ئەندامێكی دەستەی بەڕێوەبردنی لقی سلێمانی یەكێتیی نووسەرانی كورد، رایگەیاند: بە بەشداری چەندین توێژەر لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان دیداری رەفیق حیلمی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت كە تێیدا 13 توێژینەوەی زانستی لەبارەی ئەدەبی كوردی پێشكەش دەكرێت.
بەندی عەلی بە دوالاپەڕەی وت: رۆژانی شەممە و یەكشەممە 24-25/5/2025 دیداری رەفیق حیلمی بۆ لێكۆڵینەوەی ئـەدەبی كوردی لە هۆتێل تایتانیك لــە شــاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت و تێیدا 13 توێژینەوەی زانستی لـەبارەی ئەدەبی كوردی، رەخنە، تیۆری، رەوتی شیعری هاوچەرخ، مێژووی ئەدەبی كوردی و رۆڵی ژن لە ئەدەبی كوردیدا، لەلایەن 13 توێژەرەوە لە شەش پانێڵدا پێشكەش دەكرێت کە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت.
ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبردنی لقی سلێمانی یەكێتیی نووسەرانی كورد ئاماژەی بەوەشكرد كە دیدارەكە بە پاڵپشتی دارایی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بە سپۆنسەری دەزگای میدیایی كوردسات نیوز بەڕێوەدەچێت.
رەفیق ساڵح عەبدوڵڵا (حیلمی) ساڵی 1898 لە شاری كەركوك لەدایكبووە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە كەركوك و سلێمانی و ئامادەیی لە بەغدا و پەیمانگەی ئەندازەیی لە ئیستانبوڵ تەواو كردووە، جگە لە كوردی، زمانەكانی عەرەبی، توركی و فەرەنسی زانیوە و راوێژكاری سیاسیی شێخ مەحمود بووە، ساڵی 1960 لە بەغدا بە نەخۆشی خوێنبەربوونی مێشك كۆچی دوایی كردووە، دواتر لە گۆڕستانی گردی سەیوان لە سلێمانی بە خاكسپێردراوە. خاوەنی چەندین كتێبە لەوانە: شیعر و ئەدەبیاتی كوردی، كورد لە بەرەبەیانی مێژووەوە تا 1920، پاش تەمموز (شیعر)، كوردستانی عیراق و شۆڕشەكانی شێخ مەحمود، (خولاسەی مەسەلەی كورد)ی لە فەرەنسییەوە كردووە بە كوردی.
سلێمانی، باشیلا جەعفەر