ئا: كوردەوان محەمەد سەعید
یەكێك لە دیوە نەرێنییەكەی ئەو باجە ئەوەیە، بەشێك لە هاووڵاتییان سەرمایەكانیان دەنێرنە دەرەوەی وڵات، هەروەها بەشێك لە هێزی كاری لێهاتوو و ئاست بەرز رەنگە نەیەنە ئەو وڵاتەوە بۆ كاركردن و روو بكەنە وڵاتێكی دیكە
سوڵتاننشینی عومان بڕیاری دا باج بخاتە سەر داهاتی هاووڵاتییان، بەڵام باجەكە تەنیا ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە داهاتیان بەرزە، بەم هەنگاوەشی عومان بوو بە یەكەم وڵاتی كەنداو كە ئەو جۆرە باجە بەسەر هاووڵاتییاندا بسەپێنێت، چونكە وڵاتانی كەنداو بە گشتی لەبەر ئەوەی داهاتیان لەسەر نەوتە، باجی دەرامەت ناخەنە سەر هاووڵاتییانی خۆیان، عومان بڕیارە لە سەرەتای ساڵی 2028وە ئەو بڕیارە جێبەجێ بكات و بڕی باجەكەش %5 بۆ ئەو كەسانەی داهاتی ساڵانەیان لە 42 هەزار ریاڵ تێدەپەڕێت، كە دەكاتە نزیكەی 109 هەزار دۆلار، باجەكەش تەنیا هاووڵاتییانی خاوەن رەگەزنامەی وڵاتەكە ناگرێتەوە، بەڵكو ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە مۆڵەت و مافی مانەوەیان لەو وڵاتە وەرگرتووە.
عومان، وەك هەموو وڵاتانی دیكەی كەنداو بودجەكەی بە شێوەیەكی سەرەكی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێ و لە ساڵی رابردوودا رێژەی پشتبەستنی بودجە بە داهاتی نەوت 19.3 ملیار دۆلار بوو، بەڵام بە وتەی سەعید بن محەمەد ئەلسەقەری وەزیری ئابووری عومان ئەم بڕیارە نوێیە وا دەكات رادەی پشتبەستن بە داهاتی نەوت كەم بێتەوە.
زیادبوونی قەرزی گشتی و خەرجییەكان
د. ئەحمەد بن سەعید پسپۆڕی ئابووری عومانی رایگەیاند: بڕیاری سەپاندنی باج بەسەر هاووڵاتییاندا بەرەنجامی كەڵەكەبوونی كۆمەڵێك هۆكاری ناوخۆیی و دەرەكی بوو، گرنگترین هۆكاریش گرنگیی فرەسەرچاوەكردنی ئابوورییە، ئەویش دوای ساڵانێكی زۆر پشت بەستن بە داهاتی نەوت، كە هیچ كاتێك نرخەكەی جێگیر نییە و بەردەوام هەڵكشان و داكشان بەخۆیەوە دەبینێت، هۆكارێكی دیكەش مەسەلەی زیادبوونی قەرزی گشتی و زۆربوونی پێویستییەكان و خەرجیی گشتی بۆ پتەوكردنی ژێرخانی وڵات و پێشكەش كردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان، لە هۆكارە دەرەكییەكانیش راسپاردەكانی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتییە، كە هەمیشە داوا دەكات چاكسازیی ئابووری بكرێت و شەفافییەت و دادپەروەری زیاتر هەبێت.
دوو هۆكاری سەرەكی
خەلفان ئەلتوقی پسپۆڕی ئابووری لەو بارەیەوە دەڵێ: سەپاندنی باج بەسەر داهاتی تاكدا، لە چوارچێوەی سیستمێكی تەواوی باجدایە كە پێشتر لەسەر سەرمایەی زێدەبایی و داهاتی كۆمپانیاكان و هەندێك كاڵای هەڵبژاردە و كاڵای جوانكاری هەبووە، واتە سیستمەكە تەنیا باجی دەرامەتی سەر تاكی كەم بوو، كە پێویستە ئەویش كارا بكرێت.
ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەشدا، دوو هۆكاری سەرەكی وایانكرد عومان ئەو بڕیارە بدات، یەكەمیان ناجێگیریی نرخی نەوت و پێویستیی فرەسەرچاوەكردنی داهاتی گشتییە و هۆكارەكەی دیكەش گفتوگۆی بەردەوامی نێوان عومان و سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتییە، كە لە 2020وە بەردەوامە و هاندەر بوو بۆ ئەوەی عومان بە دوای سەرچاوەی دیكەی داهاتدا بگەڕێت، هەرچەندە عومان تا ئێستا داوای قەرزی لەو سندوقە نەكردووە، لەبەر ئەوە ناچار نییە راسپاردەكانی جێبەجێ بكات.
دادپەروەریی كۆمەڵایەتی
بڕیارەكەی عومان بەو شێوەیەیە، كە باج بە رێژەی %5 داخاتە سەر هەر تاكێك، كە داهاتی ساڵانەی لە سەروو 109 هەزار دۆلارەوە بێت، بەم شێوەیەش %99ی دانیشتوانی عومان لەو باجە دەبەخشرێن، چونكە داهاتیان ناگاتە ئەو ئاستە، لەم رێگەیەشەوە وەك د. ئەحمەد بن سەعید كەشوب دەڵێ: دادپەروەری لە باجی دەرامەتدا رەچاو كراوە و كەسانی سەر بە چینی مامناوەند و كەمدەرامەت پارێزراو دەبن.
سەپاندنی باجی دەرامەت بەسەر هاووڵاتییاندا مشتومڕی زۆری لەسەرە لەلایەن پسپۆڕان و شارەزایانی ئابوورییەوە، چونكە هەر هەنگاوێكی لەم جۆرە هەردوو دیوی ئەرێنی و نەرێنیشی هەیە، یەكێك لە دیوە نەرێنییەكەی ئەوەیە، بەشێك لە هاووڵاتییان سەرمایەكانیان دەنێرنە دەرەوەی وڵات، هەروەها بەشێك لە هێزی كاری لێهاتوو و ئاست بەرز رەنگە نەیەنە ئەو وڵاتەوە بۆ كاركردن و روو بكەنە وڵاتێكی دیكە، كە باجەكەی كەمترە، یان هەر نییەتی.
متمانەی عومان بەرز دەكاتەوە
بەڵام لایەنی ئەرێنی ئەم هەنگاوە بە بۆچوونی د. ئەحمەد بن سەعید كەشوب لەوەدایە، كە عومان وەكو دەوڵەت متمانەی بەرز دەبێتەوە، ئەویش بەهۆی پەیڕەوكردنی باشترین سیستمی جیهانی ئابووری و لە پۆلێنكردن و پلەبەندیی تایبەت بە نیشاندەری شەفافییەت و كوالێتی دەسەڵاتدارییدا رەنگە پلەی باشتر وەربگرێت، هەروەها عومان بەم هەنگاوەی لە بازاڕی كاری ناوخۆییدا جیاوازیی چینایەتی كەم دەكاتەوە.
ئەو پسپۆڕە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە لەگەڵ جێبەجێ كردنی ئەو بڕیارەدا پێویستە حكومەت هاندان و بەخشین لە باج جێبەجێ بكات، بۆ ئەوەی قورسایی و بارگرانیی لەسەر ژینگەی وەبەرهێنان دروست نەبێت، بۆ نموونە تایبەتمەندیی پرۆژەی نوێ و داهێنانەكان لەبەرچاو بگیرێت، یان ئەو كەرتانەی بایەخبەندییان لە ریزی پێشەوەیە و بە گشتیش دەبێت وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و دەرەكی پشتیوانییان لێبكرێت، لە پێناو بەردەوامبوون و فراوانبوونی وەبەرهێناندا.
بە سیستمی ئەلیكترۆنی جێبەجێ دەكرێت
كەریمە ئەلسەعدیە بەڕێوەبەری پرۆژەی باجی دەرامەت لەو بارەیەوە رایگەیاند: ئەو باجە لە رێگەی سیستمی ئەلیكترۆنییەوە جێبەجێ دەكرێت و سیستمە ئەلیكترۆنییەكەش بە جۆرێك بەرنامەڕێژیی بۆ كراوە، كە زۆر بە وردی كاری ئەژمار و رێژە و چۆنێتی باجەكە رایی دەكات. بەڵام خەلفان ئەلتوقی گومان دەكات لەو بابەتە و دادپەروەانەبوونی باجەكە، چونكە ئەو پێی وایە، لە ئەگەری لاوازیی میكانیزمی چاودێریدا دیاردەی خۆدزینەوە لە باج زۆر و ئاسان دەبێت. ئەلتوقی دەڵێ: هەر لە ئێستاوە كەسانێك هەن بە دوای ژمێریای زیرەكدا دەگەڕێن، بۆ ئەوەی رێگای خۆدزینەوە لە باجیان بۆ بدۆزێتەوە.
خەلفان ئەلتوقی نیگەرانیی خۆشی نەشاردەوە لەوەی كە بەهۆی سەپاندنی ئەو باجەوە، وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و دەرەكیش روو بكەنە وڵاتانی دیكە و بە دووریشی زانی لەو رێگەیەوە دادپەروەریی كۆمەڵایەتی بێتە ئاراوە، چونكە قورسە باجی دەرامەت بخرێتە ئەو كەسانی خاوەنی سامانێكی زۆرن و پارەكانیان بردۆتە دەرەوەی وڵات.
هێشتا زووە بۆ بڕیاردان
بەڵام د. ئەحمەد بن سەعید كەشوب رای پێچەوانەی هەیە و دەڵێ: ساڵی 2024 بودجەی عومان 30.26 ملیار دۆلار بووە، راستە ئەو داهاتەی لە رێگەی سەپاندنی ئەم باجەوە ساڵانە دەگاتە 230 ملیۆن دۆلار و بەراورد بە بودجەی گشتی زۆر كەمە، بەڵام گرنگیی سیستمی باج تەنیا لە داهاتەكەیدا نییە، بەڵكو كاریگەریی لەسەر پێكهاتەی پەیكەری دارایی وڵات دەبێت و بەشداریی لە دامەزراندنی داتابەیسێكی وردیشدا دەكات بۆ كەرتی دارایی و لە هەمان كاتدا سیستمی چاودێریی دارایی بەهێز دەكات و ئامرازی نوێ فەراهەم دەكات بۆ داڕشتنی سیاسەتی گشتیی ئابووریی وڵات.
ئەم مشتومڕەی تایبەت بە بڕیاری سەپاندنی باجی دەرامەت لە عومان، رەنگە بە ئاسانی یەكلایی نەبێتەوە و دەرەنجامەكەشی بە ئاسانی دەرنەكەوێت، تا ئەو كاتەی دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، كەواتە هێشتا زووە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی لایەنی ئەرێنی زیاترە، یان لایەنی نەرێنی.
سەرچاوە: BBC