ئا: نەرمین عوسمان محەمەد
خەڵاتی پۆڵیتزەر بەرزترین رێزلێنانی نیشتمانییە لە بوارەکانی رۆژنامەگەری چاپکراو و بەرهەمە ئەدەبیەکان و نووسینی مۆسیقادا. ساڵانە لەلایەن زانکۆی کۆڵۆمبیاوە لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا دەبەخشرێت. لە ساڵی1917دا بە راسپاردە و پشتگیریی رۆژنامەنووس Joseph Pulitzer –جۆزێف پۆڵیتزەرەوە دانراوە، کە بە سومبوڵی رۆژنامەگەریی ئازاد و سەربەخۆ هەژمار دەکرێت.
ئەم خەڵاتە هەر لە سەرەتای دانانییەوە، ساڵانە لەسەر راسپاردەی دەستەی خەڵاتەکانی پۆڵیتزەر لە زانکۆی کۆڵۆمۆبیا لە مانگی پێنجدا دەبەخشرێت. دەستەکە لە چەند دادوەرێک پێکهاتووە، کە لەلایەن هەمان زانکۆوە دەستنیشان دەکرێت.
ژمارەی خەڵاتە بەخشراوەکانی دەستەکە ساڵانە دەگاتە 21 خەڵات. 14یان لە بواری رۆژنامەگەریدایە و شەشیان لە بواری ئەدەبیدایە و یەک خەڵاتیان لە بواری موزیکدایە. جگە لەم خەڵاتانەش زانکۆکە، لە ژێر سایەی هەمان خەڵاتدا، چوار -پاداشت لە چەند بوارێکی دیکەی جیاوازدا دەبەخشێت.
20 لە خەڵاتەکان بریتین لە بڕوانامەیەک و خەڵاتێکی ماددی بەبڕی 10 هەزار دۆلار، تەنها براوەی بواری خزمەتگوزارییە گشتیەکان مەدالیایەکی ئاڵتونییشی پێ دەبەخشرێت. ئەمساڵ خەڵاتی پۆڵیتزەر بەخشرایە رۆمانی جەیمس لە نووسینی رۆماننووس Percival Everett – پێرسیڤاڵ ئیڤیرت.
رۆمانی James –جەیمس
رۆمانی جەیمس رۆمانێکی نووسەر پیێرسیڤاڵ ئیڤێرتە، لەلایەن خانەی دەبڵدەی (Doubleday)یەوە لە ساڵی 2024 دا بڵاوکراوەتەوە و تازەترین بەرهەمی نووسەرە. ئەم رۆمانە تێڕوانینێکی قووڵ دەربارەی ئاڵۆزی شوناس و مێژوو و هەوڵدانی جددی بۆ دۆزینەوەی راستیی پێشکەش دەکات، چەقی رۆمانەکە ژیانی تایبەتی جەیمس–(James)ی پاڵەوانی سەرەکیی رۆمانەکەیە کە خۆی لەنێوەندی گەشتێکی خود دۆزینەوەدا دەدۆزێتەوە، لە جیهانێکی پڕ لە ئاڵنگاریی کۆمەڵایەتی و سیاسی، هاوکات یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکان کە رۆمانەکە تیشکی دەخاتەسەر، کاریگەریی رابردووە لەسەر ئێستا، بە جۆرێک نووسەر روونی دەکاتەوە چۆن مێژووی تایبەتیی کەسەکان و خیزانەکانیان دەکرێت کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر تاکەکان هەبێت و چۆن دەکرێت تاک، لەگەڵ ئەم رابردووەیدا ئاشت ببێتەوە و دەکرێت ئەم ئاشتبوونەوەیە ببێتە کلیلێک بۆ لەخودگەیشتن و بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر.
خاڵێکی دیکە کە رۆمانەکە لێی دەدوێت، بریتییە لە کۆمەڵە پرسیارێک سەبارەت بە پرسەکانی دادپەروەری و یەکسانی و شوناس لە کۆمەڵگەی ئەمریکییدا. رۆمانەکە رەخنەیەکی بەهێز لە ستەمە کۆمەڵایەتی و رەگەزپەرستییەکان دەگرێت و بانگەشەی هێنانەدی گۆڕانکاریی ئەرێنی دەکات.
نووسەر بە ستایڵێکی نووسینی نەرم و قووڵ، سەرکەوتوو دەبێت لە وێناکردنی کەسایەتییە واقیعی و ئاڵۆزەکان، تا ئەو رادەیەی وا لە خوێنەر دەکات هەست بکات لەگەڵ ئەزموونی پاڵەوانەکاندا دەژی. لەکۆتاییدا رۆمانەکە پەیامێکی هیوا و هێز دەبەخشێتە خوێنەرانی.