتە پەیوەندیدارەکان