پسپۆڕێکی وزە بۆ کوردستانی نوێ: ئەو دوو گرێبەستە قۆناغێكی نوێیە و گرنگن

لەسەر دوو گرێبەستەکەی ئەمریکا، سامانە سروشتییەکانی هەرێم و نەوتی عیراق بەیاننامە لەسەر یەکتر دەردەکەن

10:55 - 2025-05-21
کوردستان
67 جار خوێندراوەتەوە

ئیمزاکردنی دوو رێککەوتننامەی بواری وزە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و دوو کۆمپانیای ئەمریکی، وەڵام و وەڵامکاریی وەزارەتی نەوتی عیراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی بەدواداهات.
رۆژی دووشەممە 19/5/2025 لە ئەمریکا، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆك وەزیرانی هەرێم، بە جیا ئیمزای هەردوو رێککەوتننامەکەی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی (HKN Energy) و وێستێرن زاگرۆس لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند: بەهای هەردووکیان دەگاتە 110 ملیار دۆلار و کاریگەرییەکی دیار و ئەرێنییان لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەبێت.
ئەو هەنگاوە کاردانەوەی وەزارەتی نەوتی عیراقی بەدوادا هات و لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: رێکارەکانی تایبەت بە گرێبەستی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەی میران و کێڵگەی تۆپخانە-کوردەمیر لە پارێزگای سلێمانی، رەتدەکەنەوە و بە نادەستووری و پووچەڵ وەسفیان دەکات.
راشیگەیاند: سەرەڕای پێویستییەکان بۆ گەورەکردنی قەبارەی وەبەرهێنانی گاز و پڕکردنەوەی پێداویستییە ناوخۆییەکان بۆ وێستگەکانی کارەبا، بەڵام ئەو رێکارانەی هەرێمی کوردستان بە ئاشکرا دژی یاسا و بڕیارەکانی دادگای تەمییزی فیدراڵییە.

رێبوار محەمەد

ئەو کاردانەوەیەی وەزارەتی نەوتی عیراق، وەڵامی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی بەدواداهات و لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت «حکومەتی هەرێم لەکاتێکدا جەخت لە هەموو ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی دەکاتەوە وەك قەوارەیەکی فیدراڵی لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عیراق، کە بەڕوونی ماف و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستانی دەستنیشانکردووە، لەهەمانکاتدا دووپاتی دەکەینەوە کە ئەو دوو رێککەوتننامەیەی وەزارەتەکەمان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمریکی HKN و WesternZagros کردوویەتی، رێککەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین، بەڵکو پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عیراقیش دانی بە یاسایی و رەواییاندا ناوە و هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و تەنها کۆمپانیای ئەنجامدەری گرێبەستەکان گۆڕاون لە چوارچێوەی رێککارە یاسایی و گرێبەستییەکانی هاتوو لە رێککەوتننامەکان و هەردوو کۆمپانیا ئەمریکییەکەش، چەندین ساڵە پەرە بە وەبەرهێنان دەدەن لە بواری نەوت و گاز و لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانن و وەبەرهێنەری نوێ نین».
هەروەها دووپاتیکردووەتەوە، ئامانج لەو رێککەوتننامە و گرێبەستانەش، پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆییە لەڕێگەی زیادکردنی بەرهەمی غاازی سروشتیی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوام بۆ هەموو ناوچەکانی عیراق.
لەسەر ئەو دوو رێککەوتننامەیە و وەڵام و وەڵامکارییەکان، رێبوار محەمەد ماستەر لە گرێبەستەكانی نەوت و گاز بۆ كوردستانی نوێ وتی: گرێبەستەكان یەكێکیان لە بلۆکی میرانە، كە لە تاسڵوجەوە دەستپێدەكات بۆ دوكان و تا چەمی رەزان و ئاخجەلەر درێژدەبێتەوە و ئەوەی دیکەیان لە گوندی تۆپخانەیە لە ناوچەی جەبارە لە ناحیەی قادركەرەم، ئەم دوو بلۆکە پێشتر لەلایەن دوو كۆمپانیای ترەوە گرێبەستیان كردبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەیانتوانی گرێبەستەكە جێبەجێبكەن، گرێبەستەكان هەڵوەشاونەتەوە، ئێستاش حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستی لەگەڵ ئەو دوو كۆمپانیا ئەمریكییە كردووە، كە دوو ئەندامی «ئەپیکۆر» كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستانن و لەئێستادا نەوت لە هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێنن».
وتیشی: ئەم دوو گرێبەستە بۆ كورد و بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگن، دەكرێت بڵێین قۆناغێكی نوێیە، وا هەستدەكەم كوردستانیش بەشێكە لەو گۆڕانكارییەی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکادا هاتۆتەكایەوە، بۆیە ئەم دوو گرێبەستە بۆ ئێمە زۆر گرنگن لەم كاتەدا، هەروەها ئەوە دەسەلمێنێت، كە دەستووری عیراقی مافی هاوبەشی راستەقینەی بە هەرێمی كوردستانیش داوە نەك تەنها عیراق و كوردیش مافی خۆی هەیە، ئەوەتا عیراق نایەتەژێر بارو یاسای نەوت و گاز دەربكات و پێكەوە ئیدارە و خاوەندارێتیی نەوت و گاز بكەن».
باسی لەوەشکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان وەكو مافی خۆی لە دەستوور، هەرێمی كوردستانی كردووە بە (57) بلۆکی نەوتییەوە و لەگەڵ (40) كۆمپانیا و وڵاتدا گرێبەستی كردووە، زیاتر لە (53) گرێبەست ئیمزاكراوە و لەو (57) بلۆکە، لە (14) كێڵگەدا نەوت بەرهەمهێنراوە، ئێستاش ئەو دوو بلۆکەی دیکە بۆسەر ئەو (14) كێڵگە نەوتییە زیاد دەبن،  كە لەئێستادا (4 تا 5)یان بەرهەمهێنانی نەوت تێیاندا راگیراوە.
راشیگەیاند: گرنگی ئەم بابەتە لەڕووی سیاسییەوە پشتیوانییەكی گەورەیە و لەڕووی ئابوورییەوە (110) ملیار دۆلار داهات بێت، ئەوەش بوژانەوەیەكی گەورەیە بۆ هەرێمی كوردستان بە گشتی و سنووری پارێزگای سلێمانی بە تایبەتی لەڕووی هەلی كار و وەبەرهێنان و بوژانەوەیەكی گەورە و ژێرخانێكی باش دروستدەكات. هەروەها كارەبایەكی باش بەرهەمدەهێنێت و دەتوانرێت بە عیراقی بفرۆشێت.
کوردستانی نوێ، هیوا کازم

بابەتە پەیوەندیدارەکان