لە ساڵیادی «كاكە شا» دا

بۆچی ناونرا شەهیدی رێگەی خزمەتگوزاری؟

10:52 - 2025-05-21
کوردستان
72 جار خوێندراوەتەوە

كاك شازاد سائیبـی نەمر، تێكۆشەر و شۆڕشگێڕ، پێشمەرگە و یاساناس و رۆژنامەنووس و رووناكبیر، 24 ساڵ لەمەوبەر و لە ئەركێكی دەوڵەتدا، بە رووداوی هاتوچۆ، كۆچی دوایی كرد.
كاك شازاد لە هەموو وێستگەكاندا، ناوێكی دیار و درەوشاوەی مێژووی خەبات و تێكۆشانی كوردایەتی بوو، دووربوو لە هەر گەندەڵی و كارێكی ناڕەوا، پلەی وەزیرییەكەی وەك ئەركێك دەبینی بۆ خزمەتكردن، داواشی لێكرا ئەو ئەركە وەربگرێت، كە لەماوەیەكی زۆر كەمدا ئیشوكارەكانی دەركەوتن و ئاماژەی بەرەوپێشچوونێكی خێرای دەدایە هەمووان.
كاك شازاد، ئەوەندە پاك و راست بوو، بەهۆی سەفەرەوە مانگێك مۆڵەت بوو، دواتر كە سكرتێرەكەی مووچەی ئەو مانگەی بۆ بردبوو، كاك شازاد وەرینەگرتبوو، وتبووی: من ئەو مانگە دەوامم نەكردووە، كەواتە مافی وەرگرتنی مووچەی ئەو مانگەم نییە.
جا لەبەر ئەو هۆكارانە و هەموو جوانی و خزمەتەكانی، نازناوی (شەهیدی رێگەی خزمەتگوزاری) پێبەخشرا، بەوپێیەی ئەو سەردەمە، سەردەمی بوژاندنەوەی ناوچەكان بوو لەلایەن دەزگاكانی حكومەتی هەرێم و رێكخراوەكانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكانەوە لەچوارچێوەی بڕیاری 986دا، كە ناوبەناو كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی ئیدارەی پێشووی سلێمانی دەبرایە قەزا و ناحیەكان.

ژیاننامەی كاكە شا
شازاد جەمیل سائیب، ساڵی 1946 لە سلێمانی لەدایكبووە. كۆلیژی یاسای زانكۆی بەغدای تەواوكردووە.
كاك شازاد، ئەندامێكی چالاكی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان بوو، تا پلەی ئەندامی سكرتاریەتی بڕیبوو. دوای تەواوكردنی خوێندن، بووە بە پارێزەر و هاوكات لە كار و تێكۆشانی سیاسیشدا بەردەوام بووە.
ساڵی 1969-1970 سەرنووسەری گۆڤاری رزگاری بووە.
دوای شكستی شۆڕشی ئەیلول، پەیامی كۆمەڵە و تێكۆشەرانی ناوەوەی كوردستانی دەگەیاندە هەڤاڵ مام جەلال لە دەرەوەی وڵات.
ساڵی 1979 چووەتە هەندەران و ماوەیەك لە لەندەن نیشتەجێبووە و دواتر ئەركی نوێنەرایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی لە شام پێسپێردراوە.
ساڵی 1980 گەڕایەوە كوردستان و بوو بە پێشمەرگە و رۆڵی سەرەكیی بینی لە پێكهێنانی دادگای باڵای شۆڕشدا. دواتر بەهۆی نەخۆشییەوە روویكردەوە هۆڵەندا و لەوێش بەردەوام بوو لە تێكۆشان. لە كۆنفرانس و كۆنگرەكانی كۆمەڵە و یەكەمین و دووەمین كۆنگرەی یەكێتیدا بەشداریی كردووە و سەرۆكی دەستەی بەڕێوەبردنی یەكەمین كۆنگرە بووە.
لە سوریا و لوبنان پەیوەندییەكانی ی.ن.ك و جیهانی عەرەبی بەڕێوەبردووە. ساڵی 1988 بووە بە نوێنەری یەكێتی لە ئەوروپا، ساڵی 1994 تا 2001 نوێنەری یەكێتی بووە لە توركیا.
رۆژی 24/1/2001 پۆستی وەزیری كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان-ئیدارەی سلێمانی پێسپێردراوە.
بەداخەوە، رۆژی 21/5/2001 لەڕێگەی رۆیشتنی بەرەو رانیە بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ رێكخراوەكانی UN، لە نزیك شارۆچكەی پیرەمەگرون بە رووداوی هاتوچۆ خۆی و شۆفێرەكەی گیانیان لەدەستدا.
ئاوات كۆكەیی

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان